عێراقكوردستانهەواڵ

لەسلێمانی بڕیارێکی نوێ بۆ کاری تاکسی دەدرێت و دوو کۆمپانیا کارەکە دەکەن

کارگێڕێکی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی دەڵێت، دەبێت ئۆتۆمبێلی هێڵەکانی دەرەوەی شار لە ساڵی نوێوە سەرنشینەکان لە تێرمیناڵی سلێمانی دابەزێنن و نزیکیان نەکەنەوە لەنێو شار، بۆ ئەوەش دوو کۆمپانیا، تەکسی تایبەتیان بۆ گواستنەوەی سەرنشینان داناوە کە نرخی گەیاندن لە 3 هەزار بۆ 6 هەزار دینار دەبێت.

رۆژی شەممە، 09ـی 12-2023، ئازاد ئەحمەد، کارگێڕی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی ڕایگەیاند، وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان نووسراوی بۆ کردوون کە لە سەرەتای ساڵی نوێوە هەر ئۆتۆمبێلێکی هێڵەکانی دەرەوەی شار بچێتە سلێمانی، دەبێت ناچار بکرێت سەرنشینەکانی لە تێرمیناڵ دابەزێنێت و نزیکی نێو شاریان نەکاتەوە.

ئازاد ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، لە مانگی ئۆکتۆبەردا بڕیارەکە دەرکراوە، بەڵام لەسەر داوای ئەوان راگیراوە و بڕیارە سەرەتای ساڵی 2024 بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.

تێرمیناڵی نوێی سلێمانی لەسەر رێگەی سلێمانی – تاسڵوجەیە و ئێستا بەشێكی ئۆتۆمبێلی هێڵەکان کە دەچنە نێو سلێمانی، سەرنشینەکان دەگەیێننە نێو شار و نزیک دادگەی سلێمانی دایاندەبەزێنن، بەڵام کە بڕیارەکە بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە، ئەو کاتە دەبێت لە تێرمیناڵەکەدا دابەزن. ئازاد ئەحمەد دەڵێت، “دوو کۆمپانیا تەکسییان دابینکردووە و سەرنشینەکان دەگوازنەوە بۆ نێو شار.”

لەبارەی نرخی گواستنەوەوە، کارگێڕەکەی سەندیکای شۆفێران گوتی، “بۆ گەڕە نزیکەکانی تێرمیناڵ وەکو راپەڕین و بەکرەجۆ و دەوروبەری سێ هەزار دینار دەبێت؛ بۆ گەڕەکە دوورەکانیش بەرزترین نرخ دەگاتە شەش هەزار دینار.”

ئازاد ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، هێڵی پاسیش بۆ گواستنەوەی سەرنشینان لە تێرمیناڵەوە بۆ نێو شار دابین دەکرێت و هەر کەسێک 750 دینار دەبێت؛ هێڵی پاسەکان رۆژانە تاوەکو کاژێر 10:00ـی شەو دەمێننەوە.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی، “پاسەکان بە شەش بۆ حەوت سەرنشینەوە دەردەچن و چاوەڕوانی پڕبوون ناکەن.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close