
نەخشە ڕێگای ماڵێکی ڕەمەزانی .. شەش خاڵی گرنگ بۆ هەموو ماڵێک لە ڕەمەزاندا
پ . د. سەعید عەلی محمەد✍️باسک نێت
چاوەکان وا ڕاهاتوون ئامادەکاریەکان بۆ ڕەمەزان تەنها لە ڕەنگە جوانەکان و ، ڕازاندنەوەی سفرەکان و نوێکردنەوەی کەل و پەلەکانی ناوماڵدا ببیننەوە .. ئەمە لە ڕوێکەوە ڕاستە هەنگاوێکی جوانە ، بەڵام ئەگەر لەگەڵ ئەم گۆڕانکاری و ڕازاندنەوە ڕواڵەتیانەدا ئەو ئامادەکاریە نەکرێت کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ڕۆحی ماڵەکەو عەقڵی ئەندامانی خێزانی نێو ماڵەکە ئەوا تەنها دیکۆرسازیەکی ڕوکەشیانەی کاتی ڕەمەزانیەو هیچی تر !
ڕەمەزان میوانێک نیە بەخوارنەکان ڕێزی لێبگریت ، بەڵکو هەلێکە بۆ (دەربازکردن) ی خۆمان و منداڵ و خێزانەکانمان لە جەنجاڵیەکانی ژیان .
پرسیار ئەوەیە : چۆن ئامادەکاریی ڕاستەقینە بکەین بۆ ڕەمەزان ، چۆن ماڵەکانمان ئامادەبکەین بۆ ئەم وەرزە عیبادەتەو مانگە پیرۆزە ؟
لە ڕاستیدا ئامادەکاریی ( پەروەردەیی و ڕۆحیی ) بۆ ڕەمەزان لە ماڵەکاندا خۆی لەم چەند خاڵەدا دەبینێتەوە :
یەکەم : ( بازنەو دانیشتنە قورئانیە خێزانیەکان ) کە ئەمە خاڵی کۆکەرەوەو پێکەوە بەستنەوەیە .
با لەمانگی ڕەمەزاندا هەموو ماڵێک ( ویردێکی ڕۆژانەی بەکۆمەڵ )ی تێدا بێت ، تەنها خوێندوەیەکی قورئان نەبێت بەشێوەیەکی تاکەکەسی بێ دەنگ ، پێویستە کاتێک تایبەت بکرێت کە گەورەو بچوک تێیدا کۆببنەوە ، یەکێک قورئان بەدەنگی بەرز بخوێنێتەوەو ئەوانی تریش گوێی لێبگرن ، ئینجا لە ئایەتێکی دیاریکراودا بوەستن بۆ هەڵوێستەکردن و تێگەیشتن و قسەکردن لەسەری و چۆنیەتی جێبەجێ کردنی لە ژیانی ڕۆژانەی ماڵەکەدا ، بێ گومان ئەم دانیشتنە بەکۆمەڵەخێزانیانە ( یادخستنەوەی ڕۆحیی ) لەنێو تاکەتاکەی خێزانەکاندا بنیات دەنێت ، وادەکات قورئان لە هەموو ڕەفتارو گوفتارو مامەڵەو جوڵەیەکیاندا ڕەنگ بداتەوە.
دووەم : (جوانی دڵەکان ) لە پێش جوانی دیوارەکانەوەیە ، با لە ڕۆژەکانی ڕەمەزاندا دانیشتنێکی گەرم و گوڕی خێزانیی ڕوون و ئاشکرا دەست پێ بکەین ، لەو دانیشتنەدا ( پەیماننامەیەک بۆ ماڵ ) دابنێین ، گرنگ نیە چەند ئەخۆین ، چی ئەخۆین ، خواردنەکان چین ، گرنگ ئەوەیە چەندە بۆلای پەروەردگار بەرز ئەبینەوە ؟ ئامادەکاریی ڕاستەقینە لە ( خاڵیکردنەوە ) ی ماڵ دەست پێدەکات لە قڕەو جەنجاڵی ناکۆکیەکان و ، ڕاهێنان لە لەسەر ( لێبوردەیی ) ، پێش هاتنە پێشەوەی شەوی قەدر ، بۆ ئەوەی ڕۆحەکان و دڵەکان بە پاک و بێگەردی پێشوازی لە ساتە پڕ نوورو پیرۆزەکان بکەن .
سێهەم : لە جیاتی گرنگی دان بەدیاری کردنی شوێنی وێنەگرتنەکان ، خواردنەکان ، میوانەکان ، با ( میحرابی تایبەت بە ماڵەوە ) دیاری بکرێت ، شوێنێکی ئارام بدۆزرێتەوە ناوی ( میحرابی ماڵ ) یان ( سوچی ذیکرکردن ) ی لێ بنرێت ، شوێنێک بێت دوور بێت لە شاشەکان و نێتەکان ، بە قورئانەکان و تەفسیرە کورت و پوختە ئاسانەکان ئامادە کرابێت ، بۆ ئەوەی ئەم دیمەنە چاوی منداڵەکان لەسەر بینینی باوک و دایکەکانیان لە حاڵەتی ( خەڵوەت ) لەگەڵ پەروەردگاردا ڕابهێنێت ، نەک هەمیشە دایک و باوکەکانیان بە( سەرقاڵبوون )ی بەردەوام بە مەتبەخەوە یان مۆبایلەکانیەوە ببینن .
چوارەم : ( دوورگرتن و خۆپاڕێزیی بەکۆمەڵ ) لە سۆشیال میدیا :
گەورەترین بەربەست لەبەردەم ئامادەسازیی و پەروەردەی ڕەمەزانیدا ( شڵەژانی مێشک) ە ، واتە با لەئێستاوە ڕێک بکەوین و بڕیار بدەین لەسەر دیاریکردنی ئەو کاژێرانەی مۆبایلەکانمانی تێدا دادەخەین ، کاتێکیش تەرخان بکەین بۆ ( گفتوگۆی خێزانیی ) ، یان خوێندنەوەیەکی بەکۆمەڵی ژیاننامەی پێغەمبەر درودی خوای لەسەربێت ، یان چیرۆکە قورئانیەکان ، پەروەردەی سەرمەشقیی دەخوازێ منداڵ باوکەکەی خۆی ببینێت کەمۆبایلەکەی خستۆتە ئەولاوە بۆ ئەوەی دڵی بۆ ئەوان بکاتەوە.
پێنجەم : بانکی ( خەیرو سەدەقە خێزانیەکان ) :
با ئێمە سندوقێک بۆ سەدەقەو چاکەکان ئامادەبکەین ، گەورەو بچووک تێیدا بەشدار بن ، مەبەست بە ئامادەکاری لەم بوارەدا ئەوەیە منداڵەکانمان ڕابهێنرێن لەسەر ( نەریت و ئادابی بەخشین ) ، با ئەوانیش بەشداربن لە دەستنیشانکردن و دۆزینەوەی خێزانە هەژارەکاندا ، با یارمەتی دەربن بە قاسە سادە بچوکەکانیان لەبەخشینی سەدەقەکاندا ، بۆ ئەوەی هەست بەوەبکەن ڕەمەزان مانگی ( بەخشین )ە ، نەک مانگی خواردن خواردنەوەو (بەکاربردن) .
شەشەم : دروستکردنی (هەڵپەی مەعریفی) :
بالەجیاتی وێڵ بوون بەدوای ئەڵقە دراماکاندا ، لیستێک لە ( پرسیارە ڕەمەزانیەکان ) ئامادەبکرێ ، هەموو ڕۆژێک پرسیارێکی فیکری یان پەروەڕدەیی بخرێتە ڕوو بۆ ئەوەی لەسەر سفرەی ڕۆژوو کردنەوە موناقەشە بکرێ و قسەی لەسەر بکرێت ، بۆ ئەوەی عەقڵی منداڵەکان هانبدات ئاسۆی گەشەکردنیان فراوانتر بکات ، دیارە ئامادەسازیی ئایینیش لە (بەگەڕخستنی عەقڵ ) دایە لەتێگەییشتن لە مەبەست و فەلسەفەی عیبادەت کردن..
ماڵی موسڵمان لە ڕەمەزاندا ( قوتابخانە ) یە پێش ئەوەی چێشتخانە بێ ، کاتێک کوڕەکان کچەکان لەماڵەوە باوکەکانیان و دایکەکانیان دەبینن لە لایەک لە کاتە دیاریکراوە پیرۆزەکاندا بایەخ و گرنگی بە ( میحرابی ماڵەوە ) دەدەن ، لە لایەکی تریش ماندوو دەبن و هەوڵ و کۆشش دەکەن بۆ پڕکردنی( بانکی خەیرو سەدەقەکان ) ، ڕاستەوخۆ بۆیان دەردەکەوێت کە سەنگ و قیمەت و قورسایی ڕاستەقینەی مرۆڤ لە پەیوەندی و پەیوەستبوونیەتی بە پەروەردگاریەوە ، لە گەڵ چاکەکردن لە گەڵ مەخلوقەکانی ..
مە علومە هاوسەنگیی لە نێوان ڕێزگرتنی میوان ( گەدە ) ، لەگەڵ ڕێزگرتنی ڕۆح (عەقڵ و دڵ ) کلیل و نهێنی بەرەکەتە لە ماڵەکانماندا !
قاپ و قاچاخەکان و کەرەستەکان دەشکێن ، جوانیەکان سیس دەبن و دەوەرێن ، ڕۆژە پیرۆزەکان دەڕۆن و تێپەڕ دەبن ، بەڵام ئەو ( ماناو مەغزا )یەی لە دڵی منداڵەکانماندا لەم ڕۆژانەدا دەیڕوێنین ، هەر ئەوەیە لەسەر زەوەی دەمێنێتەوەو بەردەوام دەبێت … با ماڵەکانمان پڕکەین لە ڕەوحانییەت و سەکینەت و ئارامی ، نەک هەراو فەوزاو جەنجاڵی.




