
گرێبەستەكانی BPی بەریتانی لە بواری نەوت و غازدا كارا كرا
باسک نێت
(328 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە دەستپێكی گرێبەستی پەرەپێدانی چوار كێڵگەی نەوتی كەركوكە لەلایەن كۆمپانیای (بریتش پترلیۆم)ی بەریتانییەوە، ئەمڕۆ گرێبەستەكە كارا كرا.
گرێبەستی پەرەپێدانی 4 كێڵگەی نەوتی كەركوك و نۆژەنكردنەوەی دامەزراوە غازییەكانی كەركوك كارا كرا، كۆمپانیای نەوتی باكور و كۆمپانیای غازی باكور پێكەوە كاراكردنی گرێبەستەكانیان لەگەڵ كۆمپانیای (بریتش پترلیۆم BP)ی بەریتانی ئیمزا كرد.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت كە سەرپەرەشتی ئیمزاكردنی دەستپێكردنی كارەكەی كرد رایگەیاند، وەزارەتەكە سورە لەسەر زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو و غاز لە كەركوك، ئەمەش بۆ پاڵپشتی ئابوری نیشتمانی و دابینكردنی پێداویستییەكانی سوتەمەنی.
وەزیر وتی: گرێبەستی پەرەپێدانی چوار كێڵگەكەی كەركوك گرێبەستێكی ئومێدبەخشەو كێڵگەكانی (كەركوك بە هەردوو قوبەی ئاڤاناو بابا گوڕگوڕ- جەمبور- بای حەسەن- خەباز) لەخۆدەگرێت؛ ئەمە لەپاڵ نۆژەنكردنەوەی دامەزراوەكانی كۆمپانیای غازی باكور بەمەبەستی زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنانی غاز بۆ دابینكردنی سوتەمەنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا.
بەقسەی وەزیری نەوتی فیدراڵ، تێكڕای ئاستی بەرهەمهێنانی بەرایی بریتییە لە (328 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە وەكو دەستپێكی گرێبەستەكە، ئەمە هاوكات لەگەڵ پرۆسەكانی پەرەپێداندا، وەزارەت دەیەوێت هەم بەرهەمهێنانی نەوتی خاو كەركوك بەرزبكاتەوە هەم وەبەرهێنانیش بكات لە غازی هاوەڵدا، ئەمە جگە لە راكێشانی دەستی كار لە سنوری كەركوك و ئەو پارێزگایانەی كە لێیەوە نزیكن، لەگەڵ فەراهەمكردنی سوتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی كارەباو پیشەشازییە ناوخۆییەكانی تر.




