نوسەران

مامۆستا مەلا عوسمان سیحری بەدیهێنانی هێز و هەیبەت و بەدەستهێنانی دین و دنیا

مامۆستا مەلا عوسمان …
سیحری بەدیهێنانی هێز و هەیبەت و بەدەستهێنانی دین و دنیا
سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی
ئێستا تەنها ساڵیادی 13 و 5، ناكەینەوە، چونكە نە سیازدەكەی ئێمە سیازدەكەی جارانە و نە پێنجەكەی ئەوانیش وەك ئەوەی ئێمە وایە، 13ی 5 رۆژێكی مێژوویی بوو لە بزاڤی رزگاری خوازی گەلی كورد دا كە جوڵەیەكی ناتەواوی پەككەوتەی متبووی كوردی خستە ئاستێكی كامڵ و جوڵەوەو لە خاڵی یەكەم هیجرەت دەستی پێكردو دواتر خاڵی دوهەم و سێهەم و تاد….. راگەیاندنی جیهاد و بارەگا و رێكەوتنامەو سەركەوتن و تا ئێستاش بەردەوامە.
بزووتنەوەی ئیسلامی لەم بەروارە (13/5/1987) لەلایەن شۆڕەسواری ئیسلام، مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز و هاوەڵانی راگەیەنرا بە هەڵگرتنی كۆڵێك لە ئاسمان و ئیسلام و دڵێكی پڕ لە تەقوا و گیرفانێكی پڕ لە فیشەك، بۆ ئازادكردن و رزگاركردنی گەلی كورد و خۆشبەختانە ئەو خەونەش بویە راستی و هاتەدی، بەڵام دوای خوای گەورە و میهرەبان پێویستە هەڵوەستە لەسەر ئەوە بكەین، ئەو كەسایەتییەی بووە هۆكار بۆ بەدیهێنانی كێ بوو؟ چی كردو چۆن بوو؟؟
ئەوەی مەبەستمە باسی بكەم كەسایەتی سەركردەی ماندونەناس، كە هاوكات یادی كۆچی دوایی ئەو زاتەیە (مامۆستا مەلا عوسمان)ە.
مامۆستا مەلا عوسمان رابەری رابوونی ئیسلامی كوردستان وەك كەسایەتییەكی كوردستان، نەیتوانی هەموو ئەو زوڵم و زۆرەی كە رژێمی بەعس دژی گەلی كورد ئەنجامی دەدا قبوڵ بكات، من نا…، بەڵام ئەوانیتر بیریان دێت كە هەر ئەو رۆژە لەگەڵ كۆمەڵێك لە یارە ئیسلامناس و موجاهیدەكانی هیجرەتیان كردو توانیان كۆڵی خەمی گەلەكەیان هەڵبگرن، كە كۆڵێكی سەپێنراو بوو بەسەریانەوە.
مامۆستا مەلا عوسمان كەسایەتییەكی براوەی نێو گۆرەپانی كوردستان بوو بەهێنانەدی ئەو ئاواتانەی كە ئێستا هەموان ئاواتی بۆ دەخوازینەوە، عیززەت و سەربەرزی، بانگەوازی ئیسلامی و بەرزراگرتنی ریش و مێزەر!، ئەو كەسایەتییەكە كە تا ئێستا كەس نەبوەتە نمونەی ئەو كەسایەتییە دیندارە.
ئیسلامییەكان…. كێ لە ئێوە پرسیاری لە خۆی كردووە بۆچی مامۆستا مەلا عوسمان توانی هەیبەتی موسڵمانی لە كوردستان بنیات بنێتەوە، بەڵام ئێمە ناتوانین؟ ئایا ئەو گۆچانی سیحری پێ بوو؟ ئایا ئەو بودجەی زەبەلاحی كوردستانی لە بن دەست بوو؟ ئایا ئەو هێزی سەربازی و تەكنەلۆژیای سەردەمی پێ بوو؟ ئایا مامۆستا مەلا عوسمان پاڵپشتی وڵاتانی دەرەكی هەبوو؟ ئایا مامۆستا مەلا عوسمان خەونەكانی دەكردنە واقیعی ژیانی یان هەوڵی دەدا خەیاڵَەكانی بكاتە واقیع و لەسەر رێرەوێكی ئیسلامیانە و كوردیانە تاكو هەموان وەك ئێستا بڵێیین دەخیل كور گەل وەحدەتی سەف بپارێزن؟ كورە ئەم پرسیارانە و چەندین پرسیاری تر…. دڵنیام هەمووتان بە سەركردە و بنكردەوە لە خۆتان و یەكترتان كردووە وەڵامەكەشی دەزانن، بەڵام ئێمە و ئێوە گێلیمان هەڵبژاردووە، بۆیە گێلیش چارەسەری دواكەوتن دەكات و خۆماندوكردنیشی ناوێت.
بەینی خۆمان بێت من بێ شەرمانە وەلامی ئەو پرسیارە سواوانەی كە لە یەكترمان كردووەو دەكەینەوە دەدەمەوە، دڵنیاشم ئێوە ئەگەر بێ شەرمانە وەڵامم بدەنەوە ئەوا هەمان وەڵامەكانی من دەبنە وەڵامتان، بەڵام خۆ ئەگەر وەك هەمیشە خۆتان دەرباز بكەن لەو پرسیارانەی كە هەمیشە لێتان دەكرێت ئەوە من تاوانبار دەبم، بەڵام هاوار بۆ هەموومان لە رۆژی دوایی بە تایبەت ئێوە…
مامۆستا مەلا عوسمان خوای گەورە بیخاتە ژێر رەحمەتی خۆیەوە، بۆ بنیاتنانەوەی هەستی مرۆڤی كوردی موسڵمان بەبێ دوو دڵی هەوڵی دا، بەخوا نە ساحیر بوو نە جادوگەر!! خۆشتان دەزانن بودجەی نەبوو هەمووجار پێیان دەوت: بۆچی فەرشێكی جوان بۆ ژورەكەت ناكڕێت؟ تۆ رابەری بزووتنەوەیت؟ سەرداری لایەنێكی باڵادەستی ئەم هەرێمەیت؟ عەیبە!! دەزانن دەیوت چی؟ خۆم گوێم لێ بوو دەیوت: ئێستا پێشمەرگەكانم ئەو بەڕەی منیشیان دەست ناكەوێ، ئەگەر بیكڕم چۆن وەڵامی خوای گەورە بدەمەوە لە قیامەت!!
هێزی سەربازی و دەبابە و نەوەوی و تۆماهۆك و تانك و تەیارەشی نەبوو، ئەمەش كەس لاری لێی نەبوو، هەمو و و و وانیش دەزانن كە جگە لە یەك كەس ( خودا)، پاڵپشتی كەسی قبوڵ نەكرد، هەمیشە و بەردەوام نزای دەكرد و هەوڵی دەدا تاكو خوای گەورە خەون و خەیاڵەكانی بكاتە واقیع و داوای خێری كارەكانی لەو دەكرد.
مامۆستا مەلا عوسمان سیحری بەدەستهێنانی هەموو ئەو شتانەی كە باسم كرد و باس دەكرێن، بریتی بوو لە بەهێزیی دڵ و دەرون و ئیمانی لەبەرانبەر هەموو ئەو كورسییە شكاوە دنیاییانەی ئەمڕۆ و هێزو تانكە دۆراوەكانی وڵاتانمان، هەروەها بەرزی و پڕی گیرفانی لە قەناعەت لەبەرانبەر ئەو پارە و بودجە زۆرەی كە ئێستا هەموومان چۆكمان بۆی داداوە، بەخوا زۆر شتی تریش…
كێ دەڵێ وانییە؟؟ من دەڵێم… مەگەر مامۆستا مەلا عوسمان و هاوسەنگەرانی، بودجەی زەبەلاحیان هەبوو تا كۆشك و تەلار و ماڵی دنیایی كۆ بكەنەوە و ببنە پاسەوانی؟؟ مەگەر ئەو كەسایەتییانە لەقەبی پیاوی وڵاتان و پیاوی خەڵكییان لێ نرا؟؟ مەگەر ئەو سەركردانە هاوسەرگیری سیاسییان ئەنجام دا بۆ بەدەستهێنانی كورسی سامان (هەموو خانەوادەكەیان)؟؟؟؟ مەگەر وتیان پارە و پول و سامان چەكی دەستی سیاسیییەكانە و ئێمەش دەبێت وەك لایەنەكانیتر بین ئەگەر نا عەیبە؟؟؟ ئەوان نەیانوت عەیبە، بۆیە ئێستا ئێمە بوینەتە عەیبە و ناتوانین هێزی دوێنێمان بگێڕینەوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close