نوسەران

“ئیشی بەپەلە، خاوەنی شەلە”بڵاوبوونەوەی بابەتی بێناوەڕۆک لە سۆشیال میدیا

ڕەوەند ئەحمەد ✍️باسک نێت

“ئیشی بەپەلە، خاوەنی شەلە”بڵاوبوونەوەی بابەتی بێناوەڕۆک لە سۆشیال میدیا(لە سەردەمی ئێستادا، سۆشیال میدیا بە شێوەیەکی بەرچاو بەشێکی زۆری لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان گرتووەتەوە. لە ڕووی هەواڵ و زانیاری و پەیوەندیەکانەوە،واتە سۆشیال میدیا بووەتە بەشێکی گرنگ لە ژیانی رۆژانەی زۆربەی خەڵک، ئەم پالتفۆرمانە زۆرترین خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن بۆ بەشداربووانیان. بەڵام لەگەڵ ئەو سوودانەی کە هەیەتی، بڵاوبوونەوەی زانیاری بێناوەڕۆک لە سۆشیال میدیا بە شێوەیەکی زۆر و بەالیەنی خراپدا ڕووی لە زیاد بوونە. ئەم بابەتە دەربارەی ئەوەیە کە چۆن بڵاوبوونەوەی بابەتی بێناوەڕۆک لە سۆشیال میدیاکاریگەری دەکاتە سەر بەکارهێنەران و کۆمەڵگا، و چۆن دەتوانین بە شێوەیەکی باشتر بابەتی بێناوەڕۆک و زانیاری هەڵە بناسینەوە و ئاگادار ببینەوە لە زیانەکانی بۆ کۆمەڵگە و ڕێ لە باڵوبوونەوەی بگرین.

ئەو هۆکارانەی بوونەتە هۆی دروستبوونی ئەم دیاردەیە دەکرێت بیگەڕێنینەوە بۆ، ئاسانی لە بڵاوکردنەوە: واتەهەرکەسێک دەتوانێت بە ئاسانی هەر شتێک بڵاو بکاتەوە بەبێ هیچ سانسۆرێک، خێرایی لە بڵاوکردنەوە: دەتوانین بڵێین خەڵک بە پەلە شت بڵاو دەکەنەوە بەبێ بیرکردنەوە و پێداچونەوە و دڵنیابوونەوە لە سەرچاوە و راستی و درووستی، هەوڵدان بۆ سەرنج ڕاکێشان: واتە هەندێک کەس تەنها بۆ زیادکردنی لایک و کۆمێنت شتی بێمانا)بێناوەڕۆک( بڵاو دەکەنەوە بەبێ بیرکردنەوە لە دەرئەنجامەکانی، نەبوونی لێپرسینەوە: دەتوانین بڵێن زۆربەی جار هیچ لێپرسینەوەیەکی یاسای نییە بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتی نادروست و زیان بەخش. دواتر گەر ڕوبەڕوی یاسا بوونەوە دەڵێن نەمانزانی، یاخود هەر ڕووبەڕووی نابنەوە. ئەگەر باس لەکاریگەریە نەرێنیەکانیشی بکەین ئەوا بەتەواوی بۆمان ڕووندەبێتەوە چەند زیانبەخشە بە کۆمەڵگە،وەک بەفیڕۆدانی کات و وزەی خەڵک لەشتی بێمانا،بڵاوبوونەوەی بابەتی بێ ناوەڕۆک بەشێکی زۆری سۆشیال میدیاکانی داگیرکردووە. بڵاوبوونەوەی زانیاری هەڵە و ناڕاست،دووبارە بڵاو بونەوەی زانیاری هەڵە خۆی یەکێکە لە کاریگەریە نەرێنیەکان چونکە دەبێتە هۆی چەواشەکردنی وەرگر و بەلاڕێدابردنی راستیەکان. دابەزینی ئاستی مەعریفی و دیالۆگی کۆمەڵایەتی لەنێو چەند چینێکی کۆمەڵگە، وەک ئەوەی ئێستا لەنێو زۆرێک لە گەنجان و بەکارهێنەرانی پالتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیادا دەیبینین. کەمبوونەوەی متمانە بە سۆشیال میدیا،بەهۆی ئەو ڕێژە زۆرەی بڵاوبونەوەی هەواڵی هەڵەو ناڕاست خەڵک متمانەی بە سۆشیال میدیا کەمبۆتەوە،یاخود نەماوە.

تێکدانیبەرژەوەندی کۆمەڵایەتی، بڵابوونەوەی زانیاری هەڵە وا لەتاکەکان دەکات گوێنەدەنە بەرژەوەندیە باڵاکانی کۆمەڵگە و بەرژەوەندیە کەسی و تایبەتەکانیان بهێننەپێشەوە. شێواندنی زانیاریە ڕاستەکان و دروست کردنی ئاستەنگ بۆ بڵاوبوونەوەیان،بەدڵنیاییەوە هەمووزانیاریەکی هەڵە ڕاستییەک دەشێوێنێت و ڕێ لە ئاسان بڵاوبونەوەی ڕاستییەکاندەگرێت.
دەتوانین بەهەموولایەکمانەوە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشە زەق و گەورەیەی سۆشیال میدیا بدەین، بەوەی تاکەکان پەروەردەبکەین لەسەر بەکار هێنانی تەندروست و بەرپرسیارانەی سۆشیال میدیا. پاشان هاندانی خەڵک بۆ بیرکردنەوە بەر لەبڵاوکردنەوەی هەربابەتێک لە سۆشیال میدیادا.

بەکارهێنەرانی دەتوانن بگەڕێن بەدوای سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی هەواڵ و زانیاریەکاندا بۆ دڵنیابوونەوە لە هەر بابەت و زانیارییەک. دواتر دانانی سزا بۆ ئەو کەس و لایەنانەی بە ئەنقەست زانیاری هەڵە و ناڕاست بڵاو دەکەنەوە، لەزانستی میدیادا چەندین تیۆریمان هەیە بۆ بەڕێوەبردن و دیاری کردنی سیاسەت و ئەجێندای کاری میدیای بەکاردەهێنرێن. وەک، ئەجێندا سازی )Theory Setting Agenda)، سۆشیال میدیا توانای هەیە بابەتی بێناوەڕۆک بکاتە ئەجێندای گشتی. بابەتێکی بێبەها دەتوانێت بە خێرایی ببێتە باسی سەرەکی کۆمەڵگا، لەبری بابەتە گرنگەکان. نموونەیەکی زۆر باش کە تەواو دەگونجێت لەگەڵ تیۆری ئەجێنداسازی:کەیسی “هەڵبەستنی بوختانی تاوان دژی کەسایەتیەکی ناسراو”: یەکێک لە کەسایەتیە گشتیەکان بە ناهەق بەتاوانبارکرا، میدیا بەردەوام و بەبێ بەڵگە باسی دەکرد، سەرجەم میدیاکانی بڵاویانکردەوە دووبارەیان دەکردەوەبابەتە گرنگەکانی تری کۆمەڵگایان دەخستە پەراوێز و وایان لەکۆمەڵگا کردبوو زیاتر قسە لە ئەم بابەتە بکات و کردبوویانە ئەجێندای گشتی.

یەکێکی دیکە لەو تیۆریانەی میدیا کە بەکاردەهێنرێت بۆ دروستکردنی کاریگەری لەم بابەتانەدا، تیۆری دانانی چوارچێوە )Theory Framing)یە، بابەتە بێناوەڕۆکەکان زۆرجار بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش و ورد لەقاڵبدەدرێن،کە کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر تێگەیشتن و هەڵسەنگاندن و ئاڕاستەکردنی وەرگر دروست دەکات. بۆنموونە: باسکردنی قەیرانی دارایی لە هەرێم لە لایەن میدیاکانی دەسەڵات و میدیاکانی ئۆپۆزیسیۆن، هەندێک میدیای ئۆپۆزیسیۆن بە شێوەیەکی زۆر ڕەشبینانە باسی لێوەدەکەن کە گوایە هەموو شتێک لە داڕمان دایە، بەڵام میدیاکان سەر بە دەسەڵات بە شێوەیەکی گەشبینانە باسی دەکەن. واتە میدیا لە هەربابەتێک ئەوبەشەی کەمەبەستێتی دەیخاتەڕوو بۆوەرگر و پەردەدەدات بەسەربەشێکی دیکەیدا.

لەزانستی میدیادا تیۆرییەکی دیکەمان هەیە پێیدەگونرێت )Theory Gatekeeping)تیۆری دەرگاوان، بەڵام گرنگە لەپێشناساندنی ئەم تیۆریە و چۆنیەتی کارکردنی ئاماژە بەوەبدەم کە،تیۆری دەرگاوان جیاواز لە ئەو دووجۆرەی باسمانکرد تیۆری )ئەجێنداسازی – دانانی چوارچێوە(، کاردەکات بۆ دەستەبژێرکردن و بڕیاردان لەئەو بابەتانەی کە لە میدیاوە بڵاودەبنەوە. دەتوانین یڵێین یەکێک لە ئەو هۆیانەی کە بێسەروبەرییەک لە نێو سۆشیال میدیادا دروستبووە، بەکارنەهێنانی ئەمتیۆرییەیە.

تیۆری دەرگاوان بە سادەترین شێوە مانای ئەوەیە کە هەر هەواڵ و زانیارییەک پێش ئەوەی بگاتە خەڵک، بە چەندین قۆناغ و فلتەردا تێدەپەڕێت، وەک چۆن خانوویەک چەند دەرگایەکی هەیە و خاوەن ماڵ بڕیار دەدات کێبێتە ژوورەوە و کێ نەیەت، بە هەمان شێوە لە میدیاشدا کەسانێک هەن کە پێیان دەوترێت دەرگاوان و بڕیاردەدەن کام هەواڵ بڵاو بکرێتەوە و کامیان بڵاو نەکرێتەوە.

ئەرکە سەرەکییەکانی ئەم تیۆرە:)فلتەرکردنی هەواڵەکان – ڕێکخستنی کات – کۆنترۆڵکردنی جۆری زانیارییەکان – پاراستنی بەرژەوەندی گشتی( بۆ نموونە: کاتێک ڕووداوێک ڕوودەدات، سەرنووسەر یان بەڕێوەبەری هەواڵ )کە دەرگاوانن( بڕیار دەدەن: ئایا ئەم هەواڵە بڵاو بکرێتەوە یان نا؟ لە چ کاتێکدا بڵاو بکرێتەوە؟ چۆن بڵاو بکرێتەوە؟ چەند گرنگی پێ بدرێت؟ئەمەش وا دەکات کە خەڵک تەنها ئەو هەواڵانە ببینن کە دەرگاوانەکان بڕیاریان لەسەر داوە، هەر بۆیە ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە دیاریکردنی ئەوەی خەڵک چی دەبینن و چی نابینن لە میدیاکاندا.

بە کورتی، پێویستە هەموو هەواڵێک بەرپرسیارێتی هەبێت بۆ بەرپەچدانەوەی ئەم دیاردەیە و گەڕاندنەوەی کوالێتی و بەها بۆ ناوەڕۆکی سۆشیال میدیا، بڵاوبوونەوەی زانیاری بێناوەڕۆک لە سۆشیال میدیا کێشەیەکی زۆر گەورەیە کەپێویستە هەموومان بە شێوەیەکی جیدی کاری لەسەربکەین و ڕاستیکەینەوە. بە پشکنینی زانیاریەکان و گەڕانەوە بۆ سەرچاوەی سەرەکی، دەتوانین بڵاوبوونەوەی زانیاری بێناوەڕۆک و کاریگەریە خراپەکان کەم بکەینەوە

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close