
سەۆكی لیژنەكەی دیمەشق:
لەگەڵ هەسەدە دەست بەجێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دەكەین
باسک نێت
سەرۆکی لیژنەی حکومەتی سوریا، کە ئەرکی کۆتایهێنان تەواوكردنی ئەو ڕێککەوتنەکەی پێسپێردراوە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) دەڵێت، لە خولی یەکەمی دانوستانەکاندا هەردوولا پابەندبونی خۆیان بە یەکپارچەیی خاکی سوریا، بەتەواوی پێکهاتەکانەوە دەربڕیووە.
حسێن سەلامە، سەرۆکی لیژنەکە بە تەلەفیزیۆنی سوریای راگەیاند، کۆبونەوەکە بە ئامادەبوونی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و بەرپرسانی ئەمریکا لە بنکەیەکی سەربازی لە شاری شەدادی لە گوندەواری حەسەکە ئەنجامدراوە.
سەلامە وتوشیەتی: گفتوگۆکە لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی نیشتمانی و ئیرادەیەکی هاوبەش ئەنجامدراوە، ئامانج لێی گەیشتن بە یەکێتی خاکی سوریا و لەخۆگرتنی هەموو پێکهاتەکان، بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک پەراوێزبخرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبونەوەی سەرەتادا رێککەوتین لەسەر پێکهێنانی لیژنە کاری تایبەتمەندو هاوتا، کە لە سەرەتای مانگی نیساندا دەست بە کارەکانیان دەکەن.
جەختی لەوەشكرد، دۆخی باکوری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کاروباری ناوخۆی سوریایە و هەر گفتوگۆیەک سەبارەت بە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا بەشێکە لە پرۆسەیەکی تەواو نیشتیمانی.




