
جەنگی وزە … چین ئامانجە قوڵەکەیە
پ . د . سەعید عەلی محەمەد ✍️باسک نێت
یەکێک لە گرنگترین ئامانجە قوڵ و شاراوەکانی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە جەنگ دژی ئێران بریتیە لە فشارکردن بۆ بڕینی شادەماری وزە لە وڵاتی چین ، دوای ئەوەی واشنتۆن پێشتر توانی یارمەتیە نەوتیەکان لەفەنزوێلاوە بۆ ئەو وڵاتە لاوازو کەم بکاتەوە .
بێ گومان ئەگەر ئەمریکا توانی دەست بەسەر نەوتی ئێراندا بگرێت ، یان ئەگەر توانی ڕێگری بکات لە ڕۆشتنی نەوتەکە بەرەو چین ، لەپاڵ کاریگەری دروست کردن لە سەر ڕەوانەکردنی نەوتی عێراق بەرەو ئەو وڵاتە ، ئەوا ئەمریکا ئەوکات شادەمارە گرنگ و بەهێزەکانی وزەی چین کۆنترۆڵ دەکات .
چین ئێستا ڕێژەی 50 % ی پێداویستیە نەوتیەکانی خۆی لە ئێران و ناوچەی کەنداوەوە دابین دەکات ، ئەگەر هاتوو ئەم ڕێگایانەی لێ قەدەغە بکرێت ، لەپاڵ پاشەکشەکردنی هاوردەی نەوتی فەنزوێلا کە ڕێژەی 7 % ی هاوردەی نەوتی چین پێک دەهێنێت ، ئەوا چین دەکەوێتە گۆشەیەکی سەختەوەو ئەمریکا سەرچاوەکانی وزەی چین ئیفلیج دەکات… دەتوانین بڵێین : شەڕ ئێستا یەخەی ناوچەکەی گرتووە بەڵام قوڵاییە ڕاستەقینەکەی بەرەو چین درێژ بۆتەوە ، هاوکات لەگەڵ لاوازکردن و سنووردارکردنی دەستڕۆشتوویی ئێران لە ناوچەکە لە چوارچێوەی هەمان هاوکێشەدا ..
ئەم ڕاستیە هەریەک لە چین و ئێرانیش هەستیان پێکردووە بۆیە چین هەوڵی دەدات بەچەندین ئامرازی جیاجیا یارمەتی ئێران بدات چ لەڕووی ئابووریەوە بێت یان لەڕووی سەربازیی و تەکنۆلۆژیەوە ، وەک هەوڵێک بۆ گۆڕینی هاوکێشەی ئاڵۆزیەکانی ئێستاو شکست هێنان بە هەوڵەکانی ئەمریکا لەجەنگە ساردەکەیدا دژ بە چین .
ئەم ڕاستیە لە لەرزۆکی ڕێڕەوی گفتوگۆکانی ئیسلام ئاباد و سووربوونی ئێرانیەکان لەسەر هەڵوێستە توندەکانی خۆیان بەڕوونی دەرکەوت ، سەرەڕای ئەو زەبرە کوشندەیەی بەر ژێرخانە ئابووریی و سەربازیی و پیشەسازیەکانیان کەوت ..لەوانەیە لە قۆناغەکانی داهاتوودا ڕووبەڕوو بوونەوەکان شێوازێکی جیاوازتر بگرنە بەرو فراوانتر ببن ، هەروەک چۆن دوور نیە ئاڵۆزیەکان پەرە بسەنن و لایەنی نێودەوڵەتی تریش لە جەنگەکەدا تێوەبگلێن ، بەتایبەت ئەو لایەنانەی کە زەرەرمەند دەبن لەجارێکی تر وێناکردنەوەو داڕشتنەوەی نەخشەو هێڵەکانی وزەدا ، ئەگەر بێتو هەڵوێستی خێراو یەکلاکەرەوە نەگرنەبەر ..
خۆ ئەگەر چین بە شێوەیەکی ئاشکراو بەرفراوان بێتە ناو شەڕەکەوە بۆ بەرگریکردن لە سەرچاوەکانی وزەی خۆی ئەوا ناوچەکەو جیهان توشی تەنگژەیەکی گەورەی بێ وێنە دەبێتەوە چونکە مەعلومە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چیندا وەک ڕوو بەڕوو بوونەوە نیە لەگەڵ ئێران ..وادەردەکەوێ ئەمریکا بیری لەوە نەکردبێتەوە ئاڵۆزیەکان لەوانەیە بەرەو جەنگێکی داچۆڕێنەری دوور مەودا بڕوات ، بەتایبەت دوای سەرەڕۆییەکانی سەرکردایەتیەکی وەک ترەمپ کە نەیارەکانی هەوڵدەدەن وەبەرهێنان لە درێژەدان بە جەنگەکە و داچۆڕاندنی تواناکانی ئەمریکا بکەن و کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕای گشتی ناوخۆ بکەن بەهۆی تێچووەکانی جەنگەکەو هەڵکشانی زیانەکان.
لەم چوارچێوەیەدا باشترین و کاریگەرترین بژاردە —- لە تێڕوانینی ئەمریکا —- دا ڕوخاندنی ڕژێمی ئێرانە ، ئەویش لەڕێی بەئامانجگرتن و کوشتنی سەرکردە باڵاکانی ئەو وڵاتە ئەوانەی کە تائێستا لەژیاندا ماون ، هەروەها نینۆککردنی بریکارەکانی تاران لە عێراق و ناوچەکە ، هاوکات لەگەڵ جوڵاندنی شەقامی ناوخۆی ئێران وەک فاکتەرێک بۆ خێراکردنی پرۆسەی ڕووخاندنەکەو دانانی ئەڵتەرناتیفێکی گونجاوتر لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا ، ڕژێمێکی ئەڵتەرناتیف کە پابەند بێت بە ئاراستەکردنی هەناردە نەوتیەکانی ئێران بەپێی ئەو بەرژەوەندیانە.




