نوسەران

کاکەی مەسیحی ئازیز

کاکەی مەسیحی ئازیز

پ . د . سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت

یەکەم / ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان هەرگیز بەو مانایە نایەن من شلگیر بم لە عەقیدەکەمدا یان عەقیدەکەم بسڕمەوە ، هەروەها داواش لە تۆ ناکەم باوەڕەکەت بسڕیتەوەو بێ عەقیدە بیت.
( ئاشتی و پێکەوە ژیان ) واتە :  تۆ لە من ئەمین و دڵنیاو بێ خەم بیت لە مەڕ پاراستنی گیان و ماڵ و سامان و شەرەفت  ، ئەمە مافی تۆیە بەسەر منەوە ، هەروەها منیش دڵنیاو ئەمین و دڵپاک بم لەتۆ لە سەر گیان و سامان وشەرەفی خۆم ، ئەمەش مافی منە بەسەر تۆوە ! بەڵام لە دین و باوەڕدا : دین و باوەڕی خۆت بۆ خۆت ، دین و باوەڕی خۆم بۆ خۆم .

دووەم /  کاتێک من هۆشیاری دەدەم لە بەشداری کردن لە جەژنە ئایینیەکانتان و دروشمەکانتان و ئاهەنگەکانتان ، قسەو گوتاری من ئاراستەیە بۆ موسڵمانان بۆ پاراستن و دەست پێوەگرتن بە ئاین و عەقیدەکەیانەوە ، هێرش کردن نیە بۆ دین و باوەڕەکەی تۆ ! خۆ ئەگەر من دینەکەی تۆم بە ڕەواو  ڕاست و حەق بزانیایە شوێنی دەکەوتم و پەیڕەویم دەکرد ، بەهەمان شێوە ئەگەر تۆش دینەکەی منت بە ڕەواو حەق و ڕاست بزانیایە شوێنی دەکەوتیت و پەیڕەویت لێ دەکرد !
سەرنج بدە…ئەگەر مەسیحیەک مەڕێک بکڕێت بۆ ئەوەی بیکات بە قوربانی و بەشداری ئێمە بکات لە جەژنی قورباندا ، تۆش ڕێگریت لێ کرد و قەدەغەت لێ کرد و هۆشیاریت پێدا لە ئەنجامدانی ئەو کارە ، ئەوە ئەو ڕەفتارەی تۆ قەت من بێزارو توڕە ناکات ! دەزانی بۆ ؟ وەڵام : لەبەر ئەوەی من ئەو ڕەفتارەی تۆ بەبەشێک لە هەوڵی پاراستنی دینەکەت و دینی هاوڕێکەت لێک دەدەمەوە و ، هەرگیز بەدوژمنایەتی کردن یان خراپە لەگەڵ مندا تەماشای ناکەم ! چونکە فەلسەفەکە و بیرۆکەکە لە خودی مەڕەکەدا نیە ، بەڵکو لەو عەقیدەو باوەڕەدایە کە سەربڕینی ئەو مەڕە بە عیبادەت و پەرستش دەزانێت !! هەروەک چۆن بەهەمان شێوە کێشەی من لە خودی درەختەکەدا نیە ، بەڵکو کێشەکە لەو عەقیدەدایە کە دەڵێت : پەرووەردگار کوڕی بۆ خۆی داناوە !
دەپرسم  : بەڕای تۆ ئایا گونجاوە یان دەکرێ یان پەسەندە بەلاتەوە  من پیرۆزبایی لەدایک بوونی کەسێک بکەم لە تۆ کەتۆ بە کوڕی خودای دەزانیت ، خێرا دوای ئەوەش بڕۆم نوێژ بکەم و لە نوێژەکەمدا ئایەتی : ( لم یلد ولم یولد /   پەروەردگار کەسی لێ نەبووەو لەکەسیش لەدایک نەبووە ) بخوێنم ؟!

سێهەم /  من نامەوێت لە مانگی ڕەمەزاندا تۆ ڕۆژوو لەگەڵ مندا بگریت ، چونکە ئەگەر کارێکی وا ئەنجام بدەیت هیج سوودو کەڵکێکی بۆ تۆ نابێت تەنها تینوویەتی و برسێتیت بۆ دەمێنێتەوە ! چونکە بابەتەکە زۆر لە (خۆپارێزی خۆراکیی) گەورەترە ! لەبەرئەوە پێویستە تۆش بزانیت کڕینی درەختەکەی تۆ لەلایەن منەوە هیچ سوودو قازانجێکی بۆ من نابێت تەنها بەفیڕۆدانی نرخ و پارەی درەختەکە نەبێت ! ئەمە جگە لەوەی دوور نیە تۆ من ئەوکات یان وەک دووڕووێک تەماشا  دەکەیت یان وەک کەسێک کە متمانەی بە ئایینەکەی خۆی نیە!

چوارەم / دڵنیابە ئاکار و ئەخلاق  و ڕەوشتی بەرزو جوانی من لە جۆری ڕەفتارو مامەڵەمدایە لەگەڵ تۆدا ، نەک لە ئاهەنگ گێرانم لەگەڵ تۆ ! من بەهیچ شێوەیەک قەبووڵی ناکەم و ڕێگەنادەم و پێم ڕەوا نیە تاکە بەردێک لە دیواری کەنیسەکەی تۆ بڕوخێ و بکەوێت ، نەک لەبەرئەوەی باوەڕم بە کەنیسەکە هەیە ، نەخێر … بەڵکو لەبەر ئەوەی من وەکو موسڵمان ئایینەکەم فەرمانم پێ دەکات ڕێز لەمافی تۆ بگرم لەوەدا چ دین و باوەڕو عەقیدەیەک بۆ خۆت هەڵدەبژێریت ، جگە لەوە ئایینەکەم ئامۆژگاریشم دەکات بەرگرییش لە تۆ بکەم و بتپارێزم!

بەڵام کاتێکیش من مافی تۆ دەستەبەر دەکەم یان دەپارێزم بۆ ئەوەی سەربەخۆ بیت لە هەڵبژاردنی هەر دین و ئایینێک خۆت دەتەوێت ، لەهەمان کاتدا دەبێت تۆش بێزارو بێتاقەت نەبیت من مومارەسەی مافی خۆم بکەم لە پاراستن و پارێزگاریکردن لە ئاینەکەی خۆم!

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close