نوسەران

هاوکێشەکانی گەردوون و ئەخلاقی ئیماندار

هاوکێشەکانی گەردوون و ئەخلاقی ئیماندار

شەپۆل احمد✍️باسک ێت

ماتماتیک یان بیرکاری، تەنیا بابەتێکی وشکی ناو پەڕتووکەکان نییە؛ بەڵکو ئەو ڕیتمە شاراوەیەیە کە لێدانی دڵی گەردوونی پێ ڕێکخراوە. ئەگەر بە وردی لە ڕێکخستنی ئەم گەردوونە بڕوانین، درک بەوە دەکەین کە لە پشتی بچووکترین گەردیلەوە تا گەورەترین گەلەئەستێرە، زمانێکی ماتماتیکی زۆر بێگەرد و بێ‌ھەڵە کاری خۆی دەکات.
ئەمە ترپەیەکە کە تەنیا گوێی عەقڵ دەیبیستێت و تەنیا ڕووحی باوەڕدار هەستی پێدەکات.

کاتێ تۆ سەیری گەڵای ڕووەکێک، گوڵەبەڕۆژەیەک، یان شێوەی دروستبوونی سەدەفێکی دەریا دەکەیت، زنجیرە ژمارەی فیبۆناچی (Fibonacci) و ڕێژەی زێڕین (Golden Ratio) بە ڕوونی دەبینیت.
ئایا ئاسۆییی و ڕێکەوت دەتوانێت هاوکێشەیەک بنووسێتەوە کە بۆ ملیۆنان ساڵ بەبێ چەوتبوون کار بکات؟
عەقڵانیەتی مرۆڤ لەم خاڵەوە دەست پێدەکات کە ڕێکخراەی ناو دەرەنجامی زانست و توانایە نەک شتێکی ڕێکەوت.

خوای پەروەردگار دەفەرموێ : «إِنَّا كُلَّ شَيْءٍ خَلَقْنَاهُ بِقَدَرٍ»

واتا : بەڕاستی ئێمە هەموو شتێکمان بە ئەندازە و وردەکارییەکی دیاریکراوەوە دروستکردووە
ئەو ئایەتە کورتە، جەوهەری تەواوی ئەو یاسا و هاوکێشانەیە کە زاناکان ڕۆژانە دەیدۆزنەوە. ماتماتیک زمانێکە خاوەنی خۆی نییە، بەڵکو زمانێکە مرۆڤ تەنیا دەیخوێنێتەوە؛ واتە یاساکان پێشتر داڕێژراون و ئێمە تەنیا دەیانبینینەوە.

لە دیدگای ئیسلامدا، عەقڵ و دین دژی یەکتر نین، بەڵکو دوو بالی فڕینی مرۆڤن بەرەو حەقیقەت.

ئیسلام داوا لە مرۆڤ دەکات بە عەقڵییەتێکی شیکارییانە لە گەردوون بڕوانێت. سەرنجدان لە تێکڕای گەردوون (لە جووڵەی ئەستێرەکانەوە تا خولانەوەی ئەلیکترۆنەکان) باوەڕبوون بە دروستکەرێکی بێ‌ئەندازە زانا بەهێزتر دەکات.
لێرەدا ورد ورد عەقڵ دەپێوێت، دەپشکنێت و هاوکێشەکان دەدۆزێتەوە.

دین دەستکەوتە عەقڵییەکان دەبەستێتەوە بە ئامانج و تەوحیدەوە، و وەڵامی پرسیاری “بۆچی؟” دەداتەوە.
مسوڵمانی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە زانست بەکار دەهێنێت بۆ تێگەیشتن لە مەزنیی دروستکەر، نەک بۆ نکۆڵیکردن لێی.

ئەگەر ئەو بۆچونە فیکریە ڕوی دا جوانی مسوڵمانیەتی دامەدەمەزرێت هەروەک چۆن گەردوون بە ماتماتیکێکی ڕێک کار دەکات یان با بڵێین ئیش دەکات ، ژیانی مسوڵمانیش بەپێی یاسایەکی ئەخلاقی و ڕۆحیی زۆر جوان ڕێکخراوە:

ئەو ڕێکخستنە دوو تەوەری جیا لە عەقڵی ئیسان دا بەکار دەکات:

یەکەم : ڕێکخراوەیی لە گەردون دا وەک :
– هەموو ئەستێرەیەک لە خولگەی خۆیدا دەسوڕێتەوە هێمایە بۆ کات و گونجان لەو خولەدا.
– تێکنەچوونی هێزی ڕاکێشانی ئەو گەردوونە بەو گەورەییەوە هێمایەکە بۆ هاوسەنگی.
– هارمۆنی تەواو لە نێوان توخمەکاندا هێمای بێ جیواز بوون و سیفەتی یەکتر قبوڵ کردنە.

دووەم : ڕێکخراوەیی لە ژیانی مسوڵمان دا وەک :
– پێنج نوێژ لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا، هێمایەکە بۆ ڕێکپۆشین و کات ناسین.
– بەخشینی زەکات و هاوسەنگکردنی سەروەت و سامان لە کۆمەڵگەدا وەک چۆن گەردون هێمایەکە بۆ هاوسەنگی.
– مامەڵەی جوان، پاکیی دڵ، و بەخشندەیی بەرامبەر دروستکراوەکانی تر هێمایەکە بۆ ئەخلاقیاتی بەرز.

مسوڵمانێک کاتێک لە ئاوازی ڕێکوپێکی گەردوون تێدەگات، هەوڵدەدات ژیانی ناوەکی و دەرەکیی خۆشی بباتە سەر هەمان ڕیتم؛ واتە دوورکەوتنەوە لە پشێوی (فەوزا)، دروستکردنی ئاشتی لەگەڵ دەوروبەردا، و بەکارهێنانی عەقڵ بۆ ئاوەدانکردنەوەی زەوی.

کەواتە دەتوانین بڵێین : گەردوون وەک ژەنینی بەستەیەکی سەمفۆنیی بێکەموکورت وایە. ماتماتیک نۆتەکانی ئەم سمفۆنییەیەیە، عەقڵی مرۆڤ گوێگرێکە کە لە ڕێکپۆشیی نۆتەکان تێدەگات، و ئیمانیش ئەو حاڵەتە ڕۆحییەیە کە درک بە مەزنیی نووسەری ئەم سمفۆنییە دەکات.

مسوڵمانێتیی ڕاستەقینە، تێکەڵبوونی تێگەیشتنی عەقڵانی و هەستی ڕۆحییە؛ سەرسامبوونە بە خولانەوەی گەلەئەستێرەکان لە ئاسماندا، و بە هەمان شێوە، چەماندنەوەی کۆمەڵێک جەستەیە بە خشوعەوە لەسەر سەرجادەیەک لەسەر زەوی، بۆ هەمان ئەو خودایەی گەردوونی بەم تەواوەتییە بەدی هێناوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close