![](https://www.basknet.net/wp-content/uploads/2024/12/inbound3392032639761060652.jpg)
هەڵاتنی ( خێزانەكەی ئەسەد و سەركردەكانی سوپاكەی ) ئەم ڕاستییەی بیرخستمەوە
پ . د. سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت
ڕۆژنامەی (wall street journal) كە ڕۆژنامەیەكی ڕۆژانەیەو لە نیۆیۆرك دەردەچێ ، هەروەها ڕۆژنامەی (washinton post ) و ڕۆژنامەی (bild ) ی ئەڵمانی بڵاویان كردەوە : لە ئەنجامی هەرەسهێنان و شكستی سوپا و هێزەكانی بەشار ئەسەد و، كەوتنی یەك لەدوای یەكی شارو ناوچە گرنگ و ستراتیژییەكانی سوریا بە دەست هێزە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنەوە ، خێزانەكەی ئەسەدی سەرۆكی ئەو وڵاتە و گەورە بەرپرسە عەسكەریی و جەنڕاڵ و سەركردەكانی سوپا بەرەو دەرەوەی وڵات ڕایانكردووە ، هەندێك لە سەرچاوە نافەرمییەكانیش زانیاری ئەوەیان بڵاوكردەوە هاوسەر و منداڵەكانی ئەسەد بەرەو ڕووسیا و، زاواكانیشی بەرەو ئیمارات سوریایان جێهێشتووە!
ئەڵبەتە هەڵاتن و ڕاكردنی بەشار ئەسەد و ئەندامانی خێزانەكەی و نزیكەكانی حاڵەتێكی نامۆ و سەیر نیە ، چونكە ئێمە پێشتریش بینیومانە و مێژووی دوورو نزیكیش شایەتی ئەو ڕاستییەمان بۆ دەدات كە كاتێك دیكتاتۆر و ستەمكارەكان ڕۆژیان ئاوا دەبێ و كۆتایی بە دەسەڵاتەكەیان دێت ، لەو چركە ساتانەشدا تاكە شتێك بیری لێدەكەنەوە و خەمی لێدەخۆن – هاوشێوەی سەردەمی دەسەڵاتەكەیان – تەنها و تەنها ڕزگاركردنی خۆیان و خێزان و نزیكەكانیانە و هیچی تر!
هەموومان لەبیرمانە چۆن (محمد ڕەزا شا / ١٩٧٩) لە ئێران و ، (جەعفەر نومەیری / ١٩٨٥) لە سوودان و، (زین العابدین بن عەلی / ٢٠١١) لە تونس و، (مۆبۆتۆ سیسی سیكۆ / ١٩٩٧) لە کۆنگۆ و، ( ئەشرەف غەنی / ٢٠٢١ ) سەرۆکە کارتۆنیەکەی ئەفغانستان ، دوای دەیان ساڵ لە دیكتاتۆرییەت و خۆسەپاندن و ستەم و چەوساندنەوەی میللەتەكانیان ، لە لەحزەی كۆتایی هاتنی دەسەڵاتەكانیاندا خۆیان و خێزانەكانیان بە فڕۆكەی تایبەت وڵاتەكانیان جێهێشت و بۆ هەتا هەتایە بەر نەفرەتی خواو میللەت و مێژوو كەوتن!
بێگومان ئەوەی زیاتر سەرنجی من ڕادەكێشێ لە هەڵاتنی ئەم سەرۆكانە لە ڕابردوودا و، ئەگەری هەڵاتنی بەشار ئەسەدی سەرۆكی ئێستای ڕژێمەكەی سوریاش لەم ڕۆژانەدا ، ئەم ڕاستییەی خوارەوەیە :
سەربازانی ئەم دیكتاتۆر و ستەمكارانە ( واتە : عەسكەرییەكانیان ، دەزگا ئەمنییەكانیان ، پۆلیسەکانیان ، میدیاكارەكانیان ، ڕۆژنامەنووسەكانیان ، شەیخ و مەشایخ و پیاوە ئاینییەكانیان ، ڕوناكبیرو قەڵەم بەدەستەكانیان ) ، ئەمانە هەرهەموویان هەوڵ و كۆشش و ماندووبونێكی زۆر دەخەنەگەڕ بۆ خزمەتكردنی ئەم ستەمكارانە ، ئاخیرەتی خۆیان بۆ دنیای ئەم دیكتاتۆرانە دەفرۆشن ، لەبەر خاتری ئافەرین و دوو فلسی ئەوان ، خواو پێغەمبەر و دنیاو داروبەرد توڕە و دەڕەنجێنن! ڕۆژان و مانگان و ساڵان – بێ ئاگا مل دەنێن و شەو و ڕۆژ دەخەنە سەریەك بۆ جوانكردن و میكیاج كردن و ڕازاندنەوە و سپی كردنەوەی ڕووی ئەم خەلیفە و پادشا و سەرۆك و سەركردە و دەسەڵاتە بێزراوانە! لە پەیج و تیڤی و كەناڵەكانیانەوە سەدان و هەزاران وتارو شیعرو قەسیدەیان بۆ دەنووسن و ، وەسف و سەناو مەدحی خەیاڵی و خۆرافیان دەكەن و، دنیا و ئاسمان و زەوی لەدەستكەوت و داهێنان و موعجیزەكانیان پڕ دەكەن…. خەڵك دەكوژن ، دەبڕن ، خەڵكی هەژارو بێ دەسەڵات فەلاقە و زیندان دەكەن! لەو لایشەوە شێخ و مەشایخ و موفتیەكانیان فەتوایان بۆ ئامادە دەکەن و، دینیان بۆ هەڵدەگەڕێننەوەو ، ناشەرعیەکانیان سەد لە سەد بۆ دەشەرعێنن!
زۆر بەداخەوە !! ئەمانە كاتێك بەهۆش دێنەوە دەسەڵات ئەجەل و كۆتایی هاتووە ، کاتێک بە ئاگادێنەوە ڕەمزەكە و سەرۆكەكە دەكەوێتە پەلە قاژە و هەندێ جار فریای ڕاكردن و خۆ ڕزگاركردنیش ناكەوێ و، بەر لەعنەت و غەزەبی خوا و میللەت و ستەم لێكراوان دەكەوێت و، سەربازەكانیشی جگە لە سەیركردن و دۆڕان و ماڵكاولی هیچی تریان بۆ نامێنێتەوە!
یاسای خوایە و یاسا و ڕێسا و قەدەری ئەم ژیانەیە ، لەم دنیایەدا ڕووداوەكان و بارودۆخە جیاوازەكان هیچیان (جێگیر) و بەردەوام نین و، هەموویان لەسەر بنەمای (گۆڕان) وەستاون!
بەدرێژایی مێژوو دەبیستین و دەبینین سەركردەكان ، ڕەمزە گەورەكان ، خەلیفەكان و پادشاكان و سەرۆكە دیكتاتۆرەكان ، ڕادەكەن ، دەسەڵات لەدەست دەدەن ، یان لەسێدارە دەدرێن، یان هەڵدێن و وڵات بەجێدەهێڵن !! تاكە زەرەرمەندیش سەربازو شوێنكەوتە و ئەتباع و دەروێشەكانیانن كە بەجێ دەمێنن و هەتیو دەكەون و، ڕووبەڕووی چارەنووسی ڕەشی خۆیان دەبنەوە!
پرسیارەکە ئەمەیە :
ئایا ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێن و دیكتاتۆرانە ، ئەم پیاوە گەورانە ، ئەم سەرۆك و ڕەمزو ناونیشانە زل زلانە ، بۆ لەكاتی پەلە قاژە كردن و لەحزە كۆتایی و سەختەكاندا كەسیان لەبیرنامێنێ و، بەس تەنها خەمی خۆیان و خانەوادەكانیان دەخۆن ؟!
وەڵامێكی زۆر ئاسان و سادە :
چونكە ئەمانە هەر لەسەرەتاو بنەڕەتەوە – دوور لەڕووی خوێنەر – وەك سەگ تەماشای ئەتباع و سەربازەكانیان کردووەو دەیکەن ! كت و مت وەك سەیركردنی ڕاوكەر بۆ سەگە هاوڕێكەی خۆی ! مەعلومە ئەگەر ئەم ڕاوكەرە وەحشێكی دڕندە و بەتوانا دای بەسەریدا و پەلاماریدا ، ئەوەی تەنها بەلایەوە گرنگە : ڕزگاربوونی خۆیەتی لەدەست ئەم وەحشە دڕندەیە و هیچی تر! سەگە بەسەزمانەكەش چی بەسەر دێ بابێ کێشە نیە ، دەبێ خۆی خەمی خۆی بخوات و فریای خۆی بكەوێ ، دەكرێ سەگێكی تر فریای كەوێ!
لە كۆتاییدا : قورئان دەفەرموێ : (وَتَبَيَّنَ لَكُمْ كَيْفَ فَعَلْنَا بِهِمْ وَضَرَبْنَا لَكُمُ الْأَمْثَالَ) بۆتان ڕوون بووەوە ، بۆتان ئاشكرا بوو، بۆتان دەركەوت ، چیمان لێكردن ، چیمان بەسەردا هێنان…ئەمە نمونەیە بۆ ئێوە ، دە ئێوەش پەند و ئامۆژگاریی و وانەی لێوەرگرن!