
بۆچی ( ئەکادیمیەکان و توێژینەوەکان ) کاریگەریان لەسەر ژیان و کۆمەڵگاو بڕیارەکان نیە ؟
پ . د . سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت
لەم كۆتاییانەدا هەندێک نووسین و توێژینەوەی ئەكادیمیم بەرچاوكەوت كە باس لەو بۆشاییە گەورەیە دەكەن كە حاڵی حازر لەنێوان ئەكادیمییەكان و توێژینەوەكانیان و كەسانی سیاسی و خاوەن بڕیار و دەستڕۆشتوودا دروست بووە چ لە كوردستان ، چ لە عێراق ، چ لە وڵاتانی دەرەوەش! مرۆڤ هەست بە دڵەڕاوکێیەكی قووڵ دەكات لە ئاست ئەو داهاتووە زانستیی و مەعریفییەی كە توێژەرەوان و كەسایەتییە ئەكادیمییەكان بەرهەمی دەهێنن ، من تەنها ژمارە و لێكۆڵینەوەم نەبینیووە ، بەڵكو لەنێو ئەو دێڕە نووسینانەدا كە ئەو نووسەر و ئەكادیمییانە دایانڕشتوون ئەو هاوارە بێ دەنگە شاراوە هەست پێدەكەم كە لەنێو جەرگەی زانكۆكان و ناوەندەكانی توێژینەوەدا بەرز بۆتەوە ! ئەو هاوارەی كە بەردەوام ئەو پرسیارە دەكات : ئەوەی ئەكادیمییەكان و توێژەرەكان دەینوسن تاكەی هیچ ئاسەوارو كاریگەرییەكی نیە؟! ئایا توێژینەوە هیچ سەنگ و قورساییەكی هەیە لە رەنگكردن و داڕشتنەوەی بارودۆخی خەڵك و سیاسەتی وڵاتان ؟! یان نەخێر… ئەو توێژینەوانە تا ئەم ساتەوەختەش لە دەوری ئەڵقەیەكی داخراودا دەسوڕێتەوە ، توێژەر تەنها بۆ خۆی دەنووسێ ، تەنها بۆ خۆی دەخوێنێتەوە ، لەسەر بنەمای چەند پێوەرێك دەڕوات كە هیچ پەیوەندییەكیان بە ژیانی خەڵك و گرفتەكانی كۆمەڵگاوە نیە! من بڕوام وایە ئێمە وەك – توێژەر و ئەكادیمی و ڕووناكبیر – ئێستاكە بێ ئەوەی هەست بەخۆمان بكەین بوینەتە بەشێك لە سیستەمی بەرهەمهێنانی مەعریفەیەكی نەزۆك ، مەعریفەیەكی بێ مانا ، مەعریفەیەكی دوور و دابڕاو لە مەیدان و ئازارەكانی خەڵك! زانكۆكان زۆرجار شانازی بە ڕێژە و ژمارەی ئەو توێژینەوانە دەكەن كە ساڵانە بڵاویان دەكەنەوە ، نەك ئەو توێژینەوانەی گۆڕانكاریی لە ژیانی گشتی و كۆمەڵگادا دەهێننە کایەوە ، ئەوەندەی گرنگی بە یاسا و ڕێسا و پێوەرە زانستییە ڕواڵەتیەكان دەدەن ، گرنگی بەوە نادەن كە ئایا ئەو نووسین و بیرۆكە پێشنیاركراوانە تا چ ڕادەیەك كاریگەریی و ئاسەواریان لە مەیدان و بواری واقیعدا دروست كردووە ، یان دروستی دەكەن! ئەو پرسیارە جەوهەرییە ون بووە كە دەڵێ : ئێمە بۆچی دەنووسین؟! بۆ كێ دەنووسین؟! ئایا ئێمە بۆ خۆمان دەنووسین، یان بۆ كۆمەڵگاكەمان دەنووسین؟! خاڵێك كە زۆر مرۆڤ غەمبارو بێزار دەكات ئەوەیە : ئەو دابڕانە بە تەنها توێژەر و ئەكادیمییەكانی نەگرتۆتەوە ، بەڵكو بۆ سەراپای كۆمەڵگاش درێژ بۆتەوە ، سیاسییەكان و بڕیاربەدەستەكانیش لە توێژینەوەكان و ئەنجامەكانیان و خاوەنەكانیشیان زۆر دووركەوتوونەتەوە و تەنانەت خۆشیان لێیان بێئاگا كردووە!
ئەمەش وایكردووە ئەو توێژەرانە هیچ باوەڕێكیان بەو نووسین و بەرهەمە ئەكادیمیانە نەبێ كە بڵاویان دەكەنەوە ، ئەو دووری و لێك دابڕانەش بەرە بەرە و زۆر بە هێمنانە بۆتە مایەی هەڕەشەیەكی گەورە بۆ سەر سەنگ و قورسایی و پێگەی خوێندنی باڵاو ناوبانگی توێژینەوە زانستیە ئەكادیمییەكان! ئێستا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە كە ئایا : ئەم هەموو نووسینە ئەكادیمییانە سوود و كەڵكیان چیە؟ كاتێك هیچ ئامادەیی و كاریگەرییەكیان لەسەر كۆمەڵگا و ژیانی ڕۆژانەی خەڵك دروست نەكردووە؟! لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە : هەندێك لەو توێژینەوانە سەرەڕای ئەوەی وزە و كۆشش و توانایەكی زیهنی ئێجگار گەورەیان تێدا بەكارهێنراوە ، بەڵام ڕەتدەكرێنەوە تەنها لەبەرئەوەی بە قاڵب و چوارچێوەیەكی تیۆریی جامیدەوە پابەند نەبوون ، یان لەبەرئەوەی لەگەڵ بایەخ و گرنگی بوارە جیاجیاكانی نوخبە یەكناگرنەوە ، وەك ئەوەی ئێمە مەعریفە بۆ ئاوێنەكانی خۆمان بەرهەم بهێنین ، نەك بۆ جیهانێك كە پێویستی بە كۆمەڵێك چارەسەری كردەیی و واقیعی هەیە ، بۆیە هاوكێشەكە سەقەت بووە و چەندەی توێژینەوەكان كەڵەكە و زۆرتر ببن كاریگەریی و ئاسەواریان كەمتر دەبێتەوە!
من بەپێی ئەوەی لە ژینگەیەكی ئەكادیمیدا كاردەكەم ڕۆژانە هەست بەم تاڵاوییە دەكەم ، دەبینم كۆمەڵێك مامۆستا و كەسانی ئەكادیمی گەورە و پلە باڵا هەوڵ و ماندووبوونێكی گەورە دەخەنەگەڕ لە نووسین و ئامادەكردنی چەندین توێژینەوەی زانستی ناوازە و ورد و هەستیار ، بەڵام بەداخەوە كەس نیە لەدەرەوەی دیوارەكانی زانكۆكاندا بیانخوێنێتەوە! لەلایەكی تریشەوە هەست دەكەم هەندێك كەسانی خاوەن ویژدانی زیندوو لەوانەی لە فەرمانگە حكومییەكاندا كارو خزمەت دەكەن دڵسۆزانە وێڵن بەدوای دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ گرفتە جۆراوجۆرەكانیان ، بەڵام لە دوو توێی توێژینەوە ئەكادیمییەكاندا هیچ جۆرە چارەسەرێكیان دەست ناكەوێت و، پێیان وایە ئەو توێژینەوانە هیچ پەیوەندییەكیان بە مەیدان و بوارە جیاجیاكانی ژیانی خەڵك و واقیعی كۆمەڵگاوە نیە! لەڕاستیدا ئەمە بۆشاییەكی گەورەیە ، بۆشاییەك كە بە مەتر ناپێورێ ، بەڵكو بە ژمارەی هەلە لەدەستدراوەكان ، نەمانی متمانە ، مەعریفەی بێ سوود و بێ كاریگەر دەپێورێ و تەماشا دەكرێ!
لێكۆڵینەوەكان و بەدواداچوونەكان ئاماژە بۆ زۆرێك لە هۆكارەكانی ئەم دابڕانە دەكەن ، لەوانەش : یاساكانی بەخشش و پاداشتكردن كە تەنها (چەندێتی) لەبەرچاو دەگرن و پاداشتی (چۆنایەتی) ناكەن ، ئەمە جگە لەو فشارە زۆرەی بەكاردێت تەنها بۆ پەلەكردن بۆ بڵاوكردنەوە و دابەزاندنی توێژینەوەكە و هیچی تر ، هەروەها قەیرانی (بێ متمانەیی و ڕاستگۆیی) كە بەهۆی هەندێك ڕەفتارو دیاردە و مامەڵەی گوماناوییەوە لەو بوارەدا سەریهەڵداوە!
لەپاڵ ئەو هۆكارانەدا هۆكارێكی تر كە بەبڕوای من هیچی كەمتر نیە لە مەترسی هۆكارەكانی تر ، ئەویش لەدەستدانی حەزو ئارەزوو و هەڵپەی گەڕانە بەدوای دۆزینەوەی وەڵامی پرسیارە گەورەكاندا، چونكە كاتێك توێژەر تەنها وەك (فەرمانبەرێكی بڵاوكردنەوە)ی لێدێ و ، هەموو جۆرە ئارەزوویەكی گەڕان بەشوێن دۆزینەوەی وەڵامی پرسیارە گەورە و گرنگەكان لەدەستدەدات – كە پاڵنەری سەرەكی نووسینی توێژینەوەكەیەتی – ئیتر بەدڵنیاییەوە ئەنجامەكەش وشك و سارد و بێ گیان و بێ كاریگەر دەبێ! ئەڵبەتە سەرەڕای هەموو ئەمانە هێشتا هیواو ئومێد هەر ماوە ، ئێمە ئەگەر ئازایەتی و ئامادەییەكی ڕاستەقینەمان تێدابێ بۆ بەخۆداچوونەوە زۆر بەئاسانی دەتوانین ڕێڕەوەكە ڕاست بكەینەوە ، دەتوانین بەو زمانە بنوسین كە كەسانی دەرەوەی پسپۆڕییەكەشمان لێی تێبگەن ، دەتوانین تێكەڵی كۆمەڵگا ببین و لێی دانەبڕێین ، هەروەها دەتوانین بە ئاسانی سەنگ و قورسایی و كاریگەریی بۆ ڕۆڵی توێژەر بگێڕینەوە وەك (بنیاتنەری شارستانیی)، نەك وەك پارێزەری ئەو تاقانەی كە گۆڤارە ئەكادیمییەكانی تێدا ڕیزكراون!
پێویستە سیاسییەكان و بڕیاربەدەستەكانیش ئەو ڕاستیە بزانن كە توێژەر و بیرمەند و ئەكادیمییەكان تەنها (جوانییەكی مەعریفی) نین و لە ئاهەنگەكاندا بانگهێشت بكرێن و نمایش بكرێن ، بەڵكو ئەوان خەزێنەی عەقڵەكانن و چارەسەری گرفتەكانی ئێمەیان لەلایە ، هەڵگری تێڕوانینە جوان و قوڵ و هاچەرخەكانن بۆ داهاتووی كۆمەڵگە ، وەڵامی پرسیارەكانی ئێمە و گەردوون و مرۆڤایەتیان پێیە!
ئاواتێكی هەرە گەورەی ئێمەیە پشت بەستن بە توێژینەوەكان و لێكۆڵینەوە ئەكادیمییەكان ببێتە بەشێكی ڕەسەن و سەرچاوەیەكی سەرەكی دروستكردنی بڕیارەكان!
گومانی تێدا نیە ئەكادیمییەكان لە توێژینەوەكانیاندا زۆرێك لەبوارە هەستیارو جیاوازەكانی ژیانیان باسكردووە ، هەر لە ئابووری و فێركردنەوە تا دەگاتە تەندروستی و بەڕێوەبردن ، هەر لەگەشەی مرۆییەوە تا دەگاتە وەرچەرخانە كۆمەڵایەتی و دیموكراسییەكان ، توانیویانە چەندین تێڕوانین و بیرۆكەی بەهێزو بەپێزو شیكردنەوەی قوڵ و پێشنیاری پشت ئەستوور بە بەڵگە پێشكەش بكەن . بەڵام بەداخەوە هەموو ئەو ماندووبوون و وزە و بەرهەمە گەورانە تا ئێستاش لەچوارچێوەی كتێبخانەكان و دوو توێی گۆڤارە ئەكادیمییەكان تێپەڕیان نەكردووە.
ئەو بەرهەم و توێژینەوە ئەكادیمیانە نەیانتوانیوە ڕێگا بەرەو ئۆفیسی وەزیرەكان و مێزی مشتومڕو هۆڵی کۆبونەوەکان و دروستكردنی بڕیارەكان بگرنەبەر !!
بەهیوای ئەوەی ئەم ڕابوونە ئەكادیمیە سەرەتای ئاڕاستە و نەهجێكی نوێ بێ كە توێژینەوە تێیدا خزمەتی مرۆڤ و كۆمەڵگا بكات ، زانكۆكان ببنەوە بە سەكۆی بنیاتنانەوەی کۆمەڵگاکان و ئاڕاستەكردنی ژیان ، ، نەك تەنها كۆمەڵە بورجێكی باڵابەرزی بێدەنگ و بێ بەرهەم و بێ گیان ، زانست و مەعریفە سەنگ وقورسایی و شەرەفی ڕابردووی خۆی بۆ بگەڕێتەوە و ڕووناكییەك بێ بۆ ڕێنیشاندان ، نەك تەنها كۆمەڵە دەقێكی پەراوێزخراوی دابڕاوی تۆز لێنیشتووی سووچی كتێبخانە داخراوەكان.