
نزیکە 2 هەزارو 600 کەس بەهۆی خۆڵبارینەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کران
باسک نێت
وەزارەتی تەندروستیی عێراق، تۆمارکردنی نزیکەی 2600 حاڵەتی تووشبوون بەتەنگە نەفەسی لەشەپۆلی خۆڵبارینی ئەم دواییانەدا ڕاگەیاندو ئاماژەی بەوەدا کەتائێستا هیچ حاڵەتێکی گیان لەدەستدان تۆمارنەکراوە.
سەیف بەدر؛ وتەبێژی وەزارەتەکە ڕایگەیاند: دامەزراوەکانی وەزارەتی تەندروستی لەبەغداو پارێزگاکانی تر، 2570 حاڵەتی تەنگە نەفەشی بەهۆی شەپۆلی خۆڵبارینی ئەم دواییانە تۆمارکراون، زۆربەی حاڵەتەکانیش لەبەغداو واست و بەسرەو دیالە بوون.
وتیشی: ڕێوشوێنی پێویستی تەندروستی بۆ سەرجەمیان گیراوەتە بەر، لەئێستاشدا زۆربەیان دامەزراوە تەندروستییەکانیان جێهێشتووەو هیچ حاڵەتێکی گیان لەدەستدانمان تۆمارنەکراوە.
ساڵح حەسناوی؛ وەزیری تەندروستیی عێراقیش، فەرمانی بەسەرجەم بەشەکانی فریاگوزاری و کارمەندان و ئەمبوڵانسەکان کردووە بۆ بەدەمەوە چوونی سەرجەم حاڵەتەکانی خنکاندن لەتەواوی عێراق و دابینکردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی و بەتایبەتیش ئۆکسجین.
ئەمڕۆش فەرمانگەی تەندروستیی دیالە ڕایگەیاند: زیاتر لە 400 هاووڵاتی بەهۆی خۆڵبارینەوە لەنەخۆشخانەکان خەوێندراون.
خۆڵبارینەکە سەرجەم ناوچەکانی دیالەی گرتووەتەوەو لە 11 ناوچەدا چڕبووەتەوە، بووەتە هۆی کەمیی بینین لەو ناوچانەدا.
تائێستا لەنەخۆشخانەی دیالە زیاتر لە 400 کەس داخڵ کراون کە 70٪یان بەساڵاچووانن و بەهۆی تەنگە نەفەسی و هەستیارییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.
https://t.me/plus4news