نوسەران

هەڵەبجە ئازارێکی بەردەوام

هۆشیارجەمال

لەگەرمی شەری هەردوو دەوڵەتی دراوسێ عێراق و ئێران لە لایەک، کە ڕۆژانە سەدان کەسی لە هەردوو دەوڵەت دەکردە قوربانی.هەروا ماڵوێرانی و نەهامەتی بۆ تاک بە کاتی هاوڵاتیانی هەردوو وڵات دەهێنا، لەلایەکی تریشەوە شەڕی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە باشوری کوردستان لەگەڵ حوکومەتی عێراق، کە لە لایەن سەدامی دیکتاتۆرەوە بەڕێوە دەبرا، کە بە هۆی ئەوەی بەشێكی زۆر لە سەرکردایەتی سیاسی ئەو کاتی کورد خوێندنەوەی وردیان بۆ دۆخەکە نەبوو.

هەربۆیە بوونە بەشێک لەو ململانێ و شەڕە سەختەی بۆ ماوی هەشت ساڵ بەردەوام بوو. هەربۆیە قەزای هەڵەبجە بە شێوەیەکی کاتی کەوتە دەست بەشێك لە هێزی پێشمەرگە، پاشان ڕژێمی سەدام بەشێوەیەکی دڕندانە کەوتە بۆردومانکردنی شارەکە بە چەکی کیمیای قەدەغە کراو. کە لەچەند خولەکێکدا زیاتر لە (٥) هەزار کەسی شەهید کرد و هەزاران کەسی تری بریندارکرد.

بریندارەکانی چەکی کیمیاوی، لەجیاتی چارەسەر لە نەخۆشخانەکانی عێراق، ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وڵاتی ئێران کران. کەتا ئێستاش ژیانی بەشێک لەو برینداران و کەسوکاری شەهیدان لەژێر کاریگەری ئەو کیمابارانەی ئەو کاتدا ماوە.

ئێستاش کە (٣٢) ساڵ بەسەر کیمیابارانی هەڵەبجە دا تێپەڕێوە، سەرباری ئاوەدانی شارەکە و کردنی بەشێک لەپرۆژە خزمەتگوزاریەکان بۆ شارەکە. هەروەها کردنی شارەکە بە پارێزگا، بەڵام ئەو شارە برینێکی سارێژنەبووە، ئازارێکی بەردەوامە. چونکە خزمەتگوزاریەکانی هەر لەئاستی پێداویستیدا نین. ئەمە سەرەڕایی بوون بە پارێزگا هیچ سیمایەکی شاری پێوە دیار نیە. تەنها ناوە و لایەنە سیاسیەکانیش لەجیاتی خزمەتکردنی شارەکە لەڕێگای نوێنەرانیان لە حوکومەتەوە، شارەکەیان کردۆتە شوێنی ململانێی سیاسی و لەبەرانبەردا خەڵك قوربانی دەدەن.

هەروەها تائێستا حوکومەتی هەرێمی کوردستان نەتوانیەوە وا لە حوکومەتی عێراق بکات قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان و بەرکەوتوانی چەکی کیمایی لەو شارە بکاتەوە.

سەربارەی ئەوەی حیزبەکوردیەکان لەزۆربەی وڵاتانی جیهان و ئەوروپا نوێنەرایەتیان هەیە و ساڵانە پارەیەکی زۆری بۆ تەرخان دەکەن. بەڵام وەک پێوست کاریان بۆ کەیسی هەڵەبجە نەکردوە بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی جیهان وەک جینۆساید بیناسێنن.

بەبڕوای من ئەمساڵ بۆ خەڵکی هەڵەبجە هیمای خۆشحاڵیە! چونکە بەهۆی مەترسی کۆرۆناوە هیچ یادێک بەهۆی تێپەرینی(٣٢)ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی شارەکەدا ناکرێتەوە. هەربۆیە ئەمەش وا دەکات کە نەکردنەوەی یادەکە هاوشێوەی ساڵانی ڕابوردوو، پارەیەکی زۆر نەخورێ و گەندەڵی تێدانەکرێت و دواتر بە خزمەت بەشارەکەی بفرۆشنەوە. هەروەها بەڵێنی گەورەی بێ ناوەڕۆک بەخەڵکی شارەکە نەدرێت کە دواتر بەدڵنیاوە هیچی لێ جێبەجی ناکرێت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

هەروەها

Close
Close