نوسەران

دەزانن بۆ خەڵکی( حەماە ) ئەمڕۆ زۆر دڵخۆش بوون ؟

دەزانن بۆ خەڵکی( حەماە ) ئەمڕۆ زۆر دڵخۆش بوون ؟

✍️‌پ. د. سەعید عەلی محەمەد✍️باسک نێت

یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکان کە مێژوو تۆماری کردووە ئەمەیە کە ئێستا من بەوردی باسی دەکەم و دەیگێڕمەوە:

(( دەستدرێژی کردنە سەر ئافرەتان لە مزگەوتەکاندا ))

بەڵێ …ئەوەش قەسابخانەکەی شاری( حەماە ) بوو لە ساڵی ١٩٨٢…

ئەو قەسابخانەیەی کە ڕژێمی ئەسەد دژی منداڵ و پیرو پەککەوتەوئافرەت و منداڵی ساواو تەنانەت ئەو کۆرپەلانەش کە هێشتا لە سکی دایکیاندا بوون و نەهاتبوونە دنیاوە ئەنجامی دا….هەروەها بڕینی دەستی ئافرەتان و ، کوشتنی پیاوان بە شێوەی کۆمەڵ کۆمەڵ !!!!

قەسابخانەیەک کە هەرگیز لەبیر ناچێتەوە … دەزانن بۆ ؟؟

توڕە بوونی ڕژێم لە ئەنجامی شۆڕش و ڕاپەڕینی خەڵک و دانیشتوانی ( حەماە) !!

ئینجا قەسابخانەکە دەستی پێکرد….هێزەکانی ئەوکاتی ڕژێمی دەسەڵاتداری ئەسەد گەورەترین قەسابخانەیان ئەنجامدا…. ٢٧ ڕۆژی تەواو درێژەی کێشا !! دەیان تۆپخانە و تانک و زرێپۆش تێیدا بەکار هێنران ….ماڵەکان و مزگەوتەکان و نەخۆشخانەکان و دارو بەرد کرانە ئامانج !!

لەو کاتەدا هەموو شاری ( حەماە ) لە دانیشتوانەکانی داخرا….تانک و زرێپۆش و تۆپخانە گەمارۆی شارەکەیان دا …هەزارەها سەرباز لەدەوروبەرو دەروازەی شارەکەدا کۆکرانەوەو ئامادە کران…

سوپاکەی ئەسەد دەستی بەبۆردومانی چڕی تۆپخانە کرد بۆ سەر خانووبەرەی هاوڵاتیان و دانیشتوانی بێ تاوانی شاری ( حەماە ) ..

لەگەڵ دەستدرێژیکردنە سەر سەدان ئافرەت و ژن و ، کوشتنی مندڵان و ، پیرو پەککەوتەکان و پیاوانی بەساڵا چوو ، لەڕێی سەربڕینیان بە چەقۆو ، بەستنەوەیان بە زنجیرو ، لێدانیان بەکوتەکی ئاسنین و ، تۆپباران کردنیان و ، سووتاندنی ڕیشی پیاوەکان و بەساڵا چووەکان !!

لەو ڕۆژانەدا بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بە کەناڵەکان و میدیاکان نەدرا ڕووماڵی ئەو کارەسات و قەسابخانەو کۆمەڵکوژیە بکەن ، بۆ ئەوەی جیهانی دەرەوەو ڕای گشتی وڵاتان ئاگاداری ڕادەی وەحشییەتی تاوانەکە نەبن !!

—–ژنانیان دەکوشتن و فڕێیان دەدانە سەر ڕێگاکان .

—–چاوەکانیان دەردەهێنان..

—–دەستی ژنەکانیان بە زیندوویی دەبڕیەوە ،

—–سکی ژنە سکپڕەکانیان هەڵدەدڕی و کۆرپەلەکانی ناویان دەکووشتن.

—– زۆرێک لە کیژۆڵەکانیان دەفڕاندو دەستدرێژی سێکسیان دەکردە سەریان.

—–زۆرێک لە ژنەکانیان لە ماڵەکانداو بەبەرچاو پیاوەکانیانەوە دەستدرێژیان دەکردە سەریان.

—–دواتر ئافرەتەکانیان دەبردنە مزگەوتەکان و ، بڵندگۆی مزگەوتەکانیان دەکردەوە بۆ ئەوەی خەڵکی شار و دەورو بەرو دانیشتوان گوێیان لە دەنگ و قیژەو هات و هاواری ئافرەتەکان بێت کاتێک دەستدرێژی دەکرێتە سەریان.

—-دوای ئەوەی دەستدرێژیان دەکردە سەریان لاشەی ئافرەتەکانیان بە ڕووتی فڕێ دەدانە نێو چاڵی قوڵ و گەورەوە !!!

—–سەربازەکانی ئەسەد دەچوونە نێو پەناگاکانەوەو کیژۆڵەکانیان دەردەهێنان و ، دەستدرێژی سێکسیان دەکردە سەریان و ،دواتریش خێزان و کەس و کارەکانیان هیچ شتێکیان لەبارەی چارەنووسیانەوە نەدەزانی .

( ٢٧ ) ڕۆژی ڕەش شاری ( حەماە ) تێیدا ژیا….

تاڵترینیان ئەو ڕۆژە بوو کە ( ڕەفعەت ئەسەد ) بەنێو کۆڵانەکانی شاردا دەسوڕایەوە ، دوای ئەوەی کە گەمارۆو قەدەغەی هاتووچۆی کۆتایی پێ هێناو ڕێگەی دا خەڵک لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە…لەو ڕۆژەدا خەڵک چوونە دەرەوە بۆ بەجێگەیاندنی نوێژی بەکۆمەڵی هەینی …لەو کاتەدا ( ڕەفعەت ئەسەد ) ئەو ڕستەیەی وت کە تا ئێستاش دانیشتوانی شاری ( حەماە ) لە بیریان ناچێتەوە:

( تا ئێشتاش شاری حەماە پیاوی تێدا ماوە ؟؟!! ) ، فەرمانی کرد بەهێزەکانی زۆرترین پیاو کۆبکەنەوە و بیانبەن بۆ گۆڕستانی ( خەزرا )…ئینجا دەستبەجێ لە نێۆ گۆڕەپانەکەدا هەرهەموویان گوللە باران کران کە ژمارەیان ٥٠٠٠ پیاو بوو.

هەندێک لە منداڵان ڕایان کرد و ، خۆیان بەدارەکانەوە هەڵواسی هەتاوەکو چەکدارەکانی ڕژێم نەیانبینن .. بەڵام بەداخەوە .. کاتێک هێزەکان منداڵەکانیان بینین بەدارەکانەوە هیچ بەزەییەکیان بە منداڵێتیاندا نەهاتەوە … بۆیە هەرهەموویان گوللە باران کردن و ، لاشەکانیشیان بەدارەکانەوە هەڵواسین..

بریندارەکان

بریندارەکانیش ڕزگاریان نەبوو لە سەربازەکانی ئەسەد ..ئەوەبوو هەندێک لە سریەکانی بەرگریی لە نێو نەخۆشخانەی گەورەی شاردا خۆیان مەڵاس دا و ، ئەرکیان تەنها ئەوەبوو هەر بریندارێک بهێنرێتە نێو نەخۆشخانە دەستبەجێ بکوژرێ ..

خەڵکی شاری ( حەماە ) هیچ دەسەڵاتێکیان نەبوو ، هەرهەموویان لەماڵەکانی خۆیانەوە چاوەڕێی مردن و کوشتنی خۆیانیان دەکرد !!

ڕژێمەکەی ئەسەد چەندین کۆمەڵکوژیی و قەسەبخانەی گەورەی ئەنجامدا کەبە هیزرو هۆش و خەیاڵی کەسدا نەهاتووە :

—–زیاتر لە ٦٠ مزگەوت ڕوخێنران.

—– نزیکەی لە ٠/٧٥ ی شارەکە وێران و خاپور کرا.

—–١٥ هەزار کەس بێ سەرو شوێن کران.

—– تەنها لەماوەی ٢٧ ڕۆژدا ٤٠ هەزار کەس کوژران.

ئەمەیە چیرۆکە تاڵەکەی شاری ( حەماە ) کەمێژوو بەم شێوە من گێڕامەوە تۆماری کردووە …بۆیە دانیشتوانەکانی ئەمڕۆ باوەشیان بۆ چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن کردەوەو خۆشحاڵ بوون بە چوونە نێو شارەکەیان و ، دەرپەڕاندنی سوپاو هێزەکانی بەشار ئەسەد

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close