نوێنەری هەرێم لە بەغدا رایگەیاند، سبەینێ شاندی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات و پرسەکانی نەوت و بودجە تاوتوێ دەکەن.
فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا بە ماڵپەری فەرمی پارتی رایگەیاندوە، سبەینێ شاندی باڵای حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کە ھەمان شاندی رابردووە، سەردانی بەغدا دەکات.
باسی لەوەشکردووە، لە سەردانەکەدا پرسەکانی، بودجەی ھەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجە، هەروەها دۆسیەی نەوت، لەنێوان شاندی هەرێم و عێراق تاوتوێ دەکرێن.
فارس عیسا ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ھەر کاتێک رێککەوتنی سیاسی لەسەر بودجە و نەوت کرا، دواتر ئەو رێککەوتنە لە پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگیر دەکرێت.
لە چەند مانگی ڕابردوودا، چەند جارێک شاندی هەرێم سەردانی بەغدای کردووە، بەڵام لەسەر پرسی نەوت و موچە نەگەیشتوون بە ڕێککەوتن، پێشتریش بڕیاربوو شاندەکە ڕۆژی یەکشممەی ڕابردوو بچێتە بەغدا بەڵام دواتر سەردانەکە دواخرا و بەرپرسانی هەرێمیش باسیان لەوەکردبوو کە هۆکارەکەی تەکنیکی بووە.