
عێراق، لە نێوان دەوڵەمەندیی یەدەگ و قەیرانی کاشدا
سەرکۆ یونس✍️باسک نێت
لە سەرەتای ساڵی دارایی 2026هوه، عێراق لەبەردەم قەیرانێکی ئابووری و دارایی مەترسیداردایە. لە لایەک خاوەنی یەدەگێکی گەورەی 100 ملیار دۆلاری و 140بۆ145 تەن زێڕە، بەڵام لە لایەکی ترەوە کێشەی دابینکردنی “کاش”ی دیناری هەیە بۆ مووچەی 4 بۆ4.1 ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆر (فەرمانبەرانی میلاکی فەرمی + گرێبەستەکان + خانەنشینان + تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی) سەر بە حکومەتی عێراقی و یهك ملیۆن و 200 ههزار مووچەخۆری هەرێم، کۆی گشتی مانگانە نزیکەی 8 بۆ 9 تریلیۆن دینارە.
لە سیستەمی ئابووری و داراییدا، ئاشکرایە کە یەدەگی دراو تەنها پشتیوانەی بەهای دراوە نەک پارەی خەرجکردن؛ حکومەت بۆ خەرجیی ڕۆژانە پێویستی بە دینار هەیە، کە ئێستا لە ناو گەنجینەکانیدا خەریکە دەبێتە دەگمەن!
بەپێی داتاکانی بانکی ناوەندی، قەبارەی پارەی چاپکراو لە 99.79 تریلیۆن دینار لە کۆتایی ساڵی 2025 هوه بەرزبووەتەوە بۆ13.56 تریلیۆن دینار تا کۆتایی مانگی ئایاری (پێنج)ی 2026، ئەمەش واتە بە ڕێژەی13.7 تریلیۆن دینار تەنها لە ماوەی 5 مانگدا! کارەسات و مەترسییە ئابووری و داراییەکان لێرەدا دەردەکەون:
• 80% بۆ 85%ی ئەم پارەیە لە دەرەوەی سیستەمی بانکییە: واتە نزیکەی 90 تریلیۆن دینار لە ماڵەکان، لەلای کۆمپانیاکان، کەرتی تایبەت و هەندێک بەرپرسی گەندەڵکار کۆکراوەتەوە. شایانی باسە د. مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری ئابووریی سەرۆک وەزیران، ئەم ڕێژەیەی دڵنیاکردەوە و هۆشداریی داوە کە ئەگەر عێراق هەنگاوی بنەڕەتی نەنێت لەم لایەنەوە، ئەوا مەترسیی کەمبوونی کاش زیاتر دەبێت.
• تەنها 10% بۆ 15%ی پارەکە لە بانکەکاندایە: کە نزیکەی 10 بۆ 15تریلیۆن دینارە. ئەمە وایکردووە بانکەکان تەنها ببنە “کۆگایەکی سارد” و نەتوانن هیچ ڕۆڵێکی گەشەپێدان (وەک پێدانی قەرز) بگێڕن، چونکە “خوێنی ئابووری” کە پارەیە، لە سوڕان وەستاوە.
حکومەتی عێراق، لە ئێستادا ڕووبەڕووی قەیرانێکی ڕاستەقینەی سیولە (نەختینە) بووەتەوە. ئەم کێشەیە تەنها گومان نییە، بەڵکو داتا فەرمییەکان و ڕاپۆرتە ئابوورییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە؛ لەوانەش وتەکەی وەزیری تەندروستی لەم کابینەکەییهدا، کە وتی “پارە نییە”، و هەموو هەوڵەکانی حکومەت لە ئێستادا تەنها بۆ مووچەیە و ناشتوانن مانگانە لە کاتی خۆیدا مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دابین بکەن.
چارەسەری کێشەی سیولە تەنها لە چاپکردنی پارەدا نییە، بەڵکو لە گەڕانەوەی متمانەدایە. بۆ گەڕاندنەوەی پارە، حکومەت ئێستا لە ڕێگەی شێوازە ئەلیکترۆنییەکان و سیستەمی نیشتمانیکردنی مووچەوە (تەوتین) هەوڵ دەدات خەڵک هان بدات پارەکانیان بخەنە بانک، بەڵام بەهۆی مێژووی ئیفلاس و ناسهقامیگیری سیاسی و ئابوری و داراییهوه، متمانەی هاووڵاتی بە بانک هێشتا زۆر لاوازە.
بۆ هەرێم، بارودۆخەکە قورستره!
هەرێمی کوردستان لەم نێوەندەدا، کە خاوەنی ئابوورییەکی بەکاربەر و پاشکۆی دارایی بەغدایە، مەترسییەکانی سەر شانی قورستر و قووڵترن. دواکهوتنی مووچە لە لایەک و کەمبوونی داهاتی نانەوتی لە لایەکی ترەوە، بازاڕەکانی هەرێمیان تووشی سستبوون و داکشان کردووە، لە کاتێکدا جوڵەی بازاڕ سەدا سەد بەستراوەتەوە بە مووچەوە.
بەدڵنیاییەوە مووچە دوادەکەوێت؛ هەروەک چۆن دابەشکردنی مووچەی مانگی ڕابردوو نزیکبووەوە لە 50 ڕۆژ، بۆ مانگی تەمووزیش (حەوت) بە هەمان شێوە دەبێت. هیچ ئاسۆیەکی ڕوون نییە کە بەغدا بتوانێت مووچە لە کاتی خۆیدا بنێرێت، چونکە کورتهێنانە داراییەکە قورس و جەرگبڕە؛ بەپێی وتەی د. مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری ئابووریی سەرۆک وەزیران، تەنها بۆ مووچەی مانگی تەمووز، 3.3 تریلیۆن دینار کورتهێنانی نەختینەییان هەیە.




