
كەی بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەین؟
سەعد گوڵپی✍️باسک نێت
مێژووی هەڵبژاردنەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان و بەتایبەت لەم سەردەمەی ئەلیكترۆنیات و دیزاینە نوێیانەدا، رۆژ لەدوای رۆژ وایكردووە، هاووڵاتیان متمانەیان بە هەڵبژاردنەكان نەمێنێت و بەشداری ئەو پرۆسە گرنگە نەكەن، ئەمەش حوكمڕانەكان و ئۆپۆزسیۆنی ساختە، یان وابەستە بە دەسەڵات دۆخەكەیان بە ئێستا گەیاندووە.
ئەوەی دەبینرێت، حوكمڕانەكان زیاتر لە 30 ساڵی هەڵبژاردنە جۆراوجۆرەكانی هەرێم، بە سەدان بەڵێنی درۆینە و جێبەجێنەكراویان بەخەڵكدا و دەیدەن و بەڵێنەكانیان تەنها بۆ خۆدەوڵەمەندكردنە، بەشێوەیەك هەموویان بە جلوبەرگی هەژارانەوە هاتن، بەڵام ئێستا رۆژانە بەملیۆن دۆلار دەچێتە سەرحسابی خۆیان و نەوەكانیان، هاوكات ئۆپۆزسیۆنیش بەتایبەت ئەو حزبانەی دروست كراون و نە كیمیاران و نە ئەنفال و نە راپەرینیان بینیوە و كار لەسەر ساردكردنەوەی توڕەیی خەڵك دەكەن، تا ئەوكاتەی بە بەڵێنی قەبە و گەورە بەبێ ئەوەی بتوانن جێبەجێی بكەن (خۆشیان دەزانن) دێن هاووڵاتی فریو دەدەن تاكو دەنگی خەڵكی ناڕازی كۆدەكەنەوە، دواتر هەمان ئەو حزبە بەناو ئۆپۆزسیۆنانە كۆی دەنگە كۆكراوەكانیان دەخەنە نێو سەبەتەی حوكمڕانەكان و بەمەش خەڵكیان نائومێد كرد.
ئێستا كار گەیشتووەتە ئەوەی حوكمڕان و ئۆپۆزسیۆنی ساختە پێویستی زۆری بەدرۆكردن نەماوە و وەك لە هەڵبژاردنی پێشوو ئاماژەی بۆ كرا، دیزاین دەكرێت و ئەوەشی بەشدار نابێت لەو ساختەكاری و فێڵكردنە لەخەڵك، كورسی پەرلەمانی ساختەی بەرناكەوێت و بەدۆراو لە قەڵەم دەدرێت.
ئێستا خەڵك هۆشیارە و بەرەی بایكۆتی هەڵبژاردنیش روو لەزیادبوونە، هەرچەندە ژمارەیەك حزبی ئامادەكراو ئەم بابەتە بەوە دەخوێننەوە كە بایكۆت خزمەتە بە حوكمڕانەكان، بەڵام نەخێر بایكۆت، هەڵوەستەكردنە لەسەر هەڵوێستێكی ئەخلاقی ئایینی و نیشتمانی و دەنگدەری خاوەن هەڵوێست ناهێڵێت مامەڵە بە دەنگییەوە بكرێت و كڕین و فرۆشتنی پێوە بكرێت، چونكە دڵنیایە لەوەی حوكمڕان و بەناو ئۆپۆزسیۆن مامەڵە بەو دەنگانەوە دەكات، (ئەمە واقیع و پێشتر ئەمە بینراوە).
پێموابێت یەكەم هێز و تاكە هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی راستگۆ لە هەرێمی كوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامی بوو كە لەبەر بەرژەوەندی قەوارەی هەرێم ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی لە ساڵی 1992 قبوڵ كرد، لەگەڵ ئەوەشدا بە چاكی دەوت چاك و بەخراپیش خراپ، هەمیشە باجی راستگۆیشی لەپێناو گەلەكەی داوە و دەشیدات، ئێستاش ئەو بڕیارەی كە داوێتی لەبەر بەرژەوەندی خەڵكی راستگۆو خاوەن هەڵوێستە، چونكە بزووتنەوەی ئیسلامی جیاواز لە حزبەكانی دیكە پێش هەڵبژاردن بریاری بەشدارینەكردنی داو وەك ئەو حزبانە ناكات ساڵێك لەمەوبەر دەیانوت هەڵبژاردن دیزاین كراوە و ئێستاش بەشدار دەبن، لەكاتێكدا هەمان سیستەم و كۆمسیۆن و دەستە هەڵبژاردنەكان بەڕێوەدەبەن، (دوای 11ی11 كۆمەڵێك حزب دێنەوەسەر شاشە و دەڵێن دیزاینكراو بوو!!).
هەڵبژاردنی بایكۆت، هەڵبژاردنی واقیعێكی ناچاری داسەپاوی سەرهەرێمی كوردستان و عێراقە و تەنها كەسانێكی بەرژەوەندخواز نكوڵی لێدەكەن بە پاساوی هەڵخەڵەتێنەر و سواو.
ئەوەتا هەڵبژاردنەكانی پێشووی عێراق رەوتی سەدر زۆرترین كورسی هێنا و دەبوو ئەوان حكومەت دروست بكەن، بەڵام بە پیلان ناوخۆو دەرەوە، پلان دانرا تاكو وایلێهات لە سیستمی سیاسی كردیانە دەرەوەو چوار ساڵە كەمینە حوكمی عێراق دەكەن.
لە هەرێمی كوردستانیش بەرپرسانی حوكمڕان دەمێكە بانگەشەی ئەوە دەكەن بەیەك كورسی هەر خۆیان حوكم دەكەن، بە راستیش ئەوەیان سەلماند، ئێستا سیناریۆكان گۆڕاون و پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان زۆرینەی كورسییەكانی پەڕلەمان دابەش دەكرێن و چەند كورسییەكی كەمیش دادەنێن بۆ چەواشەكاری هاووڵاتی و بەركەوتنی یەك بۆ دوو كورسی بە ئۆپۆزسیۆنی ساختە.
ئەوەتا زیاتر لە ساڵێكە هەڵبژاردنی دیزاینكراوی پەڕلەمانی كوردستان ئەنجامدراوە، لەگەڵ ئەوەشدا حوكمڕانەكان نەیانتوانیوە حكومەت پێكبهێنن و بەبێ ئەوەی هیچ بیانوویەك هەبێت، ئەوەی جێی تێڕامانە پەڕلەمانتاران بەگشتی و ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتی مانگانە مووچەكانی خۆیان وەردەگرن بەبێ ئەوەی بۆ چەواشەكاری و دەمبەستكردنی خەڵكێش بێت بێنە سەرشاشە و ناڕەزایەتییەك دەرببڕن، ئەمەش ئەوە دەەسەلمێنێت كە ئۆپۆزسیۆن سێبەری حوكمڕانەكانە و تاكو ئەوان بڕیار نەدەن نە دەتوانن جوڵەی یاسایی بكەن، نە دەشتوانن ببنە پاڵەوانی شاشە و دژی حزبە براوەكان دروشم و بیانوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردن بهێننەوە.
هەر زوو بەخێرایی بە یەك راگەیەنراوی چەند ووشەیی پەڕلەمانتارانیان كۆكردەوە و سوێندیان پێخواردن و بەمووچەی مانگانە بێهۆشیان كردوون و چەند مانگ جارێك وەك خەڵكی بازاڕ ناڕەزایی دەرەبڕن وەك بڵێی هیچ دەسەڵاتێكیان نییە.
بەداخەوە، ئەوەی پێویستە هاووڵاتی عێراق بەگشتی و هەرێم بەتایبەتی ئەنجامی بدەن، ئەوەیە رۆژی 11ی 11 بكەنە ڕۆژی گەشت و سەیران و چوونەدەرەوە، ئەو رۆژەی كەپشووە پشوو بەخۆیان و خانەوادەیان بدەن و دوور بكەونەوە لە بەڵێنی بێكرداری دەسەڵات و حوكمڕانەكان و چەواشەكاری ئۆپۆزسیۆنی ساختە، چونكە ئەوەی دەركەوتووە ئۆپۆزسیۆن بە چەند كورسییەكی كەم دەچنە حكومەت، یان بەو سێ چوار كورسییەوە بەبێ ئەوەی هەنگاوێك بنێن دەبنە پاڵەوانی شاشە و هاووڵاتی هێندەیتر بێ متمانە دەكەن بەرانبەر بەهەڵبژاردنەكان و هەرچی حوكمڕانیشە وەك هەمیشە خەریكی بازرگانیكردنی خۆیانن.
بۆیە هەركات دەركەوت، كۆمسیۆن گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و شێوازی هەڵبژاردنەكان بەشێوەیەكی شەفاف و دوور لە دەستوەردانی ناوخۆ و دەرەكی ئەنجام دەدرێت، حزبی حوكمڕان، دادپەروەرانە مامەڵە دەكات و ئۆپۆزسیۆنیش دووردەكەوێتەوە لە بەڵێنی ساختە و چەواشەكاری، ئەوكات دەنگدان و هەڵبژاردن دەبێتە ئەركێكی راستەقینەی ئەخلاقی و دەبێت هەموان بە متمانەو حەسرەتەوە بەشداری بكەین.
سەعد گوڵپی
ئەندامی سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی




