
ئۆپۆزسیۆنى سوریا دواى گرتنى دیمەشق یەكەم پەیامی بڵاوکردەوە
باسک نێت
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا، بە فڕۆکە دیمەشقی پایتەختی سووریای جێهێشت و بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتووە، ئەمەش لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئۆپۆزسیۆنى دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) لە کۆنترۆڵکردنی ناوەندی شاری دیمەشق.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە ژمارەیەک ئەفسەری باڵای سوپای سووریا پێیانڕاگەیاندووە ئەسەد بە فڕۆکە دیمەشقی جێهێشتووە، هیچ هێزێکی سوپاش لە دیمەشقی پایتەختدا بڵاوەی پێنەکراوە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە؛ دەستەی تەحریر شام لە ناوەندی شارى دیمەشقن، ئەمە جگە لە کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی چەکدارانیش لە شاری دیمەشق، خەڵکی شارەکە رژانە سەر شەقامەکانی و دەستیان بە ئاهەنگگێڕان و وتنەوەی درووشمی “ئازادی، ئازادی” کردووە.
هەتەشە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا کۆنترۆڵکردنی گرتووخانەی سێدنایای راگەیاند، کە یەکێکە لە گەورەترین گرتووخانەکانی سووریا و کەوتووەتە دەروازەی دیمەشق، لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی گرتووخانەکەش، سەرجەم زیندانییەکانیان ئازاد کرد و رایگەیاند “ئێمەش لەگەڵ گەلی سووریا ئاهەنگ دەگێڕین.”
چەکدارانی تەحریر شام هەروەها کۆنترۆڵکردنی باڵەخانەی راگەیاندنی فەرمی حکومەتی سووریایان راگەیاند، رۆیتەرز دەڵێ پاش کەمێکی دیکە هەر لە کەناڵی فەرمیی سووریاوە یەکەم پەیام بۆ گەلی سووریا بڵاودەکەنەوە.
لەدوای گەیشتنی تەحریر شام بۆ نێو شاری دیمەشق، ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام داوای لە سەرجەم چەکدارانی کرد، باڵەخانە حکومی و دامودەزگە گشتییەکان بپارێزن، داواشی لە سوپای سوریا کرد بەهیچ شێوەیەک نزیک باڵەخانە حکومیەکان نەبن.
جۆلانی ئاماژەی بەوەش کرد؛ تاوەکو قۆناخی دەستاودەستکردنی دەسەڵات، محەممەد غازی جەلالی، سەرۆکوەزیرانی سوریا، هەر لەسەر کارەکەی دەمێنێتەوە و کارەکان رایی دەکات.