جیهانهەواڵ

هاکان فیدان: بەوردی چاودێری جووڵەکانی ئیسرائیل دەکەین لە سوریا

هاکان فیدان:
بەوردی چاودێری جووڵەکانی ئیسرائیل دەکەین لە سوریا

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “ئێن تی ڤی” تورکی:

بەوردی چاودێری جوڵەکانی ئیسرائیل دەکەین لە سوریا.
​زۆر بە باشی ئەوەش دەزانین ناتنیاهۆ لە ئێستادا هەوڵ دەدات پێگەی سیاسی خۆی بەهێز بکات تا لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.

قسەکردنی لەسەر دوژمنایەتی تورکیا و نیشاندانی وەک هەڕەشە بەشێکە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ناوخۆیی خۆی.
بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ئێمە ئەوەی ناتانیاهۆ دەیڵێت بە کەم بزانین.

لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ لێدوان و هەڵوێستەکانی دەکەین، بەتایبەتی بەدواداچوون بۆ هاوکاری سەربازیی لەگەڵ هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە دەکەین.
هیوادارین ئیسرائیل سیاسەتێکی دەرەوە پەیڕەو بکات کە لەسەر بنەمای ئاشتی بێت.

بەپێچەوانەوە ئیسرائیل و ناوچەکە باجی ئەم پشێوییە دەدەن.
​ بە ڕوونی دەبینین کە ئیسرائیل چۆن دوای فەلەستین و لوبنان هەوڵ دەدات سوریا بکاتە گۆڕەپانێکی نوێ و چۆن هەوڵ دەدات کێشە لەوێ بنێتەوە.

تورکیا وڵاتێک نییە بە ئاسانی و بە خێرایی کێشبکرێتە ناو ململانێ و بە هەڵچوونەوە بجوڵێتەوە، ئێمە هەمیشە بە حساب هەنگاوەکانمان دەنێین.

​ئیسرائیل ئیتر تەنها هەڕەشە نییە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، سیاسەتەکانی ناتنیاهۆ بووەتە هەڕەشە بۆ سەر تەواوی جیهان

ئەگەر بەم بارودۆخە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا بڕوام وایە وەڵامی پێویست بە شێوازێک لە شێوازەکان دەدرێتەوە.
​لە ئێستادا جیهانی ئیسلامی بە قۆناغێکی سەختدا تێپەڕدەبێت، ئێمە لە یەک کاتدا لە چەندین رووەوە روبەڕوی قەیران بوینەتەوە.

چەند مانگێکە چەقبەستوییەک لە دانوستانەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێراندا هەیە.
مەترسییەکە لەوەدایە ئەم چەقبەستووییە تەنها لە شێوەی هێرش بۆ سەر یەکتری نەماوەتەوە، بەڵکو گەیشتووەتە بەرەی بابولمەندەبیش، جەنگەکە فراوان بووە و گەیشتووەتە یەمەن.
​بە باشی دەزانین و دەبینین کەسانێک هەن دەیانەوێت ململانێکە بە پلەبەندی بەرەو سعودیە فراوان بکهن.

​کەسانێک هەن باسی “هاوپەیمانی مەککە” دەکەن و دەمەوێت شتێکتان لەسەر ئەو بابەتە پێ بڵێم.
​لە ڕاستیدا هاوپەیمانی مەککە گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتوو.
​لە ئێستادا بە تەواوی توانامانەوە کار دەکەین بۆ دروستکردنی دامەزراوە سەربازییەکانی هاوپەیمانییەکە.

​نزیکبووینەتەوە لە تەواوکردنی دامەزراندنی بارەگای سەربازیی هاوپەیمانییەکە.
​هیچ نەماوە تەنها ناردنی فەرمانبەران و کارمەندان و دەستپێکردنی کاری بارەگاکە نەبێت.
ئێمە بە خێراییەکی زۆر زۆر ئەوەمان کرد، چونکە ڕووداوە خێراکانی ناوچەکە ئەمەمان بەسەردا دەسەپێنن.

​هاوپەیمانییەکەمان کراوەیە لەبەرامبەر وڵاتانی ناوچەکەدا.

دوای تەواوکردنی هەنگاوەکانی دروستکردنی دامەزراوەکان، بڕوام وایە ڕاوێژی پێویست لەگەڵ دوو وڵاتە دامەزرێنەرەکە دەکەین بۆ هاتنەناوەوەی هاوپەیمانی نوێ.

​ئەگەر ئەم هاوپەیمانییە فراوان نەبێت، ئەوا نابێتە هاوپەیمانییەکی ڕاستەقینە.
​پلانەکانمان ئەوەیە زۆرترین ژمارەی وڵاتانی ناوچەکە کۆبکەینەوە و بوارێکی هاوبەش بۆ بەرگری بگرینە بەر.

​بیرۆکەکە ئەوەیە وڵاتانی ناوچەکە خۆیان کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن.
کاتێک هێزێکی دەسەڵاتدار لە دەرەوە دێتە ناوچەکە و هەوڵ دەدات کێشەیەک لە ناوچەکەماندا چارەسەر بکات، بێ گوێدانە مەبەستەکەی کە ئایا مەبەستی باشە یان خراپ.

ئەزموونەکان پێمان دەڵێن ئەوان کێشەی زیاتر دروست دەکەن نەک کێشەکان چارەسەر بکەن.
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە وانە لەم ئەزموونانە وەربگرین و ئەنجامی ئەرێنی دەبینن.
​هەندێک لایەن و بەتایبەتی ئیسرائیل و یۆنان و هیندستان هەڵمەتێکیان دژی هاوپەیمانی مەککە دەستپێکردووە.

جارێک ڕێگەی هەڵمەتی ڕاگەیاندنەوە بە گاڵتەکردن بە هاوپەیمانییەکەو وەسفکردنی بەوەی کە هاوپەیمانییەکە لەسەر کاغەز و جارێکیش لە ڕێگەی ئامرازی دیکەوە.
​لە ڕاستیدا ئێمە لە کاریگەری هەنگاوی هاوپەیمانییەکە تێدەگەین لەسەریان و ئاستی نیگەرانی ئەوان دەزانین.

​ئێمە بە هەڵمەتەکانیان پێدەکەنین و لێیان دەبوورین، شایەنی ئەوە نین بە جددی وەریانبگرین.

لە ساڵی 1952وە ئەندامین لە ناتۆ و بە باشی دەزانین چۆن کاروباری هاوپەیمانییەکی ئاوا بەڕێوەدەبرێت.

​هاوپەیمانی ناتۆ لە کاتی دامەزراندنییەوە لە 1952وە رەنگە بڕگەی پێنجەمی لە تەواوی مێژووی خۆیدا تەنها دوو جار چالاک کرابێت.
​لەگەڵ ئەوەشدا هیچ کەسێک نەیوتووە ناتۆ تەنها شتێکە لەسەر کاغەز.

​ئەی چۆن ڕێککەوتنێک کە تەنها سێ مانگ بەسەر ئیمزاکردنیدا تێپەڕیوەو سەرەڕای ئەوەش هەنگاوی خێرا بەم شێوەیە دەگرێتە بەر، دواتر بگوترێت تەنها هاوپەیمانییەکی سەر کاغەزە.

​ئەمە لە ڕاستیدا هەوڵێکە بۆ کۆتاییهێنان بە شتەکە پێش ئەوەی دەست پێبکات.

​ئەمە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی قەبارەی ترسیانە کە لەم هاوپەیمانییەدا دەیبینن.
​ئێمە ئەوە دەبینین و دەزانین چی دەگوزەرێت.

دەبینن چۆن هاوپەیمانی مەککە دەبێتە سەکۆیەک کە رێساکانی یارییەکە لە ناوچەکەدا دەگۆڕێت.

​سەبارەت بە کێشەی حوسییەکان، ئەمە کێشەیەکە دە ساڵەوە هەیە.

لە ساڵی 2015 دەستی پێکرد و لە ساڵی 2022دا گەیشتنە ڕێککەوتنی ئاگربەست.
​ئێستاش هێرشی زۆر مەترسیدار دەبینین بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی سعودیە و سەروەرییەکەی و ژێرخانەکەی.

کاتێکیش تەماشای ڕێککەوتنەکەمان دەکەین، دەبینین بەرپرسیارێتییەکی هاوپەیمانی هەیە لە نێوان وڵاتان بەرامبەر بەیەکتر.

​ئێمە وەک وڵاتێک کە ڕێککەوتنەکەمان واژۆکردووەو پابەندین بە هاوپشتی لەم بابەتەداو بەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەکە دەکەین.

ڕێگە نادەین سعودیە بێتە بەشێک لە ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ڕێگەی حوسییەکانەوە.
​ئێمە وەک ئەندامانی هاوپەیمانی مەککە پەیوەندی و گفتوگۆمان هەیە کە ڕەنگە ڕای گشتیدا نەیانبینن.

​رەنگە سعودیە پێداویستی سەربازیی هەبێت لە هەندێک بواری تەکنیکیدا، کار دەکەین بۆ دابینکردنی ئەم پێداویستییانە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close