جیهانهەواڵ

بڕیارە ئەمڕۆ ئەردۆغان بچێتە دیاربەکر

بڕیارە ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەرۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان، سەردانی شاری دیاربەکری باکووری کوردستان بکات.

ماهیر یوکسەل، پەیامنێری کوردستان24 لە دیاربەکر رایگەیاند، ئەم سەردانەی ئەردۆغان هاوکاتە لەگەڵ جوڵەی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا وەک ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، بڕیاریشە لەم سەردانەیدا ئەردۆغان چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە دیاربەکر بکاتەوە.

پەیامنێرمان راشیگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە دیاربەکر گوتارێک پێشکەش دەکات، بڕیارە ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی پارتی داد و گەشەپێدان ئامادەی کۆبوونەوەکە بن.

ئەردۆغان، لە 5ی ئەم مانگەدا لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی حزبەکەی، پارتی داد و گەشەپێدان ( ئاکپارتی) لە پەرلەمانی تورکیا، گوتی: “ئێمە لە تورکیا پرسێکمان نییە بەناوی پرسی کورد، لە کابینەکەی مندا دوو هاوڕێ کوردمان هەیە و وەزیرن”، ئەم لێدوانەی ئەردۆغان کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، بەتایبەتی لەناو پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان.

بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی 2023، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەبچن، لە ئێستاوە پارتەکانی تورکیا جوڵەیان دەستپێکردووە و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش لە هەوڵدان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیەک بەشداری بکەن.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close