
بەرنامەی موشەكییەكەی ئێران خاڵی سەرەكی ناكۆكییەكانی نێوان واشنتۆن و تارانە
باسک نێت
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لەزاری بەرپرسێكی ئاگاداری ئێرانەوە بڵاویكردووەتەوە، جگە لە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم، پێدەچێت پرسێکی دیکە لەسەر مێزى دانوستان بێت بۆ گفتوگۆکردن، كە ئەویش بەرنامەی موشەکییە.
وتوشیەتی، ئێران بەرنامەی موشەکیەكەی وەک گەورەترین بەربەست لە گفتوگۆکاندا دەبینێت نەک پیتاندنی یۆرانیۆم.
بەوتەی ئەو بەرپرسە ئێرانیە، دانوستانکارانی ئێران هەفتەی رابردوو كاتێك رۆمایان بەجێ هێشتووە، قەناعەتی ئەوەیان لا دروستبووە که ئەمریکا هەڵوێستی تارانی قبوڵ کردووه بەوەی كە به تەواوی کۆتایی به بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم نەهێنێت، یان دەستبەداری هەموو ئەو یۆرانیۆمەی نەبێت که پێشتر پیتاندویەتی، بەڵام ئاماژەیداوە بەوەی بەرنامە موشەكییەكەی تا ئێستاش خاڵێکی سه رەکیی ناكۆكییەكانەو، تاکە خاڵی ناكۆك كە ماوەتەوە لە گفتوگۆی گشتییەكان و لێکتێگەیشتنی هاوبەش، پرسی موشەکە.
بەرپرسەكەی ئێران جەختیكردووە، هەڵوێستی تاران لەسەر ئەم خاڵە جێگیرە، هیچ سازشێك سەبارەت بە بەرنامەی مووشەکییەكەی ناكات بەجۆرێك ئەو رێککەوتنە تێپەرێنێت كە ساڵی ٢٠١٥دا گەیشتون پێی و رایگەیاندووە، توانا بەرگرییەکانی ئێران دانوستانی لەبارەوە ناكرێت.
بەڵام ئێران وەک ئاماژەیەکی نیازپاکی خۆی لە دروستکردنی ئەو مووشەکانە بەدوور دەگرێت، كە توانای هەڵگرتنی كڵاوەی ئەتۆمییان هەیە.
بڕیارە ئەمڕۆ لە مەسقەتی پایتەختی عومان سێیەم گەڕی دانوستانەكانی نێوان واشنتۆن و تاران دەستپێبكاتەوە، لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا جگە لە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتكۆف، نێردەی سەرۆكایەتی ئەمریكا، وەفدی تەكنیكی و پسۆڕانی هەردوو وڵات كۆدەبنەوە.




