نوسەران

ئابی ٢٠٠٣ ڕابەرێك لە دڵی ئاگردا ،به‌ پێنوسی ئاری عبدوله‌تیف

ئابی ٢٠٠٣ ڕابەرێك لە دڵی ئاگردا
ھەلومەرجێكی نالەبار باس دەكەم، سەردەمی دەستگیركردن و ڕفاندنی ڕابەری حیزبێكی ئیسلامیی كوردیی لە لایەن ئەمریكاوە.
دووی ئابی ٢٠٠٣ ھێزێكی ئاسمانیی و زەمینیی، بە فڕۆكە و پاڵپشت بە چەندین سەرباز و ئۆتۆمبێلی تایبەت و ھاوكاریی بەرچاوڕۆشنكەر، گەشتنە ھەڵەبجە و ھەڵدەكوتنە سەر ماڵی تایبەتی (م. مەلا عەلی عەبدولعەزیز) ڕابەری ئەوكاتی بزووتنەوەی ئیسلامیی و بێ گوێدان بە ھیچ بنەمایەكی مرۆیی و یاسایی، ڕابەری گشتیی و پۆلێكی یانزە كەسیی لە پاسەوانانی و برای گەورەی ڕابەر (م. مەلا عومەر) و چەند كەسێكی تر دەستگیر دەكەن و دەیانفڕێنن.
ئەم پرۆسە ڕەشبگیرییەی ھێزەكانی ئەمریكا، بێ ھیچ بەلگەیەك لەسەر ڕابەر و ھاوەڵانی، بۆ ئەوكات و ئێستاش مایەی شكست و نائاكاریی ئەو دەوڵەتەیە و پیشاندانی ڕووی ڕاستیی زلھێزێكە كە لە پەسێوی دێموكراسیەتدا، ئامادەیە حەیای كۆی مرۆڤایەتیی ببات.
ئەم پرۆسە ڕەشبگیرییە، دەرخەری ئەو ڕاستییەش بوو كە بزووتنەوەی ئیسلامیی و بە تایبەت ڕابەرەكەی، پاك و بۆ خوا سوڵحاو بوون و ھیچ كات ئامادە نەبوون سازش بكەن لەسەر بنەما نەگۆڕەكانی ئیسلام و فیگەرێكیشە بۆ دووریی ڕابەر و ئەم حەرەكە ئیسلامییە لە ھەر ھەڵە و سیخوڕییەك بۆ ھیچ لایەك و دەرخەری ئەوەیە كە پیاوی خۆیانن و لەگەڵ ئاین و فكر و تەنانەت نەتەوە و خاكەكەشیاندا ڕاستگۆن.
لە ڕاستیدا ئەم ڕەفتارەی ئەمریكا، خراپترین ڕەفتار بوو لە بەرامبەر مەزنەپیاوێكی شەرعیی و بزووتنەوەیەكی ئیسلامخواز و نەتەوەدۆستدا، ھەرچەندە گەورەیی بزووتنەوە و مامۆستای ڕابەریشی دەردەخست كە دەوڵەتێك لە جوڵەی پیاوێك دەترسێت، دەنا بەم چەشنە ئیختیتاف ناكرێت بە فڕۆكە و بۆ شوێنی نادیار نابرێت.
ھەرچی بێت ڕویدا، ئەو ڕوداوەی كە ڕابەر و حیزبەكەی ھێندەی تر بەھێز و خۆشەویستتر كرد لای خەڵكی كوردستان و پاش ئازادكردنیشیان بە زەبری بێ لەكەیی و پاكیی و بێ مەلەفیی، حوزن و تەریقبوونەوە و پەشیمانیی مایەوە بۆ ھاوكار و سیخوڕان و ئەوانەی بەم عەمەلییە ئابڕوبەرانە شاد و بە كەیف بوون.
بەندە لە ھەولێر بووم، ئەوكات كە ھەواڵەكەم بیست، لە چەند ڕۆژێكدا كتێبێكم لەسەر ڕابەر نووسی و جگە لەوەی ئەوكات لە ڕادیۆی دەنگی ئیسلام و تەلەفزیۆن خوێندمەوە، بە ھاوكاریی بەڕێزان (كەمال شێخ نوری و كەمال زراری) و چەند كادرێكی دڵسۆز لەسەر ئەركی تەلەفزیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامیی كەناڵی ھەولێر، بەچاپ گەشت.
كتێبەكە بۆ ئەوكات ھێزی بەرەنگاریی و ورە بوو بۆ خەڵك و دلسۆزان و پێشمەرگە و بزووتنەوەی ئیسلامیی، فشاری شەقام و ئەدەبی بەرزیش بوو دژی ئەم بەدكارییەی زلھێزێك لە بەرامبەر بزووتنەوەیەك و كۆمەڵێك موسڵماندا ئەنجامی دەدات.
لە بیرەوەری (١٧) ساڵ تێپەڕین بەسەر ئەو بەدڕەفتارییەدا، سەر بە تاجی شكۆوە نەوی دەكەم بۆ ڕۆحی ڕابەر و مامۆستا مەلا عومەر و ئەو ئازیزانەی لە ژیاندا نەماون و ڕێز و ئەمەكیشم بۆ ھاوەڵانی پاسەوان كە سەربەرزانە بە ئێستەشەوە درێژە بە خەبات و خوێنھەژان دەدەن لە دەمارەكانی بزووتنەوەی ئیسلامیدا.
ئاری عەبدولەتیف
٢٠٢٠/٨/٣

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close