
ترەمپ بە چوار مەرجی توند دانوستان لەگەڵ ئێران دەستپێدەكاتەوە
باسک نێت
بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرای کردووە: ئیدارەی ترەمپ هەوڵدەدات ئێران رازیبكات بە چوار مەرجی توند وەک بنەمایەک بۆ ئەنجامدانی دانوستانی نوێی ئەتۆمی، بۆ خۆبەدوورگرتنیشی لە ئەگەری هەڵکشانی سەربازی نوێ، بە گڵۆپی سەوزی واشنتۆن.
ئەو بەرپرسە، كە قسەی بۆ رۆژنامەی واشنتۆن پۆست وتوشیەتی: چوار مەرجەکە بریتین لە، دانوستانی راستەوخۆ، راگرتنی پیتاندنی مادەی ئەتۆمی، سنوردارکردنی بەرنامەی موشەکی و راگرتنی هاوكارییەكانی بۆ گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئاماژەی بەوەشکردووە: ئەو مەرجانە لە دیارترین ئاستەنگەکانی خولەکانی پێشوی دانوستان بوون، پێدەچێت روبەڕوی رەتکردنەوەی تاران ببنەوە.
بەوتەى ئەو بەرپرسە، ئیدارەی ئەمریکا پێی وایە کاتی توندكردنەوەی فشارەکان هاتووە، سزاکانیش ژینگەیەك بۆ چارەسەری دیپلۆماسی دەخولقێنن.
بەگوێرەی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر تاراندا، سەرلێشێواوی لە سیاسەتی ئێراندا دروستکردووەو فشارەکانی لەسەر ئابوری وڵاتەکە زیاتر کردووە، بەتایبەت كە لە بنەمادا بەدەست لێكەوتەكانی گەمارۆکانی پێشووەوە دەناڵێنێت.
ئەوە لە کاتێکدا شارەزایان هۆشداری دەدەن لەوەی بەردەوامی چەقبەستویی دانوستانەکان دەكرێت دەرگا بەڕووی سەرهەڵدانەوەی ململانێكانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بکاتەوە.




