
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە فەرمی هەر ئەگەرێکی بۆ سازکردنی کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆ لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڕێبەری نوێی وڵاتەکە ڕەتکردەوە و داوای لە واشنتن کرد کە تێڕوانینی خۆی بەرامبەر بە پێگەی تاران بگۆڕێت.
ئەمڕۆ هەینی (٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانی دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا، لە وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: “من وتارەکەی ترەمپم بینی کە تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو ئامادەیە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ڕێبەرایەتیی ئێران ئەنجام بدات، بەڵام پێموایە پێویستە ئێمە واقیعبین بین و ئەو ئەگەرە بە تەواوی ڕەتکراوەیە.”
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و هەڕەشە بەردەوامەکان، دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکانی ئێران ئامۆژگاریی قورسیان ئاڕاستەی ڕێبەری باڵا کردووە کە لە شوێنە گشتییەکاندا زیاتر لەوەی ئێستا هەیە دەرنەکەوێت. عێراقچی داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد “درک بە ڕاستییەکانی ناوخۆی ئێران بکات” و خۆی لەگەڵ تاران وەک هێزێکی سەرەکیی ناوچەکە بگونجێنێت.
ئەم وەڵامە توندەی تاران دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “نیویۆرک پۆست” ڕایگەیاندبوو: “ئارەزوو دەکەم چاوم بە خامنەیی بکەوێت و لەوانەیە لە قۆناغێکدا کۆببینەوە، بەپێی ئەوەی کارەکان بەرەو کوێ هەنگاو دەنێن.” ئەمەش لە کاتێکدایە کە وتووێژەکانی نێوان تاران و واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەقبەستوویی بەخۆوە بینیوە.
دوای کوژرانی عەلی خامنەیی لە ٢٨ی شوباتی ئەمساڵدا لە هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل، موجتەبا خامنەیی لە سەرەتای مانگی ئازارەوە شوێنی باوکی گرتەوە و وەک ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی دەستنیشانکرا، بەڵام ناوبراو تا ئێستا بە شێوەی مەیدانی و ئاشکرا دەرنەکەوتووە و تەنها بەیاننامەی نووسراو بڵاودەکاتەوە.
سەرەڕای ئەوەی لە ٨ی نیسانی ڕابردووەوە و دوای ٤٠ ڕۆژ لە شەڕی قورس، ئاگربەستێکی لەرزۆک لە نێوان ئێران و ئەمریکا جێبەجێ کراوە، بەڵام لێدوانەکەی عێراقچی نیشانیدەدات کە هێشتا متمانە لە نێوان هەردوولادا لە نزمترین ئاستدایە و ئەگەری ڕێککەوتنی پێشوەختە دوورە.
باسک نێت




