نوسەران

فەلەستینییەکانی کەناری ڕۆژئاوا بێ چەکن و جوولەکە سیڤیلەکان چەکدارن

فەلەستینییەکانی کەناری ڕۆژئاوا بێ چەکن و جوولەکە سیڤیلەکان چەکدارن


✍️خالد ڕەنجدەر✍️باسک نێت


ئەمریکا زۆر باش دەزانێت کە جوولەکە سیڤیلەکانی کەناری رۆژئاوا و قودسی ڕۆژهەڵات دەستدرێژی دەکەنە سەر فەلەستینییەکان. بەڵگەش بۆ ئەوە ئەوەیە کە ئەمریکا لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣دا پێدانی ڤیزەی بەو جوولەکە سیڤیلانە قەدەغەکردووە.


لە دوای تۆفانی ئەقساوە زیاتر لە (٣٦٠) فەلەستینی لە کەناری ڕۆژئاوا و قودسی ڕۆژهەڵات بەدەستی هیزەکانی ئیسرائیل و جوولەکە سیڤیلە چەکدارەکان شەهید کراون.
هەرچەندە فەرەنسا و ئوسترالیا و بەلجیکا و کەنەدا و دانیمارک و ئێرلەندا و لوکسمبێرگ و هۆڵەندا و نەرویج و ئیسپانیا و سوید و سویسرا و بەریتانیا ناڕەزایەتییەکان بەرانبەر دەستدرێژییەکانی ئەو جوولەکە سیڤیلە چەکدارانە دەربڕیوە، بەڵام ئەمریکا تا ئێستا بەردەوامبووە لە ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل و، بەشێک لەو چەکانەش دراون بەو جوولەکانە، بەڵام ئێستا ئەمریکا فرۆشتنی (٢٠) هەزار تفەنگی ئەمریکایی بەئیسرائیل ڕاگرتووە.
گوندەکانی جوولەکە:


ئەو گوندانە بریتین لە کۆمەڵگەی فەرمی و نافەرمی جوولەکە نشین کە لە دوای ساڵی ١٩٦٧ لەسەر خاکی فەلەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا و قودسی ڕۆژهەڵات دروستکراون. ئەو گوندانە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی یاسایی نین لە کاتێکدا ئەمریکا و ئیسرائیل پێیانوایە کە ئەو گوندانە لە گەڵ یاسای نێودەوڵەتی دژ نین.


بەپێی ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆی ساڵی ١٩٩٣ ئیسرائیل ناچار کرا کە دروستکردنی ئەو گوندانە ڕابگرێت، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧دا دەستی بەدروستکردنیان کردووەتەوە و، ئیسرائیل هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکات لە کارەبا و ئاو و تەندروستی و، سوپای ئیسرائیلیش پارێزگارییان دەکات.
لەو گوندانەدا نزیکەی (٧٠٠) هەزار جوولەکە دەژین لە کاتێکدا ساڵی ١٩٩٣ ژمارەیان ٢٨٠ کەس بوون و، لە ساڵی ٢٠١٩دا ژمارەیان ٦٣٠ هەزار کەس بووە.


جوولەکە توندڕەوەکان کێن؟
جوولەکەی ئەو گوندانە بەسەر دوو پۆلدا دابەشبوون، یەکەمیان ئایدۆلۆژیای دینییان هەیە و، پێیانوایە گەڕاونەتەوە بۆ ئەو خاکەی تەورات پێی داون. دووەمیان ئەو جوولەکانەن کە هاوردە کراون و مۆڵەتیان پێدراوە و ئیسرائیل پارەداری کردوون.


حاخام “ماهیر کاهانا” دامەزرێنەری بزاڤی جوولەکە ئاینییەکانە و، هەڵوێستەکانی هەمیشە دژی فەلەستیننەکان بووە و، پشتی ڕێکخراوە توندرەوەکانی جوولەکەی گرتووە. تۆمەتبارە بەتێکدانی موڵکی فەلەستینییەکان و ئاژاوە نانەوە و ڕەگەپەرستی.


ئەمریکا وا نیشان دەدات کە نیگەرانە لە فراونبوونی گوندە جوولەکە توندڕەوەکان و، پێیوایە ئەوانە ناهێڵن دەوڵەتێک بۆ فەلەستینییەکان دروستبکرێت و، نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەشێکە لە کێشەکان، بەڵام ئەمریکا وانیشان دەدات کە هیچی پێناکرێت بەرامبەر ئیسرائیل لە کاتێکدا گەورەترین بەخێوکەری ئیسرائیلە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close