
سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕاگه‌یاندراوێكى له‌باره‌ى هێرشه‌كه‌ى سه‌ر سه‌ربازگه‌ى (التاجى)ى عێراقى بڵاو كرده‌وه.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 12/3/2020، مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ڕاگه‌یاندراوێكى بڵاو كرده‌وه و ده‌ڵێت: “بە توندی ئەو هێرشە شەرمەزار دەکەین کە دوێنی شەو کرایە سەر سەربازگەی (التاجی)ى عێراقی و بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک ڕاهێنەر و ڕاوێژکاری هێزی هاوپەیمانان”.
مه‌سرور بارزانى هه‌روه‌ها پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکار و هاوکارەکانیان دەکات و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازێت.
له ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات: “لە کاتێکدا کە هێشتا هەڕەشەی تیرۆر لە عێراق و ناوچەکەدا بەردەوامە، ئەم جۆرە کردارانە زەمینە بۆ بەهێزبوونەوەی گرووپە توندڕۆ‌کان دەڕەخسێنن، لەناو عێراق کێشە تەندروستی و ئابووری و ئەمنییەکان فشاری زۆری بۆ سەر هاووڵاتییان دروست کردووە، بۆیە ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە بە زیانی عێراق و سەرجەم گەلانی ناوچەکە دەکەوێتەوە”.
مه‌سرور بارزانى ده‌شڵێت: “خوازیارین بە هەماهەنگیی هەموو لایەنە نیشتمانی و دڵسۆزەکانی ناوچەکە و هاوپەیمانان، ڕێگە لە هەر هەوڵێکی تێکدەرانە بگیرێت و تواناکان بۆ سەقامگیری و ئاشتی و باشترکردنی گوزەرانی هاووڵاتییان تەرخان بکرێن”.