
بێزاریی قوتابیان لە گەڕانەوە بۆ پۆلەکانی خوێندن … پێمان دەڵێ : لێرە بەدواوە پێویستمان بە ( مامۆستای زیرەک ) هەیە
پ . د. سەعید عەلی محەمەد ✍️باسک نێت
ئەگەر سەرنج بدەینە بارودۆخی خوێدن و پرۆسەی فێرکردنی ئەمڕۆ بۆمان دەردەکەوێت کە گرفت و قەیرانی سەرەکی لە کەمی زانیاریەکاندا نیە ، چونکە زانیاری و مەعریفە لە ڕێگای هەمواندا کەوتوەو بەردەستەو ئامادەیەو ،، دەست گەیشتن بەو زانیاریانەش لەهەرکاتێکی تر لەڕابردوو ئاسانترە ، کەواتە قەیرانەکە لە کوێدایە ؟ وەڵام : قەیرانەکە لە ( جۆری بیرکردنەوەدایە ) .
لێرەوە ئیتر جیاوازی سەرەکی و جەوهەری لە نێوان مامۆستایەک کەتەنها ئەرکێکی ڕۆتینی ڕۆژانە جێبەجێ دەکات کە بە لێدانی زەنگ کۆتایی دێت ، لە گەڵ مامۆستایەکی زیرەکی نمونەییدا دەردەکەوێت کە ئاسەوارو کاریگەریی بە جێ دەهێڵێت و ڕۆژگارو زەمەن توانای سڕینەوەی نیە … مامۆستای زیرەک و نمونەیی بەوە ناپێورێ پرۆگرامەکانی زۆر لەبەرکردبێ ، بەڵکو ئەوەی جیای دەکاتەوەو دەیکاتە مامۆستای نمونەیی ئەو ( سیستمی بیرکردنەوە ) یەیە کە عەقڵی قوتابیەکانی خۆی پێوە بەڕێوە دەبات ..
ئەو مامۆستایە چۆن بیر دەکاتەوە ؟ چۆن تەماشای ئەرک و پیشەکەی دەکات ؟
یەکەم / ئەوەی سەرقاڵی دەکات ئەوە نیە ( چی فێر دەکات و چ وانەیەک دەڵێتەوە ) ، بەڵکو ئەوەی زیاتر سەرقاڵی دەکات و بایەخی پێ دەدات ئەوەیە : ( قوتابی چۆن بیر دەکاتەوە ؟ چی لەخەیاڵیدایە؟ ) .
مامۆستای ئاسایی و ڕواڵەتی زۆربەی کاتەکانی تەنها بەوەوە دەگوزەرێنێت ( چۆن پرۆگرامەکە تەواو دەکات ؟ چۆن دەماخەکان پڕکات لە لەبەرکردن و خەزنکردن ) ، بەڵام مامۆستای زیرەک دەزانێت گرنگترین شتێک پێشکەشی دەکات بە قوتابیەکانی ماددە زانستی و مەعریفیەکە نیە ، بەڵکو ئایا ئەو ماددە چۆن ببێتە ( ئامرازێک بۆ قوڵ بوونەوە ؟ بۆ ورد بوونەوە و بیرکردنەوە ؟ ).
ئەو بەوەوە سەرقاڵە ڕاهێنان بەعەقڵ بکات چۆن پرسیار بکات ، چۆن پشکنین بکات ، چۆن بەراورد لە نێوان بیرۆکەکاندا بکات … تەنها بەوە ناوەستێت بەرهەمێکی بەردەست و ئامادە پێشکەش بە قوتابی بکات ، بەڵکو قوتابی فێر دەکات چۆن درەختەکە بچێنێت و چاوەڕێی گەورە بوون و پێگەیشتنی بکات .
دووەم / لەگەڵ هەڵەدا وەک ( هەلێک بۆ تێگەیشتن ) مامەڵە دەکات ، نەوەک ( تاوانێک سزای لەسەربدرێ ) .
هۆشیاریی پەروەردەیی دروست فێرمان دەکات کە هەڵە و ( کەوتن ) بێتوانایی نیە ، بەڵکو هەنگاوی یەکەمە بەرەو تێگەیشتن . مامۆستای زیرەک لە پۆلدا ژینگەیەکی ئارام دروست دەکات ، ژینگەیەک کە هەلی ئەوە بۆ قوتابی بڕەخسێنێت کە بتوانێت بێ ترس لەگاڵتە پێکردن پرسیار بکات ، بتوانێت بێ ترس لە دەرکردنی بڕیاری بەپەلە هەنگاو هەڵگرێ ، مامۆستای زیرەک دەزانێت کە لە کەش و هەوای ترس و هەڕەشەدا هەرگیز عەقڵ ناکرێتەوەو شکاندنی شکۆو کەرامەتی قوتابی و فێرخواز نزیکترین و ئاسانترین ڕێگەیە بۆ مراندنی حەزو ئارەزو و ئاواتەکانی..
سێهەم / ئەو دڵنیایە کە ( ڕەفتارەکانی ئەو ) وانە ڕاستەقینەکەیە .
گەورەترین شتێک قوتابی لە قوتابخانەوە دەیباتە دەرەوەو ڕەنگدانەوەی لەسەر دروست دەکات ئەوە نیە کە لەزمانی مامۆستاوە دەیبیستێت ، بەڵکو ئەوەیە کەلە ڕەوشت و هەڵوێست و جوڵەو ڕەفتارەکانیدا دەیبینێت.. مامۆستای زیرەک بە ویژدانە ، خۆ بەکەم زانینی زانستی دەنوێنێ ، ئارام گرە لەبەرانبەر هەڵەو پەڵەو لاساریی قوتابیەکانی ، ئەو دەزانێت چاوی قوتابیەکانی بەراورد لە نێوان کردارو ڕەفتاردا دەکەن ، هەروەها سەرمەشڤی زیندوو و ڕاستەقینە هەزار جار لە وەعزو ئامۆژگاری ڕاستەوخۆ کاریگەرترە.
چوارەم / ئەو وەک ( پرۆژەی داهاتوو ) تەماشای قوتابی دەکات نەوەک تەنها کورسیەک لە نێو پۆل .
مامۆستای زیرەک سەیری ئەو قوتابیانە ناکات لەبەرانبەرینی وەک ئەوەی چەند ژمارەیەکی نێو دەفتەری تۆمارەکەی بن ، بەڵکو تێڕوانینێکی ستراتیژیی فیعلی هەیە بۆیان : ئەوەیان پرۆژەی زانایەکە ، ئەوەیان پرۆژەی سەکردەیەکە ، ئەوی تریان چاکەخوازو بانگخوازی نێو عەشرەت و قەومەکەی … ئەم تێڕوانینە وادەکات ئارام بگرێت و خۆڕاگر بێت لە ئاست ناڕەحەتی و تاڵاویەکان ، یارمەتیدەرێکی باشیش دەبێت بۆ ئەوەی تواناو بەهرەو هێزی شاراوەی هەموو قوتابیەک ئاشکرابکات و ، بێ هیچ ستەم و توندو تیژیەک لە بێژەنگی بدات .
لەکۆتاییدا دەڵێم :
ئەرکی مامۆستای زیرەک ئەوە نیە ئاو کاتە نێو قاپەوە ، بەڵکو دەبێ چرا داگیرسێنێ ..بۆئەوەی قوتابی بەو ڕووناکیە تایبەتیەی ئەو ژیان بەڕێ بکات .




