
“نرخی دۆلار جێگیرەو هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت”
باسک نێت
عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق لە وتارێكدا لە مەراسیمی راگەیاندنی پرۆژەی (ئی پسوڵە) لە هەولێر:
یەکێک لە پایە ستراتیژییە گرنگەکانی پرۆسەی چاکسازی ئابوری و دارایی بریتییە لە پەرەپێدانی سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی و رۆیشتن بەرەو ئابورییەکی دیجیتاڵی، کە خزمەت بە عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی دەکات.
پشتبەستنی زۆر بە پارەی کاش چیتر لەگەڵ پێداویستییەکانی ئابورییەکی مۆدێرن ناگونجێت.
بنیاتنانی سیستەمێکی دارایی پێشكەوتوو پێویستی بە سیستەمی ئەلیکترۆنی پارێزراو و خێرا و شەفاف هەیە کە بەشدارە لە بەهێزکردنی متمانە بە کەرتی بانکی و پشتگیریکردن لە سەقامگیری دارایی.
ئەم ساڵانەی دوایی شایەتی پێشکەوتنی بەرجەستە بووە لە ژێرخانی پارەدانی ئەلیکترۆنی لەڕێگەی فراوانکردنی بەکارهێنانی کارتی بانکی و جزدانی ئەلیکترۆنی، هەروەها زیادبوونی ژمارەی خاڵەکانی فرۆشتن لە دامەزراوە حکومییەکان و بازاڕە بازرگانییەکان، ئەمە جگە لە خستنەبازاڕی سیستەمی گواستنەوەی پارەی ئەلیکترۆنی کە بەدرێژایی کاتژمێر کاردەکات.
پەرەپێدانی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە عێراق بەبێ هەماهەنگی و یەکگرتن لەگەڵ هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان تەواو نابێت، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم کاردەکەین بۆ یەکخستنی سیستەم و ستانداردە تەکنیکییەکان و فراوانکردنی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانی حکومەت و بانکەكان.
نرخی دۆلار جێگیرەو هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت… بانکی ناوەندی نیگەرانی هیچ کێشەیەک نییە لە یەدەگی زێڕ و دراوی بیانی و بەردەوامە لە پێدانی دۆلار.




