جیهانهەواڵ

ئێران مه‌رجه‌كانی راگرتنی شه‌ڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل ئاشكرا ده‌كات

رۆژنامەی کەیهان كه‌ نزیكه‌ له‌ ڕێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران نۆ مه‌رجی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تاران داوای ده‌كات بۆ راگرتنی شه‌ڕ، له‌وانه‌، بونی ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو به‌سه‌ر گه‌روی هورمزدا، هاوكات ده‌ڵێت، ده‌بێت “به‌ فەرمیی پابەندبونی کردەیی دەستدرێژیکاران بە راگرتنی هەمیشەیی جەنگ و تیرۆر رابگه‌یه‌نرێت”.

رۆژنامەی کەیهان ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ بڵاویكرده‌وه‌، حكومه‌تی تاران نۆ خاڵی دیاریكردوه‌ وه‌ك مه‌رجی كۆتاییهێنان به‌ شه‌ڕ له‌وانه‌ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و نەمانی بنکەکانیان لە رۆژئاوای ئاسیا هه‌روه‌ها جێبەجێکردنی سیستمی فەرمی، یاسایی-ئابوریی هاتوچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز لەژێر سەروەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

له‌ خاڵی سێیه‌می داواكاریه‌كه‌ی تاراندا هاتوه‌، ده‌بێت هێرشه‌كانی سه‌ر عێراق، لوبنان و بەرەی موقاوەمە رابگیردرێت، هه‌روه‌ها له‌ خاڵی چواره‌مدا ده‌ڵێت، ته‌واوی سزاكانی سه‌ر ئێران كه‌ له‌لایه‌ن نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەمریکاوه‌ سه‌پێنراون هه‌ڵوه‌بشێنرێنه‌وه‌.

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، له‌ مه‌رجی پێنجه‌مدا باس له‌ ئازادکردن و گەڕانەوەی دەستبەجێی داراییە بلۆکەکراوەکانی ئێران لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە ده‌كات، خاڵی شه‌شه‌میش په‌یوه‌سته‌ به‌ ناساندنی فەرمیی ئەمریکا و ئیسرائیل وەک دەستدرێژیکار و پێدانی قەرەبوی سەرەتایی تاوه‌كو کاتی یەکلاییکردنەوەی کۆتایی زیانەکان.

به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی كه‌یهان، له‌ خاڵی حه‌وته‌می مه‌رجه‌كانی ئێراندا باس له‌ کۆتاییهێنان بە بانگەشەکانی ئیمارات بۆ سێ دورگەکە (تونبی گەورە، تونبی بچوک و ئەبوموسا) ده‌كات لە رێگەی دەرکردنی راگەیێندراوی فەرمییەوە، كه‌ ساڵانێكه‌ ئیمارات ده‌ڵێت، له‌لایه‌ن ئه‌و وڵاته‌وه‌ خاوه‌ندارێتی ده‌كرێت.

له‌ خاڵی هه‌شته‌مدا هاتوه‌، ده‌بێت به‌ فەرمیی پابەندبونی کردەیی دەستدرێژیکاران بە راگرتنی هەمیشەیی جەنگ و تیرۆر رابگه‌یه‌نرێت.

په‌یوه‌ست به‌ پرسی ئه‌تۆمی، له‌ مه‌رجه‌كه‌دا هاتوه‌، ئێران بەهۆی کەوتنە مەترسیی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی لەبەر ئەندامبون لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی، بەپێی بەندی 10ی ئەو پەیماننامەیە، له‌ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ده‌كشێته‌وه‌.

باسک نێت

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close