
شیکاری ستراتیژی : ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سایەی وەرچەرخانی دۆخی نێوان ئێران-ئیسرائیل
د. ئارام ئەحمەد ✍️باسک نێت
وەرچەرخانی مێژووی:
لە شەڕی سێبەرەوە بۆ کێشمەکێشی ڕاستەوخۆ
هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران نابێت وەک تەنها ڕووداوێکی سەربازی تەماشا بکرێت، بەڵکوو وەک شکانی یەکێک لە گرنگترین ڕووداوی جیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوو لە ساڵی ١٩٧٩ەوە، کە کۆماری ئیسلامی ئێران دامەزرا، لەو کاتەوە پەیوەندیی ئێران و ئیسرائیل لە چوارچێوەی “شەڕی سێبەر” و کردەوەی پڕۆکسیدا بەڕێوە چووە. ئەم دۆخە بە دوو لایەن ڕێگەی داوە تا بە درێژایی چەندین دەیە لە بەیەککەتنی ڕاستەوخۆ دوور بکەونەوە.
ئەم شکانە پیشاندەری گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە ستراتیژیی هەردوو لایەن. ئیسرائیل لە ڕابردوودا ئەو سیاسەتەی بەکارهێنا کە بە “Mowing the Grass” ناسراوە – واتە لە کاتی پێویستدا ھێرش بۆ سەر بریکارەکانی ئێران لە لوبنان، غەزە، و سووریا، بەڵام ھەرگیز ڕاستەوخۆ نەچووە سەر خاکی ئێران. لەم دۆخەدا یەکەم جارە ئیسرائیل ئەم ھێڵە سورە دەبەزێنێت.
جیۆپۆلیتیکی نوێی ناوچەیی
ئەم وەرچەرخانە لە کاتێکدا ڕوودەدات کە ھاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەشێوەیەکی بنەڕەتی لە گۆڕاندایە. ئێران لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا توانیویەتی “ھێلی بەرگریی پێشڕەوە”ی خۆی لە سووریا، لوبنان، عێراق، و یەمەن دروست بکات. لە ھەمان کاتدا، ئیسرائیل لە ڕێگەی “ڕێکەوتننامە ئیبراهیمییەکان”ەوە توانیویەتی پەیوەندیی لەگەڵ ئیمارات، بەحرەین، و مەغریب دروست بکات.
ئەم دۆخە دوو بلۆکی ناوچەیی دروست کردووە کە ئەوان لە کێشمەکێشی ڕاستەوخۆدان بۆ یەکەم جار. ئەمەش واتە ئەو ستراتیژییە کۆنەی “شەڕی سێبەر” کە هەردوو لایەن ڕێگەی پێدا بوو مەترسیی ئاستی بەریەککەوتن کەم بکنەوە، ئیتر ئەم بژاردەیە کارایی نییە
چەندڕەهەندیی وەڵامی ئێران
وەڵامی ئێران بۆ ئەم هێرشە تەنها لە ھەڵسەنگاندنی سەربازی سادەوە نایەت، بەڵکوو لە ھەڵسەنگاندنی ئالۆزی سیاسی، ئابووری، و کۆمەڵایەتی ناوخۆیی سەرچاوە دەگرێت. ئێران لە ئێستادا ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی جیاوازە:
قەیرانی سیاسی: کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی قەیرانی مەشروعیەتی ناوخۆیی و مەودای نەوەکانە. ئەم ڕووداوە دەتوانرێت وەک دەرفەتێک بۆ یەکخستنەوەی ڕیزەکان بەکاربهێنرێت، لە هەمانکاتدا وەک نیشانەیەک لە شکستی ڕژێم لە پاراستنی وڵات.
قەیرانی ئابووری: ئیمبارگۆکان و کەمکردنەوەی داهاتی نەوت، کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر ئەو پاوانەی کە ئێران دەتوانێت بۆ شەڕی درێژخایەن بیانخاتە گەڕ.
قەیرانی کۆمەڵایەتی: ئاپۆراو خۆپیشاندانەکانی ئێران لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئەو ڕاستییەیان نیشاندا کە بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگا ناڕازین لە سیاسەتی ڕژێم. ئەم ڕاستییە کاریگەری خۆی دەبێت لەسەر بڕیاری ڕژێم بۆ بەردەوامبوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ.
سێ بژاردەی ستراتیژیی ئێران
بژاردەی یەکەم – “ھێرشی ئاسۆیی ئاشکرا”: ئێران ڕەنگە ڕاستەوخۆ ھێرش بکاتە سەر ئیسرائیل بە تێکەڵەیەک لە مووشەکی بالیستیک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، و ھێرشی سایبەری. ئەم ڕێبازە پیشاندەری ئەوەیە کە ئێران ئامادەیە ڕووی خۆی لەشەرمەزاری ڕزگار بکات.
بژاردەی دووەم – “ستراتیژیی ھێرشی ئاسۆیی پاشکۆ”: ئێران ڕەنگە چەند ڕۆژ یان ھەفتەیەک چاوەڕی بکات تا هەموو کارتەکانی خۆی ڕێک بخات. ئەمەش ڕێگە بە ئێران دەدات کە بە یەکجاری لە ئاڕاستە جیاوازەکانەوە (تا ڕادەک لوبنان، ، عێراق، یەمەن) ھێرش بکات.
بژاردەی سێیەم – “ستراتیژیی گۆڕینی یاری”: ئێران ڕەنگە ڕوو لە بژاردەی، وەک: دەرچوون لە پەیماننامەی NPT، ئاشکراکردنی برنامەی ناوکیی نیزامی، یان هەڕەشەکردن بە داخستنی تەنگەی ھورموزبکات.
ستراتیژیی “ھەڵوێستی دووڕەھەندە”ی ئەمریکا
ئەمریکا لە ئەم قەیرانەدا بەردەوام ھەوڵی بۆ ڕێکخستنی “ھەڵوێستی دووڕەھەندە” دەدات. لە لایەکەوە، ئەمریکا دەبێت ڕۆڵی پاڵپشتی ئیسرائیل ببینێت وەک یەکەم ھاوپەیمانی خۆی لە ناوچەکەدا. لە لایەکی ترەوە، ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە ملکەچی شەڕێکی نوێی ناوچەیی ببێت.
ئەم ڕاستییە واتە ئەمریکا ڕۆڵی “فرێنکردن” دەبینێت – واتە ھاوپەیمانیەتی لەگەڵ ئیسرائیل دەپارێزێت، بەڵام ھەوڵدەدات ڕێگە لە گەشەکردنی شەڕەکە بگرێت. ئەم ڕێبازە ئامانجی ئەوەیە پیشاندانی ھێز بکرێتە بنەما بەبێ ئەوەی ھێز بەکاربهێنرێت.
سێ بژاردەی ستراتیژیی ئەمریکا
بژاردەی یەکەم – “پشتیوانیی پارێزراو”: ئەمریکا پشتیوانیی ئیسرائیل دەکات بە شێوەی ڕاوێژکاری ئاسایشی، پاراستنی ھەوایی، پارێزی بەرگری. ئەم ڕێبازە ڕێگە بە ئەمریکا دەدات پشتیوانیی ھاوپەیمانەکەی نیشان بدات بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ ملکەچی شەڕەکە بێت.
بژاردەی دووەم – “دیپلۆماسیەتی ڕێگر”: ئەمریکا ھەوڵدەدات لە ڕێگەی ھاوپەیمانانی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە فشار لەسەر ھەردوو لایەن بکات بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە. ئەم ڕێبازە ئامانجی ھەیە دەرفەتێک بۆ ڕێکخستنی نوێی ناوچەیی دروست بکات.
بژاردەی سێیەم – “ملکەچبوونی ڕێ لێنەگیراو”: ئەگەر ئەم شەڕە بگاتە ئاستی نیگەرانکردنی بەرژەوەندیە ستراتیژییەکانی ئەمریکا، وەک: ئاسایشی وزە و نەوت، یان ھەڕەشە بۆ سەر ھاوپەیمانانی، ئەمریکا ڕەنگە ملکەچی شەڕەکە ببێت.
سیستمی تۆڕی بریکارەکانی ئێران
تۆڕی بریکارەکانی ئێران لە ناوچەکەدا نابێت وەک کۆمەڵێک گرووپی جیاواز لێی بڕاواندرێ، بەڵکوو وەک سیستمێکی پەیوەندیدار کە ھەموویان بە ھەماھەنگی کار دەکەن. ئەم سیستمە لە بنەڕەتدا بۆ مەبەستی ستراتیژی دروست کراوە: بەرگری لە ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی.
حیزبوڵڵا لە لوبنا؛ ئەم ڕێکخراوە دەتوانێت وەک ھێزێکی سەربازیی ئاسایی لەگەڵ ئیسرائیل بجەنگێت. ئەوان خاوەنی ٥٠ ھەزار تا ٧٠ ھەزار مووشەکن کە توانای گەیشتن بە ھەموو ناوچەکانی ئیسرائیلیان ھەیە. ئەم ھێزە ھەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ ئاسایشی ئیسرائیل.
ڕێکخراوە شیعەکانی عێراق: ئەم ڕێکخراوانە دەتوانن ھەردوو ڕۆڵی ناوخۆیی و ناوچەیی ببینن. لە ناوخۆیی عێراقدا ئەوان کاریگەری سیاسیان ھەیە، و لە ئاستی ناوچەیی دا دەتوانن ھێرش بکەنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.
ئەنسارولڵا لە یەمەن: ئەگەرچی لە دوورترین نوقتەوە، ئەم گرووپە دەتوانێت ھێرش بکاتە سەر کەشتی ڕێگاکانی بازرگانیی جیھانی. ئەمەش ڕێگایەکی کاریگەری فشارکردنە لەسەر ئابووری جیھانی.
ئاڵۆزیی کۆنترۆڵی ئەم بریکارانە
بەڵام ئیدارەکردنی ئەم تۆرە کارێکی ئاڵۆزە. ھەریەکێک لەم گرووپانە خاوەنی ئایجەندای ناوخۆیی خۆیانن کە بەشێکی لەگەڵ بەرژەوەندیی ئێران ناگونجێت بەتایبەت داوای کەوتنی بەشار. بەڵام لە هەمانکاتدا ئەم گرووپانە لە ئاستی جیاوازی ئامادەیی ملکەچبوونی شەڕی بەرفراواندان.
دەمەوێت بڵێم ئێران ناتوانێت پشت لەسەر ھەماھەنگی تەواوی ئەم گرووپانە ببەستێت. ھەندێک جار ئەم گرووپانە ڕەنگە کار بکەن کە ئێران ناویەوێت، یان ڕەنگە ئێران ناتوانێت ھەندێک کاریان پێ بکات کە ئەوان دەیانەوێت
ڕۆڵی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی
سیستەمی نێودەوڵەتیی لە گۆڕاندایە
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا ڕوودەدات کە سیستەمی نێودەوڵەتی لە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیدایە. ھەژمۆنی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە
دۆخێکی گۆراودایە، و لە ھەمان کاتدا هێزە نوێیەکان وەک چین و ڕووسیا ڕۆڵی زیاتریان دەوێت.
ڕۆڵی چین: چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دوو ڕۆڵی جیاوازی ھەیە. لە لایەکەوە، چین ھاوپەیمانی ئێرانە لە ڕێگەی پڕۆژەی “یەک پشتێنە یەک ڕێگە” و پەیمانی ستراتیژیی ٢٥ ساڵە. لە لایەکی ترەوە، چین پێویستی بە سەقامگیری ناوچەیی ھەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی ئابووری و ئاسایشی وزەی خۆی.
چین ڕەنگە ھەوڵبدات ڕۆڵێکی ناوەند ببینێت و ھاوکاریی ھەردوو لایەن بکات بۆ دابەزاندنی ئاستی ململانێکە. ئەم ڕێبازە ڕێگە بە چین دەدات کە پێگەی خۆی وەک ھێزێکی گەورەی نێودەوڵەتی بەھێز بکات.
ڕۆڵی ڕووسیا: ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ھاوپەیمانی ئێرانە. بەڵام پەیوەندیی ئالۆزی لەگەڵ ئیسرائیل ھەیە، بەتایبەتی لە بابەتی سووریا. ڕووسیا ڕەنگە ھەوڵبدات لەم قەیرانە سوود وەربگرێت بۆ زیادکردنی کاریگەری خۆی لە ناوچەکەدا.
ڕۆڵی یەکیەتیی ئەوروپا: ئەوروپا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر گرنگی بە ئاسایش و سەقامگیری دەدات. یەکیەتیی ئەوروپا ڕەنگە ھەوڵبدات ھاوکاریی ھەردوو لایەن بکات بۆ گەیشتن بە چارەسەری دیپلۆماسی.




