نوسەران

ئەم كافربوونە ڕاگرن !

ئاری عەبدولەتیف

جیھان نەخۆشە و ھاواریەتی، مرۆڤایەتیی سەراسیمە بووە و ترس و قەلەقیی و سترێس دایپۆشیوە، پەتایەك لە ڕێی ڤایرۆسێكی پیتێنراوی دەستی ھەیمەنەیەكی ستەمكار و خوێنڕێژی جیھانییەوە، چنگی لە گەرووی تەواوی دونیا گیركردووە، ئێستا جیھان لە ھەلەكەسەمای پێش مەرگی خۆیدایە.
گریمان باوەڕمان ھێنا شەڕی ڤایرۆس و بایلۆجیی زلھێزانە یان كردەی دەستی خوایە، كەواتە ھەموومان لە بەردەم چارەنووسی مەرگداین، بە پێی عادەت و عەقڵی مرۆڤبوون تەواوی ڕێكارە ژیانیی و ژیاریی و تەندروستی و پەیڕەوە لۆژیكییە زەمینییەكانمان پیادەكرد بۆ خۆپارێزیی و بەرەنگاریی، ھەموویمان جێبەجێ كرد لە ڕێنماییە تەندروستییەكان تا خۆكەرەنتینەكردن و خۆبەستنەوە لە ماڵەكانماندا، بەڵام ھێشتا ئەترسین؟ ھێشتا لەژێر فشار و خۆتۆقانداین و ژیانی خۆمان كردووە بە جەھەننەم و ورە و ئومێدمان نەماوە؟
سەیرە..! زۆریش سەیر، ئەمەی دەبینرێت ھەمووی بێباوەڕیی و لاوازیی ئیمانە بە زاتێك كە (الله) یە و خالقی ھەموو وجودە و توانایی بێسنوورە و زەوی و ئاسمانەكان و تەواوی بەشەریەت و ئەوەی پێی بوترێت بوون لە ھەڵسوڕاوی دەستی ئەودایە، ڕاستە شەڕی دونیا خۆت لێی بەرپرسی و باش و خراپ، ھەڵبژاردە لە دەستی مرۆڤدایە و دەبێت خۆت چارەی دەرد و ئاریشەكانی خۆت بكەی، بەڵام كە دواجار ئەوەی لە توانای مرۆڤدا ھەبوو و كردی، ئیتر بۆ نائومێد دەبێت و جاڕی شكست و ئینتیحار دەدات؟
پشت بەستن بە غەیری خوای پەروەردگار ھەر ئەمەی ئەمڕۆی جیھان و مرۆڤایەتیی لێ چاوەڕوان دەكرێت، بە مسوڵمان و بێ باوەڕەوە، ھەمووی نەبوون و لاوازیی ئیمانێكی ساغە بەو پەروەردگاری جیھانیانە.
ئەوەی ئیمانی لە تاقی مزگەوتەكاندا دانابوو، ئەوە مزگەوت وەك دوو بینای داروبەرد مرد، ئەوەشی ئیمانی لە دڵیدا بوو، دڵی نامرێ و ناشكێ و ناڕوخێ، ئەوەی بە تەنیا و تەنیا پشتی بە دیتۆڵ و دەرمان و خەستەخانەی شەشت قەرەوێڵەیی و ڕێنمایی تەندروستی و حكومەت و كەرەنتینە و ھێزی پشتگیریی جیھانیی زەوی و كەمامە و كەرەستەی ڕووت بەست، ھەموویان كۆتاییان ھات و دێت، بەڵام لەپاڵ ئەمانەشدا ئەوەی ھەموو ئەمانەی كرد و پشتی بە (الله) بەست، ئەوە (الله) نامرێ و كۆتایی پێنایەت و خۆی زانایە بەوەی ڕوودەدات و ھیچ كێشەیەكی نەبێت.
سوێندەكەم ناكەوێت ئەگەر بڵێم سوێند دەخۆم ئەوەی بترسێ لە غەیری خوا و بە تەنیا پشت بە جیھانی مادە و ھۆیەكانی سەرزەوی ببەستێت ئەوە لە شیركایە، گەورەترین كێشەی مرۆڤ ئەوەیە ڕەبتێكی بە ئاسمانەوە نەماوە، سەری بەرز ناكاتەوە بۆ خوا و سەری نەوی كردووە بۆ زەوی، بیری چووە ھەموو شتێك حیكمەتێكی تێدایە، مێژوو بگەڕێ پڕە لە سەربوردە و ڕووداوی مەزن، قورئان لە چەندین چیرۆكدا باسی ڕابردووی مرۆڤایەتیی دەكات كە چییان بەسەر ھاتووە، دیارە ئەوەی لەگەڵ ئیسلام و ئاینە ئاسمانییەكاندا بوبێت و بڕوای بە تاقانەیی خوا ھەبوبێت و لە خۆشی و ناخۆشیدا ھانای ھەر ئەو زاتە بە دەسەڵاتە بوبێت، ھەرگیز شكستی نەھێناوە و ئەگەریش ھێنابێتی حیكمەتی تیابووە و كاری ئەو نییە پرسیار بكات و خوا خۆی زانایە كە ھەڵی گرتووە بۆ قیامەت و دنیای كۆتایی.
خۆپارێزیی ئەركە، بەڵام لەوە ئەركتر ئیمانھێنانە بە پەروەردگار و پشتپێبەستنیەتی بە قایمی، مەترسن خوا لە ھەموو شتێك بەھێزترە و تا ڕازی لەسەر ڕوداوێك نەبێت ڕوو نادات.
من داوایەك ئاڕاستەی تەواوی مسوڵمانان و خەڵكی كوردستان دەكەم كە ئیمانیان سەرلەنوێ تازە بكەنەوە، ئیمانێك ھیچ ھێزێك نەبێت و نەتوانێت ئا بەم جۆرەی ئەمڕۆ بە بوونی ڤایرۆسێك تێكی بشكێنێت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close