
باسک نێت
میدیاكانی ئیسرائیل ئەوەیان پشتڕاستكردەوە كە سوپای داگیركەر لە ئۆپەراسیۆنەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا لە خان یونس ئەحمەد سەرحانی سەركردەی لیوای ناسر سەڵاح ئەلدینی شەهیدكردووە.
رۆژنامەی یدیۆت ئەحرۆنۆت دووپاتی كردەوە كە ئامانج لە ئۆپەراسیۆنی تایبەت لە خان یونس دەستگیركردنی سەركردەی فەلەستین بوو بۆ لێپرسینەوە و وەرگرتنی زانیاری لەسەر زیندانیانی ئیسرائیلی، بەڵام شكستی هێناوە..
هاوكات پەیامنێری كەناڵی ئەلجەزیرە لە خان یونس ووتی، “تیمی ئەلجەزیرە گەیشتونەتە شوێنی ڕووداوەكە لە ناوچەی كەتیبە لە خان یونس و گوێیان لە شایەتحاڵەكان گرتوە كە دووپاتیان كردەوە ، ئەوەی ڕوویداوە هێزێكی تایبەتی ئیسرائیلی كە جلی ژنانیان لەبەردابووە و بە ئۆتۆمبێلێكی مەدەنی هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵێك و فەلەستینیەكیان گولەباران كردووە و ژن و منداڵەكانی دەستگیركردوە، پاشان منداڵێكی دیكەیان كوشت كاتێك لە ماڵەكە دەچوونە دەرەوە.
ئەوەشی خستەڕوو: دواتر بە چڕی بۆردومانی ناوچەكە دەستیپێكردووە بۆ كشانەوەی هێزە تایبەتەكەی ئیسرائیل لە خان یونس و بەهۆیەوە دەیان كەس لە ژن و منداڵ شەهیدبوون.
لە لایەكی ترەوە كەناڵی ئەقسا بڵاویكردەوە، تەرمی ئەحمەد سەرحان بۆ نەخۆشخانەی ئەندەنوسی گوازراوەتەوە تا لە وێوە ببرێت بۆ بەخاكسپاردنی.




