
ئەگەر دەست لە ( ChatGPT ) هەڵنەگرین زەرەری گەورە دەكەین
پ . د . سەعید عەلی محەمەد
یەكەم / هیچ كەسێك نابێتە (داهێنەر) یان ناگاتە ئاستی (داهێنان) ئەگەر پشت بەتوانا و زیرەكی و لێهاتوویی خۆی نەبەستێ ، متمانەی بەخۆی نەبێ ، باوەڕی تەواوی بە سەلیقە و كەرەستەكانی بەردەستی خۆی نەبێ ، متمانەی بە گەشەسەندنی خۆی ، ئاواتەكانی خۆی ، ڕووناكبیریی و ئاسۆی بیركردنەوەی خۆی نەبێ ، ئەگەر پشت بەماندووبوونی خۆی ، گەڕان و بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەكانی خۆی نەبەستێ ! دڵنیابن هەمیشە كەسی (داهێنەر) جیاوازە لەگەڵ كەسە هاوپیشەكانی بوارەكەی خۆی ، بە بەرهەم و داهێنانی جیاواز ، شكاندنی تەقلید و باوەكان ، هێزی داهێنەرانە ، بیركردنەوە و شیكردنەوە و خوێندنەوەی ورد و جیاواز و ناوازە ! مامەڵەكردنی ئازایانە لەگەڵ فشارو ئاڵنگارییەكان و ، گرنگی و فۆكس خستنەسەر چارەسەرەكان نەك كێشە و گرفتەكان!
دووەم / شارستانییەت و پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا ، زیرەكی دەستكرد و شۆڕشی میدیایی ، هەڕەشەن بۆ سەر مرۆڤ ! دەزانن بۆ ؟!
وەڵام : لەبەرئەوەی مرۆڤی ئەم سەردەمە كاتێك بەیەك لینك هەموو شتێكی دەست دەكەوێ ، ئیتر ناتوانێ یەك هەنگاو بەرەو پێشەوە بڕوات ، نە لەڕووی لاشەییەوە ، نەلەڕووی دەرونییەوە ، نەلەڕووی زیهنییەوە ، ئەم مرۆڤە بەستەزمانە لەهەموو نیعەتێكی گەشەكردن و بەرەوپێش چوون ، تام و چێژی داهێنان ، هەستی خۆشیی و ئارامیی و ئاسوودەیی دەستكەوتی نوێ بێ بەش و مەحروم ئەبێ!
سێهەم / هەمووان دەزانین ئێستا كۆمپانیای ( OpenAI ) داهێنانێكی نوێی پێشكەش كردووە كە بریتیە لە ( ChatGPT ) ، ئەمە ڕۆبۆتێكی قسەكردنە و ، زیاتر لە سكرتێر دەچێ و ڕۆڵی سكرتێر دەبینێ ، واتە كۆتا تازەگەرییەكان و ئەبدەیتەكان گەیشتوونەتە ئەو ئاستەیەی كە ئەم لاشە و جەمادە بێ گیانە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەكان ڕێكدەخات ، هەر لەنەخشەی هەفتانەوە تا دەگاتە (یادخەرەوەكان) ، ئیدارە داراییەكان ، نووسینەكان و دیزاینەكان و …. تادوایی ، كە ئەمانە هەرهەموویان سەرەڕای ئەوەی لەڕواڵەتدا نیعمەتن ، بەڵام لە حەقیقەت و ناوەڕۆكدا ئازارو عەزاب و عقوبەن!
چوارەم / بەم نزیكانە یەكێك لە هاوڕێكانم بەپەلە هات بۆ لام و بەپێكەنین و دڵخۆشییەوە ( با بڵێین ) مژدەیەكی پێدام و ووتی : ئیتر ئیسراحەت بە ! دواتر ووتی : ئەم خزمەتگوزارییە (ChatGPT) بەكاربهێنە و ئیتر بەستە و بێ سەرئێشە بە! هەر شتێك تۆ بتەوێ تێیدایەتی ، منیش كاتێك بیرۆكەكەم زیاتر لەلا ڕوونبووەوە ، بێزاربووم و ڕەخنەم لێگرت!! ئەم (دوژمن)ـم ڕەت كردەوە ، داوام لە هاوڕێكەشم كرد ئەم دوژمنە لەخێزانەكەی دووربخاتەوە و لەجیاتی پشت بەستن بە (چات جی پی تی) ، ناچارو پابەندییان بكات لەزەت و چێژ لە هەوڵ و كۆشش و ماندووبوون ، پشكنین و گەڕان و بەدواداچوون وەرگرن ، بۆ ئەوەی نەبنە بارو قورسایی بەسەر خۆیانەوە ، بەسەر خێزانەكانیانەوە ، بەسەر كۆمەڵگاكەیانەوە ، بەسەر نیشتمانەكەشیانەوە!
پێنجەم / لەڕاستیدا زۆر بێزارو بێتاقەت ئەبم كاتێك كە دەبینم كەسانێك ئێستا پشت بەم (جەمادە) دەبەستن بۆ گەڵاڵەكردن و ئامادەكردنی بیرۆكەی وتارێك ، یان نووسین و توێژینەوەیەك ، یان ئەنجامدانی چالاكییەك ، یان وەك ئامڕازێك بۆ یادخستنەوە ، یان بۆ بەجێگەیاندن و ڕاپەڕاندنی ئەركێكی قوتابخانە!! بۆیە هیواخوازم وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بە ئەركی سەرشانی خۆیان هەستن و ، ڕووبەڕووی ئەم دیاردەیە ببنەوە و ، هەموو دام و دەزگاو دامەزراوە و فەرمانبەرانی بەشەكانی خۆیان لە بەكارهێنانی (زیرەكی دەستكرد) بۆ بەڕێكردنی ئەركەكانیان لەسەرجەم بوارە زانستییەكاندا ئاگادار بكەنەوە.
شەشەم / نەوەی نوێ و تازە پێگەیشتووەكان ئەگەر بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆیان زانست پەیدانەكەن و ، بەدوای مەعریفەدا وێڵ نەبن ، ئەگەر لەڕێی داهێناندا ، خۆپێگەیاندن و خۆبنیاتناندا تووشی سەرئێشە نەبن ، ئەگەر هەوڵی داهێنان و گەڕان و شەونخوونی ماندوویان نەكات ، ئەگەر نووسین و توێژینەوە تووشی نەخۆشی و چاوئێشەیان نەكات ، هەست بە تام و چێژو لەزەت و گەورەیی زانست ناكەن ، هەست بە قیمەت و نرخ و سەنگ و قورسایی خۆیان ناکەن ! لەدواییشدا ناتوانن خێزانێك پێكبهێنن ، خزمەتی كۆمەڵگە بكەن ، ناتوانن لە ژوورەكەی خۆشیاندا بێنە دەرەوە!!




