نوسەران

بۆچی ناتوانین ئاواتەکانمان بە دی بهێنین ؟!

بۆچی ناتوانین ئاواتەکانمان بە دی بهێنین ؟!

پ .د . سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت

ئەگەر پرسیار لە زۆربەی خەڵکی بکەیت : بۆچی ئەوە بەدەست ناهێنن کە ئاواتەخوازن بەدەستی بهێنن ؟ وەڵامی زۆربەیان ئەوەیە کە : کاتمان نیە ، سەرقاڵین .

بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە ئەو توێژینەوانەی تایبەتن بە لێکۆڵینەوە لە ژینگە هاوچەرخەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن گرفتەکە لە کەمی کاژێرەکانی کارکردندا نیە ، بەئەندازەی ئەوەی گرفتەکە نەبوونی وریایی و شپرزەبوونی خەیاڵ و مێشکە .. مرۆڤی هاوچەرخ ڕۆژانە دەیان دیمەن و بڕگەی هەمە چەشنەو جۆراو جۆر بەرچاوی دە کەوێت ، لە نامەکان ، پەیوەندیە تەلەفۆنیەکان ، کۆبونەوەکان ، ڕووداوەکان …تاد ، بەڕادەیەک وای لێهاتووە ( سەرنجی ورد و بەئاگابوونی تەواوی بەردەوام ) لە هەرە دەگمەنترینی مەهارەت و تواناکانە لەم سەردەمەدا .

لێرەوە خاڵێک زۆر گرنگە و پێویستی بە سەرنج و تێڕامانە : ئێمە زۆر کار دەکەین ، بەڵام وەک پێویست ئەنجام و دەستکەوتی گەورەو بەنرخ بەدەست ناهێنین ! ( Peter Drucker) ی پسپۆڕی بەناوبانگی بواری بەڕێوەبردن باسی ئەم حەقیقەتەی کردوەو دەڵێت : ( گرنگ ئەوە نیە تۆ ئیش و چالاکی بەشێوەیەکی دروست ئەنجام بدەیت ، بەڵکو ئەوە گرنگە کاروچالاکیه دروستەکان ئەنجام بدەیت ).. لێوەشاوەیی و کەفائەت بەتەنها بەس نیە ، کاتێک ئەو لێوەشاوەییە لە کارو چالاکیەدا بخرێتە گەڕ شیاوی ئەو هەموو ماندووبوون و کۆششە نەبێت..

بێ گومان ئەم ڕاستیە لە کلتورو ئەدەبیاتی ئیسلامیشدا شتێکی نوێ نیە ، قورئان تەنها داوای جوڵەو کاری زۆر ناکات ، بەڵکو داوای جوان ئاراستەکردنی وزەو تواناکان دەکات ، قورئان دەفەرموێ : ( فآستبقوا الخیرات / کێ بەرکێ لە چاکەکاندا بکەن ) ، قورئان نافەرموێ : کێبەرکێ لە کارەکاندا بکەن ، واتە چاکە ئەو کارو کردەوەیەیە نرخ و سەنگ و قورسایی ببێت و ، سوود ببەخشێ و ، شایەنی ئەوە بێت مرۆڤ تەمەنی خۆی لە پێناویدا بکاتە قوربانی .
ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا زیاتر بۆم دەرکەوتووە ئەوەیە : زۆربەی خەڵک ( کارە بەپەلەکان ) و (کارە گرنگەکان ) تێکەڵ دەکەن ، بۆ نمونە : ئەو نامەیەی ئێستا دەگات دەکرێ وا دەرکەوێ بەپەلەو خێرا بێت ، بەڵام مەرج نیە گرنگ بێت ، کۆبونەوەیەک لە ڕۆژێکدا دەکرێ دوو کاژێر بخایەنێت ، بەڵام ناتوانێ ئیزافەیەکی نوێ بخاتە سەر پرۆژەی ژیان … لە بەرانبەردا ( خوێندنەوەی قوڵ ) ، و ( پەروەردەی مناڵ ) ، و (داهێنان و بەرهەم هێنانی بیرۆکەی ناوازە ) … ئەمانە کارو کردەوەو چالاکیەکن کە ڕاستە هەموو بەرەبەیانێک بەڕووماندا ناتەقنەوە ، بەڵام بەدڵنیاییەوە چارەنووسی مرۆڤ دروست دەکەن .
ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە هەمیشە دەستکەوتە گەورەکان بەدرێژایی مێژوو بەرهەمی ژیانێکی جەنجاڵ نەبوون ، بەڵکو بەرهەمی ژیانێکی ڕیکخراو بوون ، سەرنج بدەن .. پێشەوا شافیعی لەبەر ئەوە نەبووە پێشەوای مەزهەب چونکە لەخەڵکی تر زیاتر جەنجاڵ و سەرقاڵتر بوو ، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەو زانی چۆن کاتەکانی بپارێزێت .. پێشەوا نەوەوی بە تەمەنێکی کەمەوە توانی کلتورێکی زانستی گەورە بۆ ئێمە بەجێ بهێڵێت ، نەک لەبەر ئەوەی کاتێکی زیاتری لەخەڵکی تر لەبەردەست بوو ، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەو زۆر جوان ئاراستەی هەموو ئەوکاتانەی دەکرد کە لەبەردەستیدا بوون .. بۆیە دەکرێ بڵێین : مەترسیدارترین شتێک کە ( بێ ئاگایی و شپرزەیی ) لە مرۆڤی دەدزێت ڕۆژێک و هەفتەیەک نیە ، بەڵکو ئەوەیە ( شپرزەیی و بێ ئاگایی ) دەتوانێ پرۆژەیەکی درێژخایەن بنیات بنێت ، چونکە هەرگیز دەستکەوتەگەورەکان لەدایکبووی کارو جوڵە شپرزو تێکەڵ و پێکەڵەکان نین ، بەڵکو بەرهەمی هەوڵ و کۆششه بچوکە بەردەوامەکانن ، کە ڕۆژانە بەئاراستەیەکی دروست و سەرکەوتوو ساڵانێکی درێژ دووبارە دەبنەوە .

بێ گومان ئەو پرسیارەی کە شایەنی ئەوەیە ببێتە دەستپێکی ئەم ڕۆژەمان ئەوە نیە : من ئەمڕۆ چی دەکەم ؟ بەڵکو ئەو کارە چیە کە ئەگەر من پێنج ساڵ لەسەری بەردەوام بم ژیانمی پێ دەگۆڕێت ؟ وەڵامی ئەم پرسیارە جیاوازی نێوان دوو کەس دەردەخات کە یەکێکیان تەنها ڕۆژەکانی بەڕێ دەکات و ، ئەوی تریش تەمەنی خۆی بنیات دەنێت ..

من دڵنیام مرۆڤ شکست ناهێنێت تەنها لەبەرئەوەی کارو جوڵەی کەمە ، بەڵکو لەبەرئەوە شکست دەهێنێت کە تەمەنی بەسەر کارە زۆرەکاندا دابەش کردووە ، کە نە پرۆژەیەکیان لێ دروست دەبێ ، نە پەیامێکیان لێ بەرهەم دێت ..بەڵام ئەوانەی کە شوێنەروارو جێ دەست لەژیاندا بەجێ دەهێڵن ، ئەوانەن کە ئازاو بوێرن لە هەڵبژاردنەکەیاندا ، ئازاو بوێرن لەوازهێنان لەوەی سەنگ و قیمەت و بایەخی ئەوتۆی نیە ، لەپێناو شێکی تری شایستەدا کە شایەن بێ ژیانی پێ بەخشرێ .

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close