
گێژاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، چۆن سەرکێشییەکانی ناتانیاهۆ ستراتیژییە گەورەکانی ئەمریکای خستووەتە مەترسییەوە؟
یەحیا کامیل ✍️باسک نێت
لێکۆڵینەوەی قووڵ لە پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەم چەند ساڵەی دواییدا، ئەو ڕاستییە دەردەخات کە سیاسەتە توندڕەو و زیادەڕەوییەکانی بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هەمیشە سەرچاوەی قەیران و نیگەرانییەکی گەورە بوون بۆ ئیدارە یەک لەدوای یەکەکانی کۆشکی سپی. ئەم نیگەرانییە بەتایبەتی لە سەردەمی ئیدارەی جۆ بایدندا گەیشتە ترۆپک، بەدیاریکراویش کاتێک ناتانیاهۆ بێ گوێدانە هۆشدارییەکانی واشنتۆن، بڕیاری هێرشکردنە سەر کەمپی ڕەفەحی لە کەرتی غەززە جێبەجێ کرد. ئەم پەیوەندییە گرژەم بە زەقی لە کتێبی “جەنگ” (War)ـی ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئەمریکی، بۆب وودوارد،خوێندەوە . وودوارد کە بە یەکێک لە باوەڕپێکراوترین و کاریگەرترین ڕۆژنامەنووسەکانی مێژووی ئەمریکا دادەنرێت و خاوەنی توانایەکی بێوێنەیە بۆ گەیشتن بە زانیارییە نهێنییەکانی بەرپرسە باڵاکانی کۆشکی سپی، پێشینەیەکی مێژوویی هەیە لە گۆڕینی ئاراستەی سیاسەتی ئەمریکادا؛ ئەو لە ڕابردوودا بە ئاشکراکردنی ئابڕووچوونەکەی “واتەرگەیت” بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی ڕیچارد نیکسۆن پێش ئەوەی لەلایەن کۆنگرێسەوە لێپرسینەوەی (ئیمپیچمێنت) لێ بکرێت. لە کتێبەکەیدا، وودوارد بە وردی باس لە تووڕەیی بایدن دەکات بەرامبەر بێباکی ناتانیاهۆ و دەگێڕێتەوە کە چۆن بایدن بە ئاشکرا و بە توندی پێی وتووە “تۆ هیچ ستراتیژییەکەت نییە”، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئیسرائیل بەردەوامی بە هێرشەکە دا.
ئەم سەرکێشییانەی ناتانیاهۆ تەنیا لە سەردەمی بایدندا قەتیس نەمان، بەڵکو ئێستا کە دۆناڵد ترەمپ جارێکی تر گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، هەمان سیناریۆ بە شێوەیەکی فراوانتر لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا دووبارە دەبێتەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی سەرچاوەی “ئاکسیۆس” (Axios)، ئیدارەی ترەمپ زۆر نیگەران و سەرسامە بە قەبارەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر دەیان پێگە و ژێرخانی وزە و پاڵاوگە نەوتییەکانی ئێران، تا ئەو ڕادەیەی کۆشکی سپی پەیامێکی پڕ لە سەرسوڕمان و تووڕەیی ئاراستەی تەلئەبیب کردووە. ئەمریکا پێی وایە ئەم جۆرە هێرشانە نەک تەنیا دەبنە هۆی مەترسیی پەکخستنی جووڵەی بازرگانی لە گەرووی هورمز، بەڵکو قەیرانی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان قووڵتر دەکەنەوە و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئابووریی ناوخۆی ئەمریکا هەیە. بەپێی نوێترین داتاکانی کۆمەڵەی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی (AAA)، نرخی بەنزین لە ناوخۆی ئەمریکا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە؛ تێکڕای نرخی یەک گاڵۆن بەنزین گەیشتووەتە زیاتر لە ٣.٥٤ دۆلار، لەکاتێکدا لە هەندێک ویلایەتی وەک کالیفۆرنیا نرخی یەک گاڵۆن ٥ دۆلاری تێپەڕاندووە. ئەم بەرز بوونەوەیە تەنها لە بەنزیندا ناوەستێت، بەڵک دەبێتەوە هۆی تێچوونی کرێ گواستنەوەی کاڵا، بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان و فشار خستنەسەر بانکی ناوەندی ئەمریکا بۆ بەرزکردنەوەی سووی بانقی بەئاستێکی نائاسایی ، کە دواجار کێشەی گرانبوونی کاڵا بە بەرزکردنەوەی ڕێژەی بێکاری دەکرێت چارەسەر بکرێت !. ئەم هەڵاوسانە لە نرخی وزەدا، بووەتە هۆی دروستبوونی فشارێکی گەورە لەسەر ئیدارەی ئەمریکا کە نیگەرانە لەوەی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی ناڕەزایەتیی ناوخۆیی لێ بکەوێتەوە.
لەسەر ئاستی ناوخۆی ئیسرائیل، شیکارییە سیاسییەکان دەریدەخەن کە بەشێکی زۆری ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەی ناتانیاهۆ دروستی کردووە، پاڵنەرێکی تەواو کەسی و هەڵبژاردنی لەپشتەوەیە. ئامانجی سەرەکیی ناتانیاهۆ ئەوەیە کە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئیسرائیلدا سەرکەوتن بەسەر سێ ڕکابەرە سەرسەختەکەیدا (بێنی گانتس، یائیر لاپید، و نەفتالی بێنێت) بەدەست بهێنێت. نەتەنیاهۆ لە نێوان دوو بەرداشدایە: لە لایەک فشاری جەماوەریی گانتز لەبەرەی ئۆپۆزسیۆن کە بەپێی دواین ڕاپرسیەکان پاڵپشتی جەماوەری زیاتر لە نەتانیاهۆ هەیە وە لە لایەکی تر مەترسیی ڕاستڕەویی نەفتالی بێنێت. لەم دواییانەدا نەفتالی بێنێت لە ڕاپرسییەکاندا لە گانتز نزیک بووەتەوە و وەک “پیاوی کاتە سەختەکان” دەردەکەوێت. لە ئێستادا، هاوپەیمانییەکەی ناتانیاهۆ لەگەڵ پارتە توندڕەوەکانی وەک پارتی زایۆنیزمی ئاینی و پارتی هێزی جوولەکەیە بە سەرۆکایەتی ئیتامار بن گڤیر و بێزالێل سمۆتریچ، کە خاوەنی زۆرینەی ٦٤ کورسین لە کۆی ١٢٠ کورسیی کنێست(ئەنجومەنی نوێنەران). بەڵام بەپێی دوایین ڕاپرسییەکان، پێگەی ئەم هاوپەیمانییە ڕاستڕەوە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە بۆ تەنیا ٤٠ بۆ ٤٥ کورسی، لەکاتێکدا بەرەی ئۆپۆزیسیۆن پێشبینی دەکرێت زۆرینە بەدەست بهێنێت و بێنی گانتس وەک بەهێزترین کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دەردەکەوێت. لەبەر ئەم هۆکارە، ناتانیاهۆ نیازی وایە بە بەکارهێنانی پاڵپشتیی سەربازیی ئەمریکا، لە ماوەیەکی کورتخایەندا ڕژێمی ئێران بڕوخێنێت یان لاوازی بکات، بۆ ئەوەی بەو “دەسکەوتە ئەمنییە گەورەیە”وە بڕواتە ناو هەڵبژاردنەوە کە ئەگەر زۆرە پێش بخرێت بۆ ئەمساڵ.لەم چوارچێوەیەدا، ئەو گوتارەی کە لە سەرەتای جەنگەکەدا ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ هاندانی “ڕاپەڕینی ناوخۆیی” لە ئێران بەکاریان دەهێنا، ئێستا نەک هەر کاڵبووەتەوە، بەڵکو بەتەواوی پێچەوانە بووەتەوە. پارادۆکسی گەورە ئەوەیە؛ لەکاتێکدا ئەوان چاوەڕێی تێکشانی ناوخۆیی تاران بوون، ئێستا تڕەمپ و نەتانیاهۆ ڕووبەڕووی پاشەکشەی توندی پێگەی جەماوەری و هەڵبژاردن بوونەتەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و داڕمانی کورسییەکانی هاوپەیمانیی ڕاستڕەوی ئیسرائیل لە ڕاپرسییەکاندا، دەریدەخەن کە سەرکێشییە سەربازییەکان پێگەی سیاسیی خودی ئەو سەرکردانەی لەناو ماڵەکەی خۆیاندا هەژاندووە، نەک ڕژێمە نەیارەکەیان.»لەلایەکی دیکەوە، کاتێک لە گۆشەنیگای ستراتیژیی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاوە سەیری ئەم دۆخە دەکەین، تێدەگەین کە ڕەفتارەکانی ئیسرائیل چەندە پێچەوانەی بەرژەوەندییە باڵاکانی واشنتۆنن. کۆشکی سپی لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا ستراتیژییەکی نوێی ئاسایشی نیشتمانیی بۆ چوار ساڵی داهاتوو لە ٣٩ لاپەڕەدا بڵاوکردەوە کە من هەموویم خوێندەوە . بەگوێرەی ئەو ستراتیژە، ئەمریکا دەبوو بەشێوەیەکی پلەبەپلە لە ململانێ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووربکەوێتەوە و سەرنجەکانی زیاتر بگەڕێنێتەوە بۆ “حەوشەی پشتەوە”ی خۆی لە کیشوەری ئەمریکای لاتین. ئامانجی سەرەکیی ئەم گۆڕانکارییە، ڕێگریکردنە لە هەژموونی خێرای چین کە دەیەوێت ئەجێندا ئابوورییەکانی خۆی بگەینێتە ئەو نیوەگۆیەی زەوی و قۆرخی سەرچاوەکانی وزە بکات. یەکەمین هەنگاوی پڕاکتیکیی ئەم ستراتیژییەش بینرا کاتێک ئەمریکا کاریگەریی هەبوو لە لادانی سەرۆکی ڤەنزوێلا بۆ سنووردارکردنی نفوزی ڕووسیا و چین، و ئەگەر ئیسرائیل ئەمریکای پەلکێشی ناو جەنگێکی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەکردایەتەوە، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە کوباش دەخرایە بەردەم هەمان سیناریۆی گۆڕانکاریی ڤەنزوێلا.
بەڵام پێویستە لە گۆشەیەکی دیکەشەوە خوێندنەوە بۆ ستراتیژیی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانیی ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ بکرێت. کاتێک ترەمپ باس لەوە دەکات کە سەرنجەکانی سیاسەتی دەرەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەگوازێتەوە، مانای ئەوەیە کە تەنیا “ستراتیژی سەربازیی زەمینی” دەگوازێتەوە، نەک کشانەوەی تەواوەتیی هەژموونی سەربازی. لەبەرامبەردا، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پاراستنی بوونی خۆی لە ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەم ڕاستییەم بە ڕوونی لە داتاکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی “ئاکلید” (ACLED) کە تایبەتە بە شیکاریی داتای جەنگ و قەیرانە ئەمنییەکان، خوێندەوە ؛ بەپێی داتاکان، دۆناڵد ترەمپ سەرەڕای هەموو ئەو بانگەشانەی کە بۆ ئاشتی و کۆتاییهێنان بە جەنگەکان دەیکات، تەنیا لە یەکەمین ساڵی دەستبەکاربوونی سەرۆکایەتییەکەیدا، هێندەی تەواوی چوار ساڵی ئیدارەکەی بایدن فەرمانی بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی دەرکردووە.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین، بە هەموو پێوەرە سیاسی و ئابوورییەکان، بەردەوامیی ئەم جەنگە هەرچەندە باجی قورس و وێرانکەری بۆ سەر ئێران و ڕژێمەکەی هەیە، بەڵام بە هەمان شێوەش لەسەر ئاستی خەرجییە داراییەکان و لەدەستدانی پێگەی دیپلۆماسی، باجێکی یەکجار قورس لەسەر شانی ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جێدەهێڵێت و پرۆسەی جێبەجێکردنی ستراتیژییە جیهانییەکانی واشنتۆنی بەتەواوی پەکخستووە.




