نوسەران

بزووتنەوەی ئیسلامیی شانازیی ناو و ناوەڕۆك

✍️ئاری عەبدولەتیف✍️باسک نێت

یەكێك لە شانازییەكانی ئیسلام بە ئاشكرا بانگەشەكردنیەتی و سڵنەكردنەوەیە لە تەواوی دونیا و ھەر سازش و توكنەرمییەك لە بەرامبەر ھەر جۆرە شەرمێك بێ تەڕاجوع.
وەك دەوترێت بانگی محەممەد بە ئاشكرا خۆشە، بە دەنگی بەرز ئیمانداریی و ئیسلامسازیی ڕیجالی خۆی دەوێت، لە یەكەمین دەركەوتەی ھاتنی ئەم ئاینە ئاسمانییە و دەورانی مەككە و دواتر مەدینە و پاشان قۆناغە جیاوازەكانی ئیسلامەتیدا، نەبووە ساتەوەختێك موسڵمانێك سڵ بكاتەوە لە ناو و شوناس و بە سەربەرزیی و بێ ترس بانگەشە و بانگەواز و جیھاد و ڕێی كاروانی بە جەستە و ڕۆح و زمان ئاوەدان كردۆتەوە.


دەورانی ئەمڕۆی پاش چواردە سەدە زیاتر لە شكۆی ئەم سەربڵندییە، ھێشتا ماون موسڵمانگەلێك، گروپ و ڕێكخراوێك، بزووتنەوەیەك، جگە لە ڕەزامەندیی خوا، سڵ لە ھیچ بەربەست و سەركۆنەكردن و شەرمنییەك ناكەنەوە و ناو و ناوەڕۆك وەك یەك بە پاكێج و دوانەی شكۆمەندیی پێكەوە گرێیانداوە و دانەنیشتون بە دڵ و دڵخوازی ڕەشایی گەمژە و خەڵكی لەبلەبان و مونافیق بكەنەوە و خۆیان بگونجێنن لەگەڵ فاكتی تاڵ و واقیعی سەپێنراوی دەستی لائیكی ڕۆژگار.


ناكرێت لەبەر ئەوەی پێت بڵێن نوێ و نوێخواز و مەدەنیی و پێشكەوتوو، ناوێكی پیرۆز لە ناوەڕۆكێكی پیرۆز دابماڵیت، لە ئیسلامدا پرەنسیپ ھەیە، لە كاری ئیسلامیدا بە دەنگی بەرز نەك بانگەشە بیركردنەوە ھەیە، باشترین و جوانترین ناو لەم پەیامە گەردونییەدا بۆ مرۆڤ ئەو وشەیەیە كە پێشگری عەبد و عەبدایەتیی ھەڵگرتووە بۆ خودا و ناوە پیرۆزەكانی، (أحب الأسماء إلى الله، عبدالله و عبدالرحمن)، چجای ناوی ڕێكخراوێك كە بیەوێت بە ھەزاران مرۆڤی موسڵمان كاروانی ئەو ئیسلامە وەگەڕ بخاتەوە لەم سەردەمە ناشرین و دینفرۆشییەدا.


بزووتنەوەی ئیسلامیی، ئەو حیزبە ئیسلامییە نەترس و بێ سازشەیە لە سەرەتای دروستبوونییەوە تا ئەمڕۆ، بە ناوی ئیسلامەوە و بۆ ئیسلام و چاكەی گشتیی، كاری خۆی دەكات و باری قورسی ئەو پەیامەشی ھەڵگرتووە و مادەم ھەڵگری ئەو ناوە ئیسلامییەشە ئامادەیە خۆی نەبوێرێت لە ستەمی ستەمكار و لۆمەی لۆمەكار و ھەرگیز نەشیویستووە جگە لە ئیسلام لەژێر ناوی تردا بانگەشە بۆ ئیسلام بكات، بۆیە شانازیی ناو و ناوەڕۆك میداڵی سەر سنگیەتی و ھەر خۆیشی دوا ھەڵگری ناو و ناوەڕۆكی (الفرقة الناجية)یە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close