نوسەران

لە سێبەری وەهمەکاندا: فەلسەفەی دەسەڵات و کۆیلایەتی هۆشی جەماوەر

لە سێبەری وەهمەکاندا: فەلسەفەی دەسەڵات و کۆیلایەتی هۆشی جەماوەر

د.ئارام ئەحمەد ✍️باسک نێت

لە هەناوی کۆمەڵگەیەکدا کە وەهم وەک هەوا هەڵدەمژرێت، دەسەڵات بووەتە ئەندازیاری گەورەی هۆشەکان، شێوازکاری مەزنی قەیرانەکان، و داهێنەری نمایشە بەردەوامەکان. ئەوەی ئێمە دەیبینین تەنها سێبەرەکانن، وێنە ڕەنگاوڕەنگەکانن لەسەر دیواری ئەشکەوتی ئەفلاتون، کەچی ڕاستییە تاڵەکان لە پشت پەردەوە چاوەڕێی ئەو ڕۆژەن کە هۆشێکی بێداربوو سەرنجیان بخاتە سەر.

دەسەڵات لە وڵاتی ئێمەدا فەیلەسوفێکی مەککارە کە زۆر باش دەزانێت چۆن لە هونەری واقیع-ئافراندندا سەرکەوتوو بێت. ئەو بە وردی لە سایکۆلۆژیای جەماوەر دەگات و دەزانێت مرۆڤ بە سروشتی خۆی مەیلی بۆ ئەو شتانەیە کە هەستی بجوڵێنن، نەک ئەوانەی عەقڵی بەکار بخەن. هەر بۆیە، پڕۆژەی بەناو “ڕووناکی” نەک هەر بەڕێکەوت، بەڵکو بە ئەندازەیەکی ورد دیزاین کراوە بۆ ئەوەی ببێتە بەرنامەی گفتوگۆی ڕۆژانەی خەڵک، ببێتە ئەو وەهمە گەورەیەی کە سەرجەم هۆشەکان بە دەوریدا خول بخۆنەوە، وەک مێشێک کە بەدەوری گڵۆپێکدا بسوڕێتەوە تا بسووتێت.

نیچە دەیوت، “زۆر جار درۆیەک زۆر جوانترە لە ڕاستییەک”، و لێرەدا دەسەڵات ئەم فەلسەفەیەی تەواو لە کردەوەدا پیادە کردووە. ئەوان درۆیەکی جوانیان خوڵقاندووە کە خەڵک پێی سەرسام دەبێت، بە هەڵهێنانی پەردەی شانۆگەرییەکی نوێ، سیحری چاوی بینەران دەدزن لە ڕاستییە کوشندەکان: پەرلەمانێکی ئیفلیج بوو کە چەندین مانگە بێتوانا لە ئەرکە سەرەکییەکانیدا، حکومەتێک کە وەک خەیاڵێک هێشتا لە قۆناغی تەسەوردایە، موچەیەک کە دەردەکەوێت و ون دەبێت وەک سەرابێک لە بیابانی ژیانی خەڵکدا.

فوکۆ لە تیۆری “بایۆ-پاوەر”دا باس لە چۆنیەتی کۆنترۆڵکردنی جەستە و هۆشی خەڵک دەکات لە لایەن دەسەڵاتەوە. لێرەدا دەبینین چۆن لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا، کاتێک کۆمەڵگا لە دۆخێکی ڕۆحانی و معنەویدایە، دەسەڵات بە ئەنقەست هێرش دەکاتە سەر بنەماکانی باوەڕی خەڵک؛ نەک بۆ ئەوەی گفتوگۆیەکی مەعریفی دروست بێت، بەڵکو بۆ ئەوەی شەڕێکی فیکری دروست بکات کە خەڵک لەناویدا نغرۆ ببن و تەواو لە واقیعی سیاسی و ئابووری دووربکەونەوە.

ئایدیۆلۆژیای سەرمایەداری نوێ وەک ئەوەی جەیمسن باسی دەکات، وا دەکات کە هەموو شتێک ببێتە کاڵا، تەنانەت فیکر و ئەندێشەش. بۆیە، پڕۆژەی “ڕووناکی” لە ڕاستیدا وەبەرهێنانێکی سیاسییە لە سەرمایەی هۆشیی خەڵکدا، چەواشەکردنێکی سیستەماتیکە بۆ ئەو سەرمایە مەعریفییەی کە دەبێت سەرف بکرێت بۆ گەیشتن بە ڕاستییە بنچینەییەکان.

ئادۆرنۆ لە “دیالەکتیکی ڕووناکبیری”دا هۆشداری دەدات کە چۆن عەقڵانیەت خۆی دەبێتە ئامرازێک بۆ چەوساندنەوە؛ لێرەشدا دەبینین خودی چەمکی “ڕووناکی” چۆن بووەتە پڕۆژەیەک بۆ تاریککردنەوەی هۆشی کۆمەڵگا. دیدگای پشتپەردەی ئەوان ئەوەیە کە بە ناوی ڕووناکییەوە، تاریکترین ئارەزووەکانی دەسەڵات جێبەجێ دەکرێن.

خۆزگە ئەو میللەتەی کە دەیەوێت براوە بێت، تێبگات کە براوەبوون لە خەونبینین دانییە، وەک ئەوەی لە درووشمە سیاسییە کڵێشەییەکاندا دەوترێت. ئەرستۆ دەیوت “مرۆڤ حەیوانێکی سیاسییە”؛ واتە بوونێکی کۆمەڵایەتییە کە دەبێت بەشداری بکات، دەبێت بپرسێت، دەبێت ڕەخنە بگرێت. خەوتن لە دنیای سیاسەتدا، بە واتای مردنی مەعنەوییە، مردنی ڕەوشتییە، مردنی مەسئولیەتە.

ئازادی، وەک هێگڵ دەیڵێت، تەنها لە دەرککردنی پێویستییەکاندا دێتە دی. ئەو میللەتەی ئەمڕۆ بێدەنگە، بەیانی دەگریێت؛ چونکە ئازادی ڕاستەقینە بەرهەمی خەباتی بەردەوامە، نەک دۆخێکی پاسیڤ کە تێیدا سەیری شانۆکانی دەسەڵات دەکەین و چەپڵە لێدەدەین. میللەتی موستەحەق، میللەتێکە کە هۆشی خۆی بۆ خۆی بەکار دەهێنێت، نەک بۆ ئەوەی بە دەستی ئەندازیارانی وەهم ئاڕاستە بکرێت.

لە کۆتاییدا، ساحیری ئەم وەهمە مەزنە تەنها لە یەک شتەوە دەترسێت: لە بێداربوونی بەکۆمەڵی هۆشی گشتی. ئەو ڕۆژەی کە پەردەکان هەڵدەدرێنەوە و خەڵک تێدەگەن کە هەموو ئەو شانۆگەریانە تەنها بۆ ئەوە بوون ڕێگری بکەن لە دیتنی حەقیقەتە ناشیرینەکان. ئێمە، وەک میللەتێک، پێویستمان بە بێداربوونەوەیەکی مێژووییە، تێگەیشتنێکی قووڵ لەوەی کە چۆن دەسەڵات خەریکی چاندنی تۆوی وەهمە لە کێڵگەی هۆشمان.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close