نوسەران

هێزی خووە بچووکەکان لە گۆڕینی ژیاندا

هێزی خووە بچووکەکان لە گۆڕینی ژیاندا

شەپۆل احمد✍️باسک نێت

کاتێک بیر لە گۆڕانکاری لە ژیانماندا دەکەینەوە، زۆربەی جار مێشکمان بەرەو بڕیارە گەورەکان و سەرکەوتنە لەپڕەکان دەچێت؛ وەک ئەوەی گۆڕان تەنها لە شەو و ڕۆژێکدا یان بە هێزێکی لەپڕی ناخۆیی ڕووبدات.
بەڵام ڕاستییە زانستی و ئەزموونییەکە پێمان دەڵێت: ژانی گۆڕانکاری لە بڕیارە گەورەکاندا نییە، بەڵکو لەو بڕیارە بچووکانەشدایە کە ڕۆژانە بە بێدەنگی جێبەجێیان دەکەین.
خوویەکی بچووکی وەک خوێندنەوەی ١٠ لاپەڕە لە ڕۆژێکدا، یان ١٥ خولەک ڕاهێنانی وەرزشی، لە شێوەی دڵۆپە ئاوێک دەچێت کە لەسەر بەردێک دەچۆڕێت؛ لە ڕۆژی یەکەمدا هیچ شوێنەوارێک نابینیت، بەڵام دوای ساڵێک دەبینیت ئەو دڵۆپە ئاوە درزی بەو بەردە بەهێزە بردووە.

ئابوری ناسان دەزانن لە مەنهەجیان دا دەستەواژەیەک هەیە بە ناوی (سود و قازانجی لێکدراو) ئەمە ڕێک لەسەر خووە ڕۆژانەیییەکانیش جێبەجێ دەبێت.

ئەگەر تۆ هەموو ڕۆژێک تەنها ٪١ لە خۆت باشتر تێپەڕێنیت ، دوای ٣٦٥ ڕۆژ، تۆ ٣٧ بەراورد لە پێشترت باشتر و بەهێزتر دەبیت.

١٠ لاپەڕە لە ڕۆژێکدا لەوانەیە لای زۆربەی خەڵک هیچی تێدا نەبێت، بەڵام:
لە مانگێکدا دەکاتە: ٣٠٠ لاپەڕە (واتە یەک پەرتووکی مامناوەند).
لە ساڵێکدا دەکاتە: ٣,٦٥٠ لاپەڕە (واتە دەوڵەمەندکردنی مێشک بە ١٢ تا ١٥ پەرتووکی بەنرخ).
کەسێک کە ساڵانە ١٢ پەرتووک لە بوارەکەی خۆی یان لە گەشەی فیكری و مرۆییدا دەخوێنێتەوە، جیهانبینی، فەرهەنگی وشەکان، و توانای شیکردنەوەی بۆ کێشەکان بە بەراورد بە کەسێکی تر کە هیچ ناخوێنێتەوە، زەوی تا ئاسمان جیاواز دەبێت.

کاتێک تۆ ئامانجێکی زۆر گەورە دیاری دەکەیت (بۆ نموونە کاتێ دەڵێی دەمەوێت ساڵی داهاتوو ببمە ڕاهێنەرێکی گەورە یان دەمەوێت ٥٠ پەرتووک بخوێنمەوە)، مێشک تووشی شۆک و ترس لە شکست دەبێت. ئەم ترسە دەبێتە هۆی دواخستن (Procrastination).
بەڵام کاتێک بە مێشکت دەڵێیت: “تەنها ١٠ لاپەڕە، مێشک هیچ بەرگرییەک ناکات، چونکە ئەرکەکە بەلایەوە زۆر ئاسانە. بەم شێوەیە تۆ بەسەر دیوارە دەروونییەکەدا سەردەکەویت. کاتێکیش دەستپێدەکەیت، زنجیرەی دەمارەکانی مێشک (Neural Pathways) دەست دەکەن بە خۆگونجاندن و ئەم کارە دەبێتە بەشێک لە ناسنامەی تۆ.

کلیلی بەردەوامی ئەو پڕۆسەیە نەبەستنەوەی خووە بە مەزاجەوە
سەرکەوتنی ڕاستەقینە لەوەدا نییە کاتێک ووزەت هەبوو کارەکە بکەیت، بەڵکو لەوەدایە کە خووە بچووکەکە ئەوەندە ئاسان بکەیت کە لە ڕۆژە سارد و بێتاقەتەکانیشدا جێبەجێی بکەیت.
ئەگەر ماندوو بوویت، لەبری ١٠ لاپەڕە، ٥ لاپەڕە بخوێنەوە، بەڵام زنجیرەکە مەپچڕێنە.
زنجیرەنەپچڕاندن جەستە و مێشک ڕادێنێت کە تۆ کەسێکیت بەڵێنەکانی خۆت دەبەیتە سەر.

بۆیە تۆ پێویستت بە شۆڕشێکی گەورە یان هەڵگەڕانەوەی لەپڕی ژیان نییە بۆ ئەوەی ببیتە کەسێکی سەربەرزتر و زاناتر. تەنها پێویستت بە نەرمییەک لە خوو، و توندوتیژییەک لە بەردەوامیدا هەیە. لەمڕۆوە دەست پێبکە؛ دە لاپەڕەی ئەمرۆ، لە بنەڕەتدا بەردی بناغەی ئەو کەسایەتییەیە کە ساڵێک لەمەودوا شانازی پێوە دەکەیت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close