
پێشوازییەکەی شەرع لەبارزانی چی لێ دەخوێنرێتەوە؟
کامیل محمود
ئەمڕۆ ئەحمەد شەرعی سەرۆکی سوریا لەکۆشکی گەل پێشوازی کرد لە نێچیرەوان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پرۆتۆکۆلی پێشوازییەکە بەهەموو واتایەک جێگای سەرنج بوو:
١- شێوەی پێشوازییەکەو چوونەدەرەوەی شەرع لەهۆڵی پێشوازی و هاوڕێیەتیکردنی لەسەر فەرشی سوور تا هۆڵی دانیشتن.
٢- دانانی ئاڵای کوردستان هاوشانی ئاڵای سوریا بەو قەوارە گەورەو بەرزە لەسەر ڕێگای پێشوازی و لەناو هۆڵی دانیشتن لەپشتەوەی هەردوو سەرۆک!.
٣- شوێنی دانیشتنی هەردوو سەرۆک بەتەنیشت یەکەوە وەک دوو هاوتا.
٤- ڕیزی وەزیرو پێشوازیکەران لە سەرۆکی هەرێم.
٥- دەنگپێدانەوەی سەردان و مەراسیمی پێشوازییەکە لەلایەن میدیای سوریاوە.
٦- زمانی جەستەی شەرع و بزەو بایەخی بە میوانەکەی.
هەموو ئەمانەی لەکۆی پێشوازییەکەدا بەدی کران لە هیچ سەردان و کۆبوونەوەیەکی بەرپرسە باڵاکانی هەرێمدا بۆ وڵاتانیتر بەدی نەکراوە، ئەوەی بینرا پرۆتۆکۆلی پێشوازییە لەسەرۆکی دەوڵەت نەک سەرۆکی هەرێمێک کە دواجار دەکاتە بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتی عێراق نەک سەرۆکی وڵات.
ئەم دیمەنانە هەندێ ئاماژەی لێ وەردەگیرێت بۆ ئەوەی کە پێشبینی دەکرێت لەئاییندەدا ڕوو بدات!.
ناوچەکە بە چەندین ئاڵۆزیدا تێدەپەڕێت و تا ئێستا دیار نییە لەکوێدا ڕادەوەستێت و دۆخێکیتری درێژخایەن دەخوڵقێت لەدەرەنجامی داڕشتنەوەی هاوکێشەکان و درووستکردنەوەی هاوسەنگیتر لەگۆڕەپانەکەدا.
ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە ئەوەی دەیبینین ئاماژەی خراپی بۆ ئاییندەی دۆزەکەی ئێمە تیادا نییە، بەپێچەوانەوە سەرەڕای ئاڵۆزی نێوماڵی کورد و بێباکی و ڕەفتاری نابەرپرسانەی سەرانی بزووتنەوەی کوردایەتی بەڵام دۆخە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکە لەبەرژەوەندی کوردە و ئەم دیدارو پێشوازییە گەرمانەی ئەحمەد شەرع کە سەرۆکی دەوڵەتێکی پەیوەندیدارە بە دۆزی کوردەوە لە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان ئەمەی لێ دەخوێنرێتەوە.
پێشتریش لەئەنقەرە ئەحمەد شەرع لەکۆبوونەوەی لەگەڵ عیرفان عەلی عبدولعەزیز ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕاشکاوانە سەرۆکی سوریا پێداگری خۆی بۆ چارەسەری دۆزی کورد و بایەخی هەرێمی کوردستان دووپات کردبوویەوە، لای ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامی جەختی لەسەر ئەوەش کردبوویەوە کە سوریای نوێ لەسەر بنەمای شەراکەت و مافی هاوڵاتیبوونی یەکسان بنیات دەنێینەوەو کۆتایی بەو هەموو زوڵمە دەهێنین لەڕابردوودا دوچاری گەلی کورد بووە.
هەموو ئەو پێشهات و پێدراوانە پێمان دەڵێت هێشتا کورد دەرفەتەکانی لەدەست نەچووەو لەداڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی نوێی ناوچەکەدا کورد پشکی دەبێ ئەگەر خۆی هەبێت و کۆتایی بەو پاشاگەردانییە بهێنێت کە لەنێو ماڵی خۆیاندا خوڵقاندوویانە.




