
چۆن ماستەرنامە یان دکتۆرانامە بنووسین؟
🔴لە نوێترین پەرتووکیدا، بەناونیشانی “چۆن ماستەرنامە یان دکتۆرانامە بنووسین”، کە کۆمەڵێک ڕێنمایی و ئامۆژگارین بۆ خوێندکارانی ماستەرو دکتۆرا، دکتۆر سەعید عەلی محەمەد، نووسەر و مامۆستای زانکۆ، هەڵوێست و روونکردنەوەی خۆی بۆ بابەتەکان خستووەتەڕوو.
🔴دکتۆر سەعید دەڵێت، “توێژینەوەی ئەکادیمی یان نامەی زانستی چۆن پێناسە بکەین، پێکهاتەو ڕەگەزە سەرەکیەکانی کامانەن، ڕێکارو هەنگاوەکانی نووسینی نامەی زانستی چین، چۆن دەست پێ بکەین، ناونیشان و بابەتی توێژینەوە چۆن دیاری بکەین، ئاسانکاریەکان کامانەن، چۆن چارەسەری ڕێگریەکان بکەین و بەربەستەکان نەهێڵین، چۆن خۆمان بۆ گفتوگۆی ماستەرنامەو دکتۆرانامەکانمان ئامادە بکەین، چۆن سەرنجی ئەندامانی لیژنەی گفتوگۆ بۆ لای خۆمان و توێژینەوەکەمان ڕابکێشی؟
🔴”توێژینەوەی زانستیەکان لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا لە چ گرفت و قەیرانێکدان؟ ئەو ئافەتانە کامانەن کە گفتۆگۆکانی ماستەرنامەو دکتۆرانامەکان پێیانەوە دەناڵێن؟”. بۆ زانین و ئاشنابوون بەم پرس و بابەتانە، دەستکەوتنی وەڵامی پرسیارە پەیوەندیدارەکان، هەوڵ بدەن ئەم کتێبە بخوێننەوە.




