
گروپەکانی قوتابخانە ، هەڵەیەکی پەروەردەیی
سلام کریم عبدالله✍️باسک نێت
سەردەم ، سەردەمی پێشکەوتن و تەکنەلۆجیایە ، سەرکەوتوو ئەوانەن لەگەڵ هەنگاوەکانی پێش کەوتن زانستیانە و ژیرانە هەنگاودەنێن و پێشدەکەون .
تەکنەلۆجیا گەر بۆ مرۆڤێکی ئاسایی پێویستییەکی ڕۆژانە بێت ، بۆ کەرتی پەروەردە پێویستییەکی حەتمی و هەمیشەییە ، یەکێک لە پایە گرنگ و گەورەکانی تەکنەلۆجیا کە دەکرێت و دەتوانرێت بە هەمیشەیی سودی لێ ببینرێت ( موبایل و کۆمپیوتەر و ئینتەرنێتە )، کە لە ناوەندەکانی خوێندیش ڕۆژانە سودی لێ دەبینرێت ، بە شێوە زانستییەکەی ئەوپەڕی باش و جێی دەستخۆشییە ، بەڵام من ماوەیەکە چاودێری و سەرنجم لەسەر بابەتێک هەیە کە ئەویش ئەو گروپانەی ( ڤایبەر ، تێلیگرام ، وەتس اپ …..هتد ) کە لە قوتابخانەکان دادەنرێت بۆ خوێندکاران کە بەبڕوایی من کارێکی زیادە و تاڕادەیەکیش سلبیاتی زیاترە لە هەندێ قۆناغدا ..
بۆ نموونە ، ئەم گروپانە بۆ خوێندکاری بنەڕەتی ( ١ بۆ ٩ ) هۆکارێکە بۆ ئەوەی خوێندکار بە بیانووی ئاگادار بوون لە گروپ و چالاکی و دیاری کردنی وانە بەردەوام داوای مووبایل بکات و ئاسایی و نۆرماڵ بێتەوە لەکاتی دەوام بەردەوام بەکاری بهێنێت ، لەکاتێکدا ئەو ئەرکەی مامۆستا دیاری دەکات ، ئەرکی ناوپۆل و خوێندنگەیە کە دەبێت لە ماوەی ئەو ( ٤٠ ) خولەکەی ناو پۆلدا جێ بەجێی بکات ، نەک بەشێکی زۆری نوسینەکان و دیاری کردنی شتەگرنگەکان بخاتە گروپ .
تێبینی / دڵنیام بەشێکی زۆری مامۆستا هاوڕایی ئەم بۆچوونە نییە ، بەڵام من بڕوای تەواوم بەوە هەیە لایەنی سلبی زیاترە لە ئیجابی ..




