نوسەران

(سـالار) و (لاسـار) لە دۆخی تەنگانە و فەرحانەدا

عوسمان حمەکریم زەڵمی

       کاتێک لە ڕۆشنایی ژیری و ئاوەزو نووری سروش و وەحیەوە بۆ ژیان و وێسگەو قۆناخی دەڕوانین و زەمەنێکی شیاوی بۆ تەرخان دەکەین ، ئەوسا ئاسان تێدەگەین ئەمە خۆ ھەروا ھاتووە و ھەروا بووە ، ئەوە ئێمەین مرۆڤی ئەم چەرخە لێمان گۆڕاوە یان لەخۆمان تێکداوە ، ئەگینا خاوەنی ئەم ژین و ژیانە قەوانین و یاسای جێگیرو ڕوونی بۆ داناوە، ئەوەی ئاڕاستەی ڕێکردنی تەریب و ڕێک بووبێ لەگەڵ پەیامدا: (بە ئەندازەی حەقی ڕەوات ماف وەربگرە و بەقەت وزەو توانات شان بدە ژێر بەرپرسیاری و کاری چاک ئەنجام بدە)، براوە بووەو ئەوەش پێچەوانە بووە جێماوە و دۆڕاوە.

    دیارە بە ئێستایشەوە، ھەموان وەک یەک و چوون یەک نەچووینە ژێر ئەم ڕێسا جوان و جێگیرەوە، ئەوکات ھەندێکمان (لاسار) بۆ (سالار)ەکان بووینەت کوورەی تاقیکاری : [ وَجَعَلْنَا بَعْضَكُمْ لِبَعْضٍ فِتْنَةً] ،اوەکو بە ھۆی مامەڵەی چاک و پشوو درێژیەوە ئەسـڵی کەرەسە ڕەسەنەکە واتە: (مرۆڤبوون)، لەناوماندا دەرکەوێت : [أَتَصْبِرُونَ]، بێگومان خاوەنی ھەموان بەو بانەوە بینایە بە ھەموو شتێک : [ وَكَانَ رَبُّكَ بَصِيرًا / الفرقان: 20] .

      ئەم دوو جۆرە لە مرۆڤ (سالار و لاسار)، ھەربوون و دەبن لەتەک یەکدا ، لێرەوە کەمێک شۆڕ بینەوە بۆ ناو کایەکانی ژیان ، ئاسان تیایدا ھەڵسوکەوتی ھەر دووک دەبینین، لە ژینگەیەک تەماشاکەین، گەر مرۆڤەکان لەو جێگەدا بۆ چەرخێک بە نیعمەت و ڕەفاھیەت و خۆشبەختی کەسانێکیان بەسەر کرابنەوە ، لەو دەمەدا نابینی بەپێی پێوەری ساغ مامەڵەی دروستیان لەگەڵ ئەو چاکەو نیعمەتەدا کردبێ و درێژەیان بەو خۆشگوزەرانیە دابێت، زۆرێک لەوانەوەی وەزعی داراییان بۆ ماوەیێ باش بووە، بەشی زۆری بەزانایی و ئازایی و لێھاتووی خۆی زانیوە و ئامادە نەبووە ببێتە یارو دەسباری نەداری دراوسێی دابێت. ھەروەک بڕێک لە (نەدار)انیش تاقەدار نەبوون و ئۆقرەیان لێ بڕاوە و وەک کەسی (دارا) کەوتوونەتە باری لاساری .

    سەرنجێ بدەنەن ئەوانەی پلەو پایەدارن ، ھەر ئێوارە زۆربەیان لەخۆیان گۆڕاون و پێیان وایە ئەوان لەبەر شایستەیی چانسی ئەم مەقامەیان ھەیە و دەبێ خەڵکی بەمە بزانن و ببنە خزمەتکار و پاسەوانییان بۆ بکەن ، چوون گەر ئەمان نەبان ئەوان بێ ساحێب و شوان ئەمانەوە و ھەر زوو گورگی سنوور دەیان خواردن !! بێگومان لە داخی ئەم ڕەفتارە قێزەونەی ئەم پلەدارە (لاسار)انە ، بڕێکیتر کاردانەوەی لاساریان نواندووە و ئەوەندەیتر بیانوویان داوە بەدەستەوە تاکو ئەوان بۆچوونە ھەڵە کانیان چاکتر بسەپێنن ، بەم جۆرە ڕێگای (سالار)ەکان ئەوەندەی تر دوور و سەخت بووەتەوە.

     تۆ بڕوانە بۆ زۆرێک لەوانەی شۆفێری دەکەن ، بزانە چۆن یاری بە ھەستی بەرانبەر دەکەن و لێشی بێباکن ، ئەگەر بە: (خێرایی زیاد ، ھۆڕێنی بەرز ، سەربادانێکی نامۆ ، دەرچونێکی لەناکاو …تاد ) یان نواندبێ ، ئەوسا بڕێک لە بەرانبەرانیان کەوتوونەتە بیر و پیلانی ھەق پێکردنەوەو دوور لە چاوپۆشی ، دەی ئەم دوو جۆرە ھەردوک بە لاساری بوونەتە بەڵا بۆ سالارەکان .

    یا وەختێک (بارێک ، دارێک ، دۆخێک)، دەستەیەک دەبێ شان بەنە ژێری و ھەڵیبگرن و بۆ شوێنێ ، قۆناغێ ، بیگوازنەوە ، دەبینی وەک یەک لێی ناچنە پێش و ھەریەک بە قەت توانای قەبوڵی زەحمەت ناکات ، ھەیە بەس بۆ ناو چووەتە ژێربار، ھەیانە بووەتە بار، دەزانی لاساری ئەمانە بووەتە بەھانە بۆ بڕێک لە فرسەت دەگەڕێن لاسارانە تۆڵە بکەنەوە. 

    گەر نزیکتر بڕوانین ئەم دۆخی سەرھەڵدانی ڤایرۆسی (کۆرۆنا) یە ، زۆر چاک لە مەبەست و مەقسەد تێدەگەین ، لەوانەیە خودی پەیدا بوونەکە بەم شێوە نەرێنیە بۆ کارێکی چەوتی مرۆڤ بگەڕێتەوە ، دوای ئەوە دەبینی مامەڵکردنی ئێمەی مرۆڤ بۆ ڕێگری کردن و کەم کردنەوەی زیانەکانی ، زۆر ئاسان (سالار و لاسار) تیاماندا دەرکەوت ، چ لە دەرکردنی بڕیار و ڕێنمایی تەندروستی ، وە چ لە فەتواو بڕیاری شەرعی دا ، تا دەگاتە بەگوێکردن و جێبەجێ کردنیان ، بە ماڵنشین و خۆپارێزی.

     ئەمە سروشتی مرۆڤەو ئەوەش پەیامی ژیانە: [وَبَلَوْنَاهُمْ بِالْحَسَنَاتِ وَالسَّيِّئَاتِ]،   ھەوراز و نشێو ، تەنگانە و فەرحانە ھەر بووە و دەبێ ، ھەردوکیان وەک کوورە وان بۆ ھەردوو جۆری مرۆڤی (سالار و لاسار)، تاکو لە پۆخڵی و چەوتی خاوێن بکرێنەوە و بگەڕێنەوە سەر باری ڕاست و سروشتی مرۆڤ بوون : [ لَعَلَّهُمْ يَرْجِعُونَ / الأعلااف : ١٦٨].

  دیارە کەسە (لاسار)ەکان، کاریان لێدانی لاری و خواری و چەوتیە، وەک زانراویشە ئەرکی کەسە (سالار)ەکانیش بریتیە لە ڕێگری لێ کردنیان تاکو بەو بارەدا نەڕۆن و ئەو جۆرە ھەڵەکاریە ئەنجام نەدەن ، ئەمەش لەبەر ئەوەیە چوون ئێمە براین ، ھەمیشە براکانیش دابەش دەبن بۆ (سالار و لاسار)، پێغەبەری پێشەوامان (صلی اللە علیە وسلم)، ئەم ئەرکەی ڕەوان باسکردووە و فەرموویەتی : (انْصُرْ أخاكَ ظالِمًا أوْ مَظْلُومًا فقالَ رَجُلٌ: يا رَسولَ اللَّهِ، أنْصُرُهُ إذا كانَ مَظْلُومًا ، أفَرَأَيْتَ إذا كانَ ظالِمًا كيفَ أنْصُرُهُ؟ قالَ : تَحْجُزُهُ ، أوْ تَمْنَعُهُ ، مِنَ الظُّلْمِ فإنَّ ذلكَ نَصْرُهُ / صحيح البخاري (٦٩٥٢).

   تاقیکاریش بۆ چەند ئامانجێکی ڕوونە، لەوانە: بەرزکردنەوەی بەھاو نرخی کەسە (سالارەکان): [ إِنَّ الَّذِينَ جَاءُوا بِالْإِفْكِ عُصْبَةٌ مِنْكُمْ لَا تَحْسَبُوهُ شَرًّا لَكُمْ بَلْ هُوَ خَيْرٌ لَكُمْ / النور: ١١] . داچڵەکاندن و مۆچاندنی نەفسی (لاسارەکان) : [ أَنَا أَكْثَرُ مِنْكَ مَالًا وَأَعَزُّ نَفَرًا …  وَأُحِيطَ بِثَمَرِهِ .. وَهِيَ خَاوِيَةٌ عَلَى عُرُوشِهَا / الكهف] ،  بێدارکردنەوەی ھەردوولا لە ئەرکی ھاوبەشدا : [ لِكَيْلَا تَأْسَوْا عَلَى مَا فَاتَكُمْ وَلَا تَفْرَحُوا بِمَا آتَاكُمْ وَاللَّهُ لَا يُحِبُّ كُلَّ مُخْتَالٍ فَخُورٍ/ الحديد:٢٢، ٢٣].  جاریواش ھەیە بۆ سزاواری و شکاندنی غروری ستەمکارانە : [وَكَذَٰلِكَ أَخْذُ رَبِّكَ إِذَا أَخَذَ الْقُرَىٰ وَهِيَ ظَالِمَةٌ  إِنَّ أَخْذَهُ أَلِيمٌ شَدِيدٌ/ هود: ١٠٢]. 

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close