كوردستانهەواڵ

بەڕێوەبەری حەج و عومرە: پێشبینی دەکەین ئەمساڵ حەج ئەنجامنەدرێت

بڕیاربوو لە کۆتایی مانگی حوزەیران گەشتی حاجیان لە ھەرێمی کوردستانەوە بە مەبەستی جێبەجێکردنی فەریزەی حەج دەست پێ بکات، بەڵام بەھۆی بوونی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا ھیچ بڕیارێک بۆ ئەنجامدانی گەشتەکە نییە.
شێخ قاسم بەرزنجی بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە لە وەزارەتی ئەوقاف ئاماژە بەوە دەکات کە تا ئێستا سعوودیە ھیچ رێنمایی و ئاگادارکردنەوەیەکی نەبووە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج لە کاتێکدا کات زۆر کەم ماوە، بۆیە پێشبینی دەکەن ئەمساڵ پڕۆسەی حەج ئەنجام نەدرێت.

بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرە ڕایگەیاند، فەریزەی حەج بە پلەی یەکەم پەیوەندیدارە بە سعوودیەوە و ئەم پەتایە کاریگەرییەکی زۆری کردووەتە سەر پڕۆسەکە، تاوەکو ئێستاش ئاگادار نەکراوینەتەوە کە دەست بە ئامادەکارییەکانی کۆتایی بکەین.
شێخ قاسم بەرزنجی ئاماژە بەوەیش دەکات کە لە ئەگەری ئەنجامدانی پڕۆسەکە، تێچووی گەشتەکە سەدا ١٠٠ زیاد دەکات چونکە ئەگەر ساڵانی پێشووتر چەند کەسێک لە ژووری ھۆتێلێک بوونایە، لەئێستادا نابێت لە یەک یان دوو کەس زیاتر بن و بێگومان ئەمەیش کار دەکاتە سەر تێچووی گەشتەکە.

شێخ قاسم بەرزنجی وتیشی: ”بە بۆچوونی ئێمە ھیچ کات نەماوە بۆ ئەنجامدانی سەفەری حەج، چونکە ئامادەکاری دەوێت، لەگەڵ ئەوەیشدا ھاووڵاتییان کەم پەیوەندی بە ئێمەوە دەکەن و ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت کە ھاووڵاتییانیش ئارەزوومەندنین گەشتەکە ئەنجام بدەن کە جگە لە بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا، قەیرانی داراییش کاریگەری لەسەر پڕۆسەکە ھەیە.

بڕیار بوو ئەمساڵ لە ٣٠ی حوزەیران یەکەم گەشتی حاجیانی ھەرێمی کوردستان بۆ سعوودیە ئەنجام بدرێت کە تیایدا بۆ ئەمساڵ چوار ھەزار و ٨٨٠ پشک بوو،جگە لەوەی ھەندێک پشکیش بۆ کەسوکاری شەھیدان و بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیایانەیە کە حاجیان دەگوازنەوە، بەڵام بەھۆی بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی لە جیھاندا، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ پڕۆسەکە ئەنجام نەدرێت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close