كوردستانهەواڵ

وەزیری ناوخۆ: هەر کەسێک پابەند نەبێت بە رێنماییەکان سزا دەدرێت

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، هاتووچۆ لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا لە نێوان شارەکان قەدەغەدەکرێت و ئەوانەشی لە ئێرانن ئەگەر لە وادەی دیاریکراودا نەگەڕێنەوە رێگا بە هاتنەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان نادرێت

راشیگەیاند، باشترین چارەسەر بۆ کۆرۆنا خۆپارێزییە و هەر کەس و بەرپرسێک پابەند نەبێت بە رێنماییەکان بەگوێرەی یاسا مامەڵەکەی لەگەڵ دەکرێت و سزا دەدرێت

راشیگەیاند، رێگا نادەین خەڵک بە کۆمەڵ گەشت و سەیران بکەن، ئەگەر کەسێک بچێت بۆ گەشت و سەیران کە ئێمە داوا دەکەین خەڵک لە ماڵەکانیان بمێننەوە، دەبێت یەک خێزان بە تەنها بچێت و لە شوێنێک بێت کە خەڵکی دیکەی بە دەورەوە نەبێت.

وەزیری ناوخۆ گووتی، ئەگەر هاووڵاتیان هاوکار بن ناگەینە ئەو قۆناغەی رێگای نێوان شارەکانی یەک پارێزگا دابخەین، بەڵام ئەگەر هاوکار نەبن ناچارین بڕیاری نوێ بدەین.

هەروەها، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لەو کەسانە کرد کە کەرەنتین کراون و چوونەتەوە ناو ماڵەکانیان، چاودێری خۆیان بکەن و ئەگەر هەر نیشانەیەکیان هەبوو، پەیوەندی بە 122 بکەن.

لای خۆیەوە پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، هیچ ئەزمەیەکی خواردن نییە و جوولەی بازرگانی بەردەوامە

راشیگەیاند، ئێستا 500 کەس لە هەولێر کەرەنتین کراون و هەرکەسێک بە قاچاغ بێتەوە رێکاری بەرامبەر دەگیرێتە بەر

راشیگەیاند، هەموو چایخانە و کافتریا و هەر شوێنێکی جەنجاڵ دادەخرێت

ئاماژەی بەوەشدا، چێشتخانەکان تەنها بۆیان هەیە بە سەفەری خواردن بدەنە هاووڵاتیان

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close