نوسەران

تەنها لە 10 کاتژمێردا

تەنها لە 10 کاتژمێردا

پ . د . سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت

کتێبێکی وەرەقیم بەرچاو کەوت پێنج سەد لاپەڕە بوو ، کاتێک ورد بوومەوە سەیر دەکەم ئەم کتێبە تەنها لەدە کاتژمێردا خوێنراوەتەوەو بەشێوەی ( دەنگیی )ش خوێندنەوەکە تۆمارکراوە! زۆر بەقوڵی سەرنجی ئەم ژمارەیەم دا و وتم : پێنج سەد لاپەڕە تەنها لەدە کاتژمێردا ؟!

دەبێ دە کاتژمێر چی بێ لە تەمەنێکی دوورو درێژ ؟ خۆ ئەگەر مرۆڤ تەنها دوو کاتژمێر لە ڕۆژەکەی تەرخان بکات بۆ خوێندنەوە کتێبێکی لەو قەبارە لەماوەی پێنج ڕۆژدا تەواو دەکات ، لەماوەی تەنها یەک مانگیشدا سێ هەزار لاپەڕە دەخوێنێتەوە ، خۆ ئەگەر لەڕۆژێکدا تەنها یەک کاتژمێر دەرفەتی هەبێ ئەوا لەمانگێکدا نزیکەی هەزارو پێنج سەد لاپەڕە دەخوێنێتەوە ، واتە سێ کتێبی پێنج سەد لاپەڕەیی !

من لێرەوە بۆم دەرکەوت کە زۆر جار گرفت ئەوە نیە ( کات بەدەستەوە نیە ) ، بەڵکو گرفت لە
(چۆنێتی مامەڵەکردنی ئێمەدایه لەگەڵ کاتدا ) ، چونکە ئاشکرایە ڕۆژانە چەند خولەکێک هەن ئەگەر ڕێک بخرێن و کۆبکرێنەوە چەند کاتژمێرێک پێک دەهێنن ، هەروەها هەفتانە چەند کاتژمێرێک هەن ئەگەر رێک بخرێن پێکەوە بدرێنە پاڵ یەک دەبنە ڕۆژێکی تەواو ، بەڵام بەداخەوە ئەو کاتانە لەنێوان سەرقاڵبوون بە مۆبایل و ، تەماشاکردنی سایت و پەیجەکان و ، قسەوباس و بابەتی پچڕ پچڕی بێ سوودی بێ کۆتایی دا بەسەر دەچن و دەفەوتێن ، دواتریش مانگ کۆتایی دێت و تێدەپەڕێت تۆش بە خەفەت و هەناسە هەڵکێشانەوە دەڵێیت : کاتمان بەدەستەوە نیە !

لێرەدا ڕووی دەمی من زیاتر لەوانەیە سەرقاڵی بنیاتنانی کەسایەتی زانستی خۆیانن و بەدوای کۆکردنەوەی زانست و مەعریفەدا وێڵن : دەبێ بزانن پاراستنی تەنها یەک کاتژمێر لە کاتی ڕۆژانەیان واتە : خوێندنەوەی کتێبێکی قەبارە گەورە لەماوەی دە ڕۆژدا ، سێ کتێب لە مانگێکدا ، سی و شەش کتێب لەماوەی ساڵێکدا !! بێ گومان ئەو دەستکەوتانەی لە ماوەی ساڵێکیشدا بەدەست دەهێنرێن سەرجەمیان دەرەنجام و بەرهەمی ئەو کاتژمێرە کەم و بچوکانەن کە ڕۆژانە دەپارێزرێن و نافەوتێنرێن .

مەعلومە تەمەنی مرۆڤ هەمووی پێکەوە بەیەکجار ناڕوات و تێناپەڕێت هەتا مرۆڤ بترسێ لە دەستی بچێت ، بەڵکو تەمەن بە پەنهانی لەمرۆڤ دەدزرێت : خولەک دوای خولەک ، کاتژمێر دوای کاتژمێر ، تا کاتێک دەزانێ لادەکاتەوە بەدوای خۆیدا ڕێگایەکی دوورو درێژی لە تەمەنی بڕیوەو بەرهەم و ئاسەوارو ئەنجامێکی ئەوتۆیشی لێ هەڵنەکڕیوە .

کەواتە دەبێ کاتژمێرەکە بپارێزرێت ، چونکە پاراستنی کاتژمێرێک پاراستنی تەنها شەست خولەک نیە ، بەڵکو پاراستنی پارچەیەکە لە تەمەن ، کە دەگونجێ ئەو کاتژمێرە فێربوونی لاپەڕەیەکی ئاڵۆزی گرنگ بێ بۆ تۆ ، دەگونجێ بابەتێکی گرنگ بێ دەروازەیەکی گەورە بۆ تۆ بکاتەوە ، یان کێبێکی تێدا بخوێنرێتەوە کە پلەیەک ئاستی تۆ بەرز بکاتەوە ، یان عیبادەت و پەرستشێکی تێدا ئەنجام بدرێت کە لەپەروەردگار نزیکت بکاتەوەو تەرازووی چاکەکانت قورس بکات.

ماوەتەوە بڵێین :

تەمەنە گەورەکان لە ناوەڕۆکدا تەنها ئەو کاتژمێرە کەم و سنووردارانەن کە خاوەنەکانیان نرخ و سەنگ و قورساییان زانیوون و وەبەرهێنانیان تێدا کردوون و ، ڕێگەیان نەداوە لەکیس بچن و بفەوتێن .

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close