
شیعەكان بوون بە سێ بەشەوەو ململانێ لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیران بەردەوامە
باسک نێت
پەرلەمانتار مورتەزا ئیبراهیمی، لە رەوتی حیکمە، دەڵێت: نەخشەیەکی نوێی هاوپەیمانییەکانی لە چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆک وەزیران هاتووەتە ئاراوەو چوارچێوەکە بەسەر سێ بەرەدا دابەشبوون.
ئیبراهیمی، لە چاوپێكەوانێكی تەلەفیزیۆنیدا وتی: لایەنێكیان پشتیوانی محەمەد شیاع سودانی دەکات، کە بریتین لە عەمار حەکیم، قەیس خەزعەلی، هادی عامری، ئەحمەد ئەسەدی، و ئەبو ئالائی وەلائی، جگە لە فراكسیۆنی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان خۆی. لایەنی دووەمیشیان، پشتگیری مالیکی دەکات، كە بریتین لە: حزبی دەعوە، موحسین مەندەلاوی و هومام حەمودی.
لایەنی سێیەمیش بریتین لە بێلایەنەكان: دەنگی ئەمان کاندیدی فەرمی چوارچێوەی هەماهەنگی یەكلادەكاتەوە، کە لە حزبی فەزیلە، عامر ئەلفایز و حەیدەر عەبادی پێکهاتوون.
راشیگەیاندووە: جیاوازی بیروڕا لە چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت کاندیدی سەرۆک وەزیران، بووەتە هۆی ئەوەی کۆبونەوەكە بۆ رۆژی شەممەی داهاتوو دوابخرێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، عەقیل فەتلاوی، وتەبێژی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، رایگەیاندووە: نوری مالیکی کاندیدی فەرمی چوارچێوەی هەماهەنگییە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، بە توندی ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە باس لەوە دەکەن ماليكى لە بەرژەوەندی باسم بەدری کشاوەتەوە.
لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە دووجار كۆبونەوەی چوارچێوەیەی هەماهەنگی دواخراوە، بەهۆی ناكۆكییەكانی لەسەر یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران، پێشتر لایەنە شیعییەكان كورديان بەهۆكاری چەقبەستنی سیاسی و یەكلانەكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران تۆمەتبار دەكرد، بەهۆی هەڵنەبژارنی سەرۆك كۆمار كە بووەتە بەربەست لەبەردەم دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران.




