
لەگەڵ کێ بوەستین ؟ پشتیوانی لە کێ بکەین ؟
پ . د . سەعید عەلی محەمەد ✍️باسک نێت
مەرج نیە تۆ لە هەموو کێشەو شەڕو ئاڵۆزیەکدا ڕیزێکی دیاریکراو یان بەرەیەکی دیاریکراو بۆ خۆت هەڵبژێریت ، چونکە هەمیشه بژارەکان لە نێوان ڕاست و ناڕاستدا ، یان ڕەواو ناڕەوادا نین ، بەڵکو دەگونجێ تۆ لە نێوان دوو ناڕەوادا خۆت ببینیتەوە ، یەکێکیان ناڕەوایەکی زەق و دیارە و بەئاشکرا دوژمنایەتیت دەکات ، ناڕەواکەی تریشیان خۆی بەکۆمەڵێک دروشمی ڕواڵەتی دەڕازێنێتەوەو ناڕەوایەتی خۆی لە پاڵ دروشمەکاندا دەشارێتەوە ..لێرەدا هۆشیاری لەوەدا نیە ڕیزێک بگریت ، یان بچیتە بەرەیەکەوە ، بەڵکو هۆشیاریی لەوەدایە بتوانیت ڕزگار ببیت لە فشارەکانی چوونە نێو ڕیزێک یان بوون بە بەشێکی بەرەیەک.
ئەو پرسیارەی کە دەڵێت : ( لەگەڵ کێ بوەستین ؟ پشتیوانی لە کێ بکەین ؟ ) دەکرێ پرسیارەکە لە بنەڕەتدا چەواشەکارانە بێت ، چونکە باشترە پرسیارەکە بەم شێوەیە بکەین : ( ئێمە لەسەر چ تەرازوێک بوەستین ؟ ) ، چونکە گومانی تێدا نیە حەق و ڕاستی و ڕەوایەتی بە کەسەکان بە مرۆڤەکان ناپێورێت ، هەروەها بە کێشەو ناکۆکیەکانیش ناپێورێت ، بەڵکو حەق و ڕاستی بە وەحی و سروش و بنەما چەسپاوو جێگیرەکانی دەپێورێت .
لەڕاستیدا ڕیزگرتنی کوێرانە بۆ لایەنێک دژی لایەنەکەی تر لە ناکۆکی و ئاڵۆزیەکاندا وەک پیاوێک وایە دوو ئاگر دەبینێت بڵێسەیان دێت ، یەکێک لەدوو ئاگرەکە هەڵدەبژێرێت وەک خۆ ڕزگارکردن و خۆقوتاردان لە ئاگرەکەی تر ، دەی ئایا ئەم کەسە ڕزگاری دەبێت ؟ یان ڕزگاری بووە ؟ یان نەخێر .. ئەم کەسە لە سوتان و قەقنەزێکەوە گواستویەتیەوە بۆ سوتان و قەقنەزێکی تر ؟!
هەروەها وەک ئەوە وایە کەسێک دوو ئاوی پێشکەش دەکرێت : یەکێکیان سوێرە مردن بەدوای خۆیدا دێنێت ، یەکێکیشیان پیس بووە ، ئەم کەسە بەستەزمانە وادەزانێت ڕزگاربوون هەڵبژاردنی یەکێکە لەدوو ئاوەکە ، بێ ئاگایە لەوەی ڕزگاربوونی ڕاستەقینە ئەوەیە : واز لە هەردوو ئاوەکە بێنێت و بە دوای ئاوی پاکدا بگەڕێت.
دەکرێ بوترێ : تێگەیشتنی قوڵ ، بیرکردنەوەی قوڵ و حیکمەت ئەوە نیە تۆ پشتیوانی و لایەنگیریی هەرکەسێک یان هەر لایەنێک بکەیت دروشمی ( دژایەتی کردنی ڕۆژئاوا ) ی بەرزکردبێتەوە ، هەروەها دووربینی و بیرکردنەوەی دروست ئەوە نیە چاوپۆشی لە لادانێکی عەقەدی بکەیت تەنها لەبەرئەوەی ڕووبەڕووی دوژمنێکی هاوبەش بوەتەوە ، بەڵکو شارەزایی و وردبینی و حیکمەت و لۆژیک ئەوەیە تۆ چەسپاو و دامەزراو و ڕاوەستاو بیت لەسەر پێوەرو تەرازوەکەی خۆت ، سۆزو عاتیفە نەتجوڵێنێت ، شەڕەکان و ئاڵۆزیەکان بەرەو مەیدان و شوێنێکت نەبەن کە بژاردەی دین و ئاین و باوەڕەکەی تۆ نیە .
بۆیە سەربەخۆیی لە هەڵوێست وەرگرتندا بریتی نیە لە بێلایەنیەکی ساردی تەم و مژاوی ، بەڵکو دامەزراویی و چەسپاوییەکی عەقڵانی هۆشیارانەیە ، چەسپاوییەک کە دەزانێت ڕزگاربوون لەوەدانیە تۆ شوێن پێیەک لە نێو مەیدانی جەنگەکەدا بۆ خۆت دیاری بکەیت ، بەڵکو ڕزگاربوون پاک و بێگەردی و سەلامەتی ئەو باوەڕو مەنهەج و ئاراستەیە کە تۆ لەسەری وەستاوی .




