كوردستانهەواڵ

حکومەتی هەرێم وەڵامی رێواز فایەق دەداتەوە

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەداتەوە کە وتبووی “حکومەت دەیەوێت دەستکاری (یاسای مافی بە دەستھێنانی زانیاری) بکات. وتەبێژی حکومەت ئەو زانیارییە رەتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت: کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھیچ ویستێکی لەو چەشنەی نییە.

لە راگەیەندراوێکدا جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت”بەڕێز د.رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییەکانی سلێمانی و ھەڵەبجە، ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەیەوێت دەستکاری (یاسای مافی بە دەستھێنانی زانیاری) بکات. ئێمە لێرەوە رای دەگەیێنین کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھیچ ویستێکی لەو چەشنەی نییە و ھیچ داوایەکی لەو جۆرەشی بۆ ھەموار کردنەوەی ئەو یاسایە، ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان نەکردووە”.

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی”سەبارەت بە دەرچوواندنی رێنماییەکانی یاسای مافی بە دەستھێنانی زانیاری، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە رێکەوتی 22ی حوزەیرانی 2022، بە بڕیاری ژمارە (157) و لە خاڵی سێیەمدا ھەریەک لە سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران، فەرمانگەی میدیا و زانیاری و دەستەی سەربەخۆیی مافەکانی مرۆڤی راسپاردووە، بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی رێنمایی ئاسانکاری جێبەجێکردنی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری لە ھەرێمی کوردستان. لێرەوە سوپاسی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەکەین کە دوای دوو مانگ و نیو لە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، پاڵپشتی خۆی بۆ دەرچوواندنی رێنماییەکان دەربڕی”.

ئاماژەی بەوەشداوە”حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە پابەندی پەیڕەوکردنی شەفافیەتە لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی و بەکردەییش ئەوەی جێبەجێی کردووە”.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close