نوسەران

مەرجەعی غیرەت م. مەلا عەلی عەبدولعەزیز)، ڕابەرێكی سومبولیی

ئەمڕۆ (٢٠٢٤/٣/١٧)، (١٧) ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر كۆچی دوایی ڕابەر و مەرجەعێكی باڵای سیاسیی و سەربازیی ئیسلامیی كورد، ئەو پیاوەی جگە لەوەی نەوەی ئالوبەیتێكی ئاینیی و زانستیی بوو، بە پیاوە بە غیرەت و تێكۆشەر و نەترسەكە ناسراو بوو، سەرباری ھەوڵ و خەبات و جیھادی دەیان ساڵەی دژ بە ستەمكاریی بەعس و ڕزگاریی خەڵك و خاكی كوردستان.

كەم ڕابەر لە مێژووی كورددا ھەبوون كە لە یەك كاتدا، چەندین خەسڵەت كۆببنەوە تێیاندا، لە یەك كاتدا ھەم سیاسیی و ھەم سەرباریی و ھەم كۆمەڵایەتیی و ھەم مەلا و ئیمام و خەتیب، بانگخواز و موجاھید، نەرم و لە ھەمان كات ڕەق دژی زوڵم و ستەم و چەوسانەوە، سەربڵند و نەچەماو لەبەردەم دەسەڵات و حكومەتی تۆتالیتاریزمی عێراقی ڕابردوو، خاوەن توانستێكی گەورەی رێكخراوەیی بۆ جەموجۆركردنی ھەزاران پێشمەرگە و كادر و ئەندام لە یەك حیزبدا.

ورە و ئازایەتیی و حساب نەكردن بۆ نەیار، بەرزترین شەھادەی ئەم ڕابەرە بوو، ھەر بۆیە دەكرێت بڵێین:
(م. مەلا عەلی عەبدولعەزیز)، كە دەورانێك جێگری ڕابەری گشتیی و دەورانێك ڕابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی بوو تا ڕۆژی كۆچی دوایی لە (٢٠٠٧/٣/١٧)، خاوەن مەدالیای سەربەرزیی و دەستكەوتی مەعنەویەت و ئەھلییەت بوو، لای دۆست و دوژمن لەبەر ئەو كەسایەتییە كەموێنەیەی ڕێزلێگیراو بوو، مەزن و خودان پێگە بوو.

لە بیرەوەریی (١٧)یەمین ساڵیادی كۆچی بەرزەفڕی زانا و ڕابەر و مەرجەعی غیرەت (م. مەلا عەلی عەبدولعەزیز)، ڕابەری گشتیی قۆناغێكی تولانیی بزووتنەوەی ئیسلامیی، سەر بە تاجی عیززەتەوە نەوی دەكەین و پێی دەڵێین:
ئارامبە جەنابی ڕابەر..!
كەم تۆوی غیرەتت لەم كێڵگەی ڕابوونە ئیسلامییەدا نەچاندووە، تا نائومێدیی ببارێ بە سەرماندا و دڵنیابە وەك ئەوەی خۆت لێرە بیت، بزووتنەوەی ئیسلامیی و كاروانی بۆخواژیان و بەرەنگاربوونەوە دژی ستەمكاریی و بەردەوامیی لەسەر ھۆشیاریی ئیسلامیی و گەشەی خاك و خەڵك لەسەر ھێڵ و ڕایەڵەی خۆیانن و تا جاوید درێژەیان دەبێت.
سڵاوی پرۆتۆكۆلیی بۆ حەرەمت سەركردەی سومبولیی، مەرجەعی غیرەت.

ئاری عەبدولەتیف
٢٠٢٤/٣/١٧

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close