كاروانی شەهیداننوسەران
شاخێك، لە تەمدا مرد

شاخێك، لە تەمدا مرد !!
ناوی شوان بوو، پیاوی شەرعیی ئیسلام و كورد، لە قەڵادزە لەدایكبوو، گەورە بوو، بوو بە شاخ، پێگەشت، بوو بە باخ، تێگەشت، بوو بە باسك، مرد، بوو بە داخ.
سەركردە بوو، ھەزار نەوەی پێگەیاند، پەرلەمانتار بوو، ھەزار خەونی ھێنایە دی، بزووتنەوە بوو، ھەزار خەمی ئەو كاروانەی ھەڵگرتبوو.
دڵسۆز بوو، پێشمەرگە و كادر، سەحابەی دەورانی دوای چواردە سەدە بانگەواز بوو، لە خۆی ھەبوو بەس كەم، وەك خۆی نەبوو، تاقانە بوو.
دكتۆر بوو، برینی ساڕێژ دەكرد، بێ برینپێچ، مەڵبەندە و مەڵبەند، كەلەبەری كوێر دەكردەوە، ئەمناسی شان بە شان، ھێندە دڵاوا بوو، ئاوی جاویدی ئەكرد بە دەمی لاشەی ساردەوە بوو، بۆ ئەوەی ھەستن ھەڵنەدەستان، ئەمرد، بۆ ئەوەی حیزبەكەی بژی، حیزبەكەی نەدەژیا، خۆی دەمرد.
تا شاخ بوو، تاوێری لار دڵتەنگی دەكرد، تا ھەبوو، بەزمی ھەبوونی، ھەندێك نەخۆشی سیاسیی نەخۆشتر دەخست، تەم ھات بردی، ئیتر نەتەوە و خاك و پارتەكەی ھەتیو كرد.
لەم زۆر ڕۆشتن، كەم ماون، وەك ئەم ھەبوون بەس نەمان، ئەمیش نەما، خەریكە بڵێم كەس نەما، ھەر ھیچ نەما، بەس نا، ماون كەمێك ھەر ھەن، مشتێك ماون، بەس ئەمانیش بێ قەدر و ڕێز ڕۆژێك ئەڕۆن، وەك شاخ ورد ئەبن و ئەڕژێن، بە ھیچ دەشتێك كۆ نابنەوە.
شوانێكی گەڕیدەی ھیلاك، لە تاو حەسرەتی حیزبەكەی، لە داخی خاكی فرۆشراو، لە بێ مروەتی قەومەكەی، لە ئاخی كاروانێكی دوور، كە ھەر ناگا و نەگەشتە جێ، شانزەی ئۆكتۆبەرێ ھات و لە تەمی بێكەسیدا مرد.
شەش ساڵ ڕۆشت و ئەو دیار نییە، بزووتنەوەی ھەتیوتر كرد، شەش شانزەیە بە خۆی و ئازاری سەختی ئەم بزووتنەوە و ئاین و خاكە بیمارەی كوردەوە، ئەو دیار نییە، ئەو ھەر نییە و ناشیەتەوە، كەچی كەسمان ناگەڕێین بۆ شوانێكی تر، یان نامانەوێ بۆ یەكجار شوانێكی تر !
بەڵام ئەوەی تروسكەی ئاسۆیە، ئەوەی مایەی دڵارامی و شكۆیە بۆ ئەم كاروانە ئەوەیە، بزووتنەوەكەی لەسەر سكەیە و فارگۆنەكەشی تابێ پڕ ئیمان و ئیماندار و ئیرادەی پڕ هەگبەیە و ناوەستێ تا وێستگەی دوا لە خەمڕەخسانی ئەم ئیسلام و خاك و نەتەوەیە.
ئاری عەبدولەتیف
ساڵیادی كۆچی سەختی ھاوڕێ و ھاوسەنگەرم
(د. شوان قەڵادزەیی)
سەركردە و پەرلەمانتار
٢٠٢٤/١٠/١٦